زووم…
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
ئەمڕۆ زیاتر لە دوو ملیۆن حاجی دەچنە سەر کێوی عەرەفە
وەزیری تەندروستیی سعودیە رایگەیاند، هەموو ئامادەکارییەکانیان بۆ پێشوازیی لە زیاتر لە دوو ملیۆن حاجی لەسەر کێوی عەرەفە تەواوکردووە.
فەهد جەلال داوایکرد هەر حاجییەک بەشى پێداویستى ئاو لەگەڵ خۆی ببات ئەگەر بەڕۆژوو نابێت، پێلاوێک لەپێ بکات کە گونجاوبێت بۆ رێگەڕۆشتن و سەرکەوتن، چەترێکیش لەگەڵ خۆیدا بهێنێت لەبەرئەوەى پلەکانى گەرما بەرزن. گوتیشى پێشبینیدەکەن لە 10 خولەک تا 15 خولەک جارێک کەسێک بەهۆی بەرزی پلەکانى گەرماوە بەهۆش خۆی بچێت.
دەشڵێ، 1200 مەتر چوارگۆشە چەتریان دروستکردووە، 129 هێلیکۆپتەر لە ئامادەباشیدان و ژمارەیەکی زۆریان ئاو دەڕشێنن بەسەر حاجییاندا.
باسی لەوەشکرد، ئامێرەکانى فێننکەرەوە لە هەندێک شوێندا 10 نمرە پلەکانى گەرما دادەبەزێنن و هێزە ئاسمانییەکان و چاودێریی کەشوهەواى وڵاتەکەش بەتەواویی لە ئامادەباشیدان.
سەباح
لە پێنج ساڵی داهاتوودا 92 ملیۆن کەس بێکار دەبن و پیشەکانیان لەدەستدەدەن
کۆڕبەندی ئابووریی جیهان (WEF) بڵاویکردەوە پێشبینىدەکەن لە ماوەى پێنج ساڵی داهاتوودا واتە تا ساڵى (2030) 92 ملیۆن کەس کارەکانیان لەدەستبدەن کە دەکاتە 8%ـى ڕێژەى سەرجەم پیشەوەرانى جیهان و زۆرینەیان دەکەونە هەردوو کیشوەرى ئەوروپا و ئەمریکا و هۆکاری سەرەکیش پێشکەوتنى تەکنەلۆژیا و زیرەکیی دەستکردە.
ئاشکراشیکرد، ملیۆنەهای دیکە ناچار دەبن پیشەکانیان بگۆڕن و لەگەڵئەوەشدا 170 ملیۆن پیشەى دیکە جێگەیان دەگرێتەوە کە بەشێکی زۆریان لە بوارى وزەى نوێبووەوە و پێشکەوتنى تەکنەلۆژیا و وەزەى نەوتیدا کاردەکەن.
ئاماژەى بەوەشکرد، بەشێک لەو پیشانە کە لەناودەچن نووسینگەکانى خانووبەرە، یاریدەدەرانى شیکاریی یاسایی و راوێژکارانی یاسایی، ژمیریاران، پۆستەبەر، بەشێک لە کارمەندانی بانک، ، فەرمانبەرانى بلیتبڕ و ئەوانەى کە یاریدەدەری ئەو بوارانەن، لەگەڵ سکرتێرى شوێنە جیاجیاکان، لەبەرئەوەى هەموویان دەبنە ئەلیکترۆنی و زیرەکی دەستکرد جێگەیان دەگرێتەوە، هەموو ئەو پیشە نوێیانەش کە جێگەیان پڕدەکەنەوە لەوانە دەبن کە تواناى کەسی خۆیان زۆرە و دەتوانن لەگەڵ دۆخی زیرەکیی دەستکرددا خۆیان بگونجێنن.
مەدا
لە 93%ـى مووچەى عێراق بۆ فەرمانبەرانی حەوت وەزارەت و شوێن دەڕوات
مەنارعوبەیدى توێژەری ئابووریی عێراق رایگەیاند، لەنێوان 2019 بۆ 2024 مووچەى عێراق بەڕێژەى 93% بۆ فەرمانبەرانی حەوت وەزارەت بووە.
گوتیشی، 22% بۆ وەزارەتى ناوخۆ بووە کە لە ساڵی 2024دا زیاتر لە 13 ترلیۆن دینار بووە، ئەوە لەکاتێکدا لە 2019دا 10 ترلیۆن و نیو بووە.
بەدواى ئەودا وەزارەتى پەروەردە دێت کە 18% ـى مووچەى عێراقی پێدەدرێت لەکاتێکدا لە 2019دا یەک ترلیۆن و 74 ملیار دینار بووە بەڵام لە 2024دا بەرزبووەتەوە بۆ 10 ترلیۆن و حەوت ملیار و بەڕێژەى 513% بەرزبووەتەوە.
هاوکات مووچەى هەرێمى کوردستان لە پلەى سێیەمدایە کە لەنێوان 2019 بۆ 2024 بەڕێژەى 101% بەرزبووەتەوە و پاشان وەزارەتى تەندروستى بەڕێژەى 466%.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم ئامار و داتایانە ئەو وەزارەتانە ناگرێتەوە کە خۆژێنییان هەیە لەوانەش کارەبا و نەوت و پەیوەندییەکان.
قودسی عەرەبی
ناکۆکییەکانى ناوخۆی ئیسرائیل قوڵبوونەتەوە و هەڕەشەى هەڵوەشاندنەوەى حکومەت دەکرێت
چوارشەممەى رابوردوو حکومەتى ئیسرائیل سەربازیکردنى زۆرەملێ سەرجەم ئیسرائیلییەکانى خستەوە بەرباس و ئەوەش ئەو جووانەى نیگەرانکردووە کە پێشتر لە سەربازیکردن بەخشرابوون کە بریتین لە جووە رۆژهەڵاتییەکانى ناسراو بە (حەرادیمییەکان و شاس) و 13%ـى دانیشتوانى وڵاتەکە پێکدێنن.
بەگوێرەى لێدوانى ئەو دوو لایەنە کە پێشتر سەربازییان پێنەکراوە، بەڵام لەئێستادا فشاریان خراوەتەسەر بۆ ئەوەى ئەو شوێنانەیان بۆ پڕبکرێتەوە کە لە ئەنجامی جەنگدا بۆیان دروستبووە، ئەوانیش هەڕەشەى کشانەوە لە هاوپەیمانێتى حکومەت دەکەن و دەڵێن ئەگەر لیکۆد سوور بێت لەسەر پرۆژەکەى ئەوا کاردەکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەى حکومەت، چوونکى ئەوان باوەڕیانوایە پابەندیی بە تەوراتەوە سەریاندەخات و دەیانپارێزێت نەک سەربازیی و چەک.
بەگوێرەى سەرچاوە ئیسرائیلییەکان نەتانیاهۆ هەوڵیداوە لەگەڵیان بەگفتوگۆ بگاتە ئەنجام، بەڵام هیچ ئەنجامێکى دڵخۆشکەرى بۆ ئەو تێدا نەبووە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
ئۆرشەلیم پۆست
رافائیل: سیستمیی بەرگریی لەیزەر کۆتایی بە پەنابردنەبەر پەناگەکان دەهێنێت
کۆمپانیای رافائیل بۆ سیستمی بەرگریی پێشکەوتوو باس لە سیستمێکی لەیزەری نوێ دەکات کە بڕیارە هەتا کۆتایی ئەمساڵ بخرێتەکار.
ئیدی لەدوای ئەوەوە رەنگە پێویست نەکات هاووڵاتییانی ئیسرائیل لەکاتی هەڕەشەی هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بچنە پەناگەکان یاخود زەنگی ئاگادارکردنەوەیان بۆ بخرێتەکار.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستی ئیسرائیلی، ئەو رووناکییەی لە لەیزەرەکەوە دەردەچێت خێراییەکەی لە هەر مووشەکێکی جبەخانەی ئیسرائیل خێراترە و دەتوانێت لە ماوەیەکی زۆر کورتدا کۆتایی بە هەڕەشە ئاسمانییەکان بهێنێت.
ساکرامێنتۆ بی
کۆنگرێس: پرۆژەیاسای کۆمارییەکان 2.4 ترلیۆن دۆلار کورتهێنان زیاد دەکات
رۆژنامەی ساکرامێنتۆ بی کە رۆژنامەیەکی ئەمریکییە و لە کالیفۆڕنیا دەردەچێت لە بڵاوکراوەیەکیدا هاتووە، پرۆژەیاسا گەورەکەی کۆمارییەکان لە کۆنگرێس پێشنیازیانکرد تایبەت بە باج و لێبڕینی هاوکاریی پڕۆگرامە دەرەکییەکان، لەماوەی 10 ساڵدا دوو پۆینت چوار ترلیۆن دۆلار کورتهێنان تووشی ئەمریکا دەکات و نزیکەی 10 ملیۆن و 900 هەزار کەس لە وڵاتەکە بەبێ ئاسایشی تەندروستی دەمێننەوە، ئەمەش پارتی کۆمارییەکان دووچاری مەترسیی ناوخۆیی دەکات.
سیدنی مۆرنین هێراڵد
لە ئوسترالیا هاووڵاتیان پارەی کاش بە ریسایکلی پلاستیک دەدەن
بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1977ـەوە لە هەموو ویلایەت و ناوچەکانی ئوسترالیا هاووڵاتییان پارەی کاش دەدەن بە کۆنتەینەرەکان، هەتا بە ملیاران شووشە و دەبە ریسایکل بکەنەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانێکدا بۆ کەمکردنەوەی پاشماوەی بەرچاوی پلاستیکەکانی کەنار دەریاکان.
لە رۆژنامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، بەگوێرەی نوێترین توێژینەوەکان کە لەم مانگەدا بڵاوکراونەتەوە، لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا بەهۆی ئەو پلانە ژینگەییانەی جێبەجێکراون لە ئوسترالیا، پیسبوونی پلاستیکی بەرێژەی لەسەدا 39 لە کەنارە ئاوییەکانی دەوروبەری شارەکانی ئوسترالیا کەمبوونەتەوە.
مۆرنین ستار
جوڵانەوەیەکی نوێ لەژێر ناوی هێڵی سووری فەڵەستینی لە لەندەن بەڕێوەدەچێت
لە جوڵانەوەیەکی نوێدا لەژێر ناوی “هێڵی سووری فەڵەستینی” خۆپیشاندەران و لایەنگرانی فەڵەستین لەبەردەم بینای پەرلەمانی بەریتانیا لە لەندەن بۆ کۆتاییهێنان بە کوشتنی فەڵەستینییەکان دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و دەڵێن، بجوڵێن بۆ کۆتاییهێنان بەم جینۆسایدە و کۆتایی بە پێدانی چەک بە ئیسرائیل بهێنن، داواشدەکەن سزا بەسەر تەلئەبیبدا بسەپێنرێت.
رۆژنامە تورکییەکان
حورییەت
مێشک حەزی بە خۆلاوازکردنی جەستە نییە
مێشک هەمیشە دابەزینی کێش وەک هەڕەشەیەک بۆسەر جەستە تێدەگات، هەر بەم هۆیەوە هەرگیز خۆی راناهێنێت لەگەڵ دابەزینی کێشدا. مێشک بۆ گێڕانەوەی کێشی لەدەستچوو، هەوڵدەدات کۆگاکانی وزە جارێکی دیکە پڕبکاتەوە.
سۆزجو
کەلەپچەیان خستە دەست پێنج ملیۆن و 509 هەزار دەنگدەر
لە ئۆپراسیۆنێکدا پێنج سەرۆک شارەوانی دیکەی سەربە جەهەپە دەستگیرکران، ئێستا ژمارەی ئەو سەرۆکشارەوانیانەی بە ئەکرەم ئیمامئۆغڵوە دەستگیرکراون بۆ 11 کەس بەرزبوونەوە.
ئەمانە 14 مانگ لەمەوبەر لەڕێی هەڵبژاردنەوە بە دەنگی خەڵک دەرچوون، هەر لە چوارچێوەی فشارەکان بۆسەر جەهەپە، داواکاری کۆماریی ئیستەنبوڵ دۆسیەی لێپێچینەوەی لەسەر ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی گشتیی جەهەپە کردەوە بەتۆمەتی هەڕەشە لە دادگا و سیستەمی دادوەری.
هەر ئەم پرسە لە تورکیا هەرای ناوەتەوە و حسێن چەلیک جێگری سەرۆکوەزیرانی پیشووی تورکیا لەسەر لیستی ئاکپارتی رایگەیاند، دەسەڵات هەڵەی زۆر مەترسیداری کرد بە دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو، لەکاتێکدا ئەگەر ناوبراو کاندید نەبوایە ئەمەی بەسەردا نەدەهات.
ئاکشام
گوتەبێژی ئاک پارتی: بەرپرسانی تورکیا لەگەڵ هەسەدە کۆنەبوونەتەوە
عومەر چەلیک گوتەبێژی ئاک پارتی ئاماژە بەوەدەکات، دەستووری نوێ بۆ نەوەکانی داهاتوووە کە قەرزێکە لەسەریان، لەچوارچێوەی یەک نیشتمان، دەوڵەت، ئاڵا و میللەتدا دەخولێتەوە، بۆیە با کەس چاوەڕێی شتێکی جیاوازتر لەمە نەکات لە ئەوان، رەتیشکردەوە تورکیا لەگەڵ هەسەدە کۆبووبێتەوە.
چەلیک دەشڵی، ئەو کۆیسیۆنەی دروستیان کردووە بۆ دەستوور، لەدوای جەژنەوە راستەوخۆ کۆدەبێتەوە و بەردەوام لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئەکادیمیەکاندا راوێژ دەکات.
لەبارەی پرۆسەی چارەسەرییش لە تورکیا، چەلیک ئاماژە بەوە دەکات، دەبێت بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەکەی پەکەکە، سەرجەم باڵەکانی بگرێتەوە.
میلات
یاسای پاکێجی نوێی داد لە پەرلەمان تێپەڕی
پاکێجی 10یەمینی داد کە چەند گۆڕانکاریەکی لە یاسای جێبەجێکردنی سزادراوانی لەخۆگرتبوو، لە پەرلەمانی تورکیا تێپەڕی و بووە یاسا.