زووم:
ئەمڕۆ دووشەممە 12ی کانوونی یەکەمی 2022، نرخی نەوت بەڕێژەی زیاتر لە 1% بەرزبووەوە، بەهۆی ئەوەی بۆرییەکی سەرەکی گواستنەوەی نەوتی کەنەدا بۆ ئەمریکا بەهۆی لێچوونەوە بە داخراویی ماوەتەوە.
سەرۆکی رووسیا هەڕەشەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت دەکات
ئەم بەرزبوونەوەیەی نرخی نەوت هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا هەڕەشەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی کرد وەکو تۆڵەسەندنەوەیەک لە هانگاوەکەی رۆژئاوا بۆ دانانی نرخی 60 دۆلار لەسەر نەوتی وڵاتەکەی.
نرخی نەوتی خاوی برێنت بڕی 46 سەنت بەرزبووەوە کە دەکاتە 0.6% و هەر بەرمیلێلک بە 76 دۆلار و 61 سەنت لە بازاڕەکانی جیهاندا مامەڵەی پێوەکرا. هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی رۆژئاوای تەکساسی ئەمریکا بە 71 دۆلار و 81 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، واتە 57 سەنت و بە رێژەی 0.8% بەرزبووەوە.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی برێنت و تەکساس دوای دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوتە لە هەفتەی رابردوودا بۆ نزمترین ئاست، بەراورد بە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2021. ئەمەش لەکاتێکدایە نیگەرانییەکان لەبارەی کەمبوونەوەی خواستی نەوت لە جیهاندا زیاتر دەبێت.
ئێدوارد مۆیا: بەرزبوونەوەی نرخی نەوت پەیوەندیی هەیە بەوەی کە هێڵی بۆری کیستۆن لە کەنەداوە بۆ ئەمریکا بە داخراوی ماوەتەوە
ئێدوارد مۆیا، شرۆڤەکاری باڵای بازاڕ لە کۆمپانیای OANDA دەڵێت: “بەرزبوونەوەی نرخی نەوت پەیوەندیی هەیە بەوەی کە هێڵی بۆری کیستۆن لە کەنەداوە بۆ ئەمریکا بە داخراوی ماوەتەوە، رێکارەکانی خۆپارێزی کۆرۆنا لە چین سووک بووە و نیگەرانییەکان لەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتی رووسیا زیادیکردووە.”
کۆمپانیای TC Energy ی کەنەدا رایگەیاند، هێشتا هۆکاری دزەکردنی بۆری نەوتی کیستۆن نەزانراوە
رۆژی یەکشەممە کۆمپانیای TC Energy ی کەنەدا رایگەیاند، هێشتا هۆکاری دزەکردنی بۆری نەوتی کیستۆن نەزانراوە، هیچ وادەیەکیش دیارینەکراوە بۆ دەستپێکردنەوەی کارکردن لە بۆرییەکەدا.
هێڵی کیستۆن رۆژانە 622 هەزار بەرمیل نەوت لە کەنەداوە بۆ ئەمریکا دەگوازێتەوە، بە خوێنبەرێکی گرنگ دادەنرێت بۆ ئەمریکا بەهۆی ئەوەی نەوتی خاوی کەنەدی لە ئەلبێرتاوە دەگوازێتەوە بۆ پاڵاوگەکانی رۆژئاوای ناوەڕاستی ئەمریکا و کەناراوەکانی باشوری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە.
چین، گەورەترین هاوردەکاری نەوتی خاوە لە جیهاندا
چین، گەورەترین هاوردەکاری نەوتی خاو لە جیهاندا، بەردەوامە لە هەڵگرتنی رێکارە توندەکانی کۆرۆنا و ئەمەش کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دروستکردووە.
پوتین رۆژی هەینی رایگەیاندبوو، رووسیا کە گەورەترین هەناردەکاری وزەی جیهانە، دەتوانێت بەرهەمهێنانی نەوت کەم بکاتەوە.
هاوکات وەزیری وزەی سعوودیە رۆژی یەکشەممە رایگەیاندبوو، کاریگەریی گەمارۆکانی ئەوروپا و رێوشوێنەکانی بەرزکردنەوەی نرخی نەوت تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێکی روونی نەبووە و لێکەوتەکانی هێشتا دەرنەکەوتوون.