زوومی کلتووری
هەرچەندە لە چەندین بۆنەی جیاوازدا، هوانگ دۆنگ هیوک، نووسەر و دەرهێنەری زنجیرەی بەناوبانگی کۆری ‘سکوید گەیم’ رایگەیاندووە بە وەرزی سێیەم کۆتایی بە زنجیرە بەناوبانگەکەی دەهێنێت و هەموو تەرکیزی لەسەر ئەوەیە بچێتە دوورگەیەک ئیتر نێتفلیکس نەتوانێت پەیوەندی پێوەبکات.
بەڵام وادیارە نێتفلیکس دەستبەرداری نابێت و دەیەوێت بەردەوامی بەم زنجیرە پڕ بینەرە بدات.
هوانگ دۆنگ هیوک’ـی دروستکەری زنجیرەکە، بە ماڵپەڕی ‘ئێندی ڤایر’ـی گووتووە، ئەگەر بڕیاربێت سپین ئۆفێک بۆ ئەم زنجیرەیە دروستبکرێت، ئەوا رووداوەکانی لەنێوان وەرزی یەکەم و دووەمدا دەبێت، چونکە نێوانی ئەم دوو وەرزە ماوەکەی سێ ساڵە و دەیەوێت، پیشانی بدات لەو ماوەیەدا کە کارەکتەرەکان چییان کردووە و چۆن ژیاون.
وەرزی دووەمی زنجیرەی ‘سکوید گەیم’ لە ٢٦ـی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو بڵاوکرایەوە و لە هەفتەی یەکەمیدا ٦٨ ملیۆن بینەری هەبوو لە هەمانکاتدا لە ٩٢ وڵاتیشدا لە ماوەی ئەو هەفتەیەدا لە ریبەندی یەکەمی نێتفلیکسدا بوو.
بڕیارە وەرزی سێیەم و کۆتایی ئەم زنجیرە لە ٢٧ـی ئەم مانگە بڵاوبکرێتەوە.