زووم…
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
تایمز
کەمکردنەوەی مووچەی پۆلیس واتە گوێنەدان بە روودانی هەندێک تاوان
بەرپرسانی پۆلیس هۆشدارییان بە ستامەر داوە، کە کەمکردنەوەی موچەی کارمەندەکانیان واتا بەجێهێشتنی هێڵی بەرەنگاریکردنی تاوان.
سەرکردە هەرە باڵاکانی پۆلیسی بەریتانی هۆشدارییان بە ستامەر داوە، کە ئەگەر وەزارەتی دارایی مووچەکانیان کەمبکاتەوە، ناچاردەبن بەگوێرەی پێویست بەڕووی هەموو تاوانەکاندا نەچن.
سێر مارک راوڵی سەرکردەی پۆلیسی میترۆپۆلیتان دەڵێ، بەناوی کارمەندانی پۆلیسی وڵاتەکەوە نامەیەکی نوسراویان بۆ سەرۆکوەزیران ناردووە و پێیان گوتووە کەمکردنەوەی موچەکەیان کاردانەوەی قورس و درێژخایەنی دەبێت لەسەریان.
لەم ڕووەوە دەڵێن، ئەو گفتوگۆ و دانوستاندنانەی لەسەر ئەم بابەتە لەنێوانی وەزارەتی دارایی و ناوخۆدا بەڕێووەدەچن خاو و لاوازن.
دەیلی مەیل
بەڵگە هەیە پلانەکەی رواندا رێگرییەکی باش بووە لە گەیشتنی کۆچبەران
پارتی کرێکاران گلەیی لە بارودۆخی گەیشتن و پەڕینەوەی پەنابەران هەیە. دەڵێ، داتا و زانیارییان لەبەردەستدایە، کە بەرنامەی ناردنی پەنابەران بۆ رواندا کاریگەریی باشی هەبووە.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا راپۆرتێکی لەبارەی ئەم رەوشەوە بڵاوکردۆتەوە و ناوی لێناوە “رۆژە سوورەکان” تێیدا باس لەوەدەکات کە ئەو سنورە لەڕووی گەیشتنی پەنابەرانەوە چ رۆژێک ئارام بووە.
بەڵام چەند بەرپرسێکی ئەو وەزارەتە، کە خۆیان لە نزیکەوە کار لەسەر کێشە و کەیسی پەنابەران دەکەن. دەڵێ، بەرنامەی ناردنی پەنابەرانی نایاسایی بۆ رواندا کاریگەریی باشی لەسەر کەمکردنەوەی گەیشتنی ئەو پەنابەرانە هەبووە و توانیویەتی کەمی بکاتەوە.

گاردیەن
سوپای ئیسرائیل 27 کەسیان کوشتووە کە لەسەرەی وەرگرتنی خواردندا وەستابوون
گروپێکی سەر بە ئیسرائیل لە کەرتی غەزەدا خواردنیان دابەش کردووە، خەڵکێکی زۆر سەرەیان گرتووە بۆئەوەی خواردن وەربگرن.
لەودەمەدا سوپای ئیسرائیل تەقەی لێکردوون و بەلای کەمەوە 27 کەسی لێ کوشتوون. بەرپرسانی کەرتی تەندروستیی فەلەستین دەڵێن، لە ماوەی سێ رۆژی رابوردوودا ئەمە سێیەم رووداوی لەمشێوەیەیە کە رووبدات.
محەمەد باسل لە بەشی بەرگریی شارستانیی کەرتەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت، سوپای ئیسرائیل بە تانک و بە درۆن تەقەیان لە هەزاران هاووڵاتیی کەرتەکە کردووە، کە لە بەیانییەکی زووەوە لە فولکەی ئەلعەلەم لە ناوچەی ئەلمەواسی لە باکووری رۆژئاوای رەفەح کۆبوبوونەوە و بەڕیز وەستابوون خواردن وەربگرن.. وەزارەتی تەندروسیی فەلەستین دەڵێ، لەو روداوەدا 27 کەس کوژراون.
دەیلی تەلەگراف
لە ماوەی 40 ساڵی داهاتوودا سپیپێستەکانی بەریتانیا دەبن بە کەمینە
راپۆرتێک بڵاوکراوەتەوە پێشبینیدەکات لە ماوەی 40 ساڵی داهاتوودا سپیسپێستە بەریتانیییەکان لەناو وڵاتەکەی خۆیاندا ببن بە کەمینە. ئەو راپۆرتە کاری لەسەر ئەوە کردوە، کە لە ماوەی یەک سەدەی داهاتوودا تێکڕای لەدایکبوون و مردن لەناو پەنابەرەکانی ناو بەریتانیادا چۆن دەبێت.
راپۆرتەکە دەڵێ، بە لێکۆڵینەوە بۆی دەرکەوتووە، کە ئێستا رێژەی 73٪ـی خەڵکی بەریتانیا سپیسپێستن، بەڵام هەتا ناوەڕاستی ئەم سەدەیە، واتا تا ساڵی 2050 رێژەکەیان دادەبەزێت و کەمدەبنەوە بۆ 57٪. لە ساڵی 2063ـدا دەبن بە کەمینەیەکی کەم. بەڵام لە کۆتایی سەدەکەدا ئەو بەریتانییانەی کە لە رەچەڵەکی پەنابەرانەوە نەهاتوون رێژەکەیان دادەبەزێت بۆ تەنها 33.7٪.
رۆژنامە عەرەبییەکان
سەباح
عێراق و ئێران یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە بوارى مافەکانى مرۆڤ واژۆ دەکەن
وەزارەتى دادى عێراق رایدەگەیەنێت، یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەنێوان بەغداد و تاران لە بواری مافەکانى مرۆڤ واژۆ کراوە.
یەکێک لەو لێکتێگەیشتانەى واژۆ کراوە، بە ئەلیکترۆنیکردنى مامەڵەى چەندین فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە.
بەگوێرەى رۆژنامەى سەباح، ئەم لێکتێگەیشتنەی نێوان تاران و بەغداد، سوودى ئاڵوگۆڕ و گۆڕینەوەى ئەزموون و گەشەکردن و هاوکاریی دامەزراوەیی نێوانیانە لە بوارەکانی مافەکانى مرۆڤ.
هەردوو ووڵات لەچوارچێوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان پابەند دەبن بە جێبەجێکردنى بڕگە و خاڵەکانی ئەو لێکتێگەیشتنە.
شەرقلئەوسەت
ئاماژە هەیە بە چاودێری واشنتن دیداری هەسەدە و ئەنقەرە ئەنجامبدرێت
نێردەى نوێی ئەمریکا لە سوریا رایگەیاند، ئەمریکا هێزەکانى خۆی کەمکردووەتەوە لە سوریا و سیاسەتی واشنتن بەرامبەر ئەو ووڵاتە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە.
تۆماس براک گوتى، ئیداری واشنتن لەجیاتى هەشت بنکەى سەربازیی، بنکە سەربازییەکانى بۆ یەک بنکە کەم کردووەتەوە و بنکەى سەوز داخراوە و بنکەی سەربازیی فوراتیش رادەستى هێزەکانى سوریای دیموکرات کراوە.
بەگوێرەى رۆژنامەى شەرقلئەوسەت، ئاماژەى روون هەیە دیداری نێوان هێزەکانى سوریای دیموکرات و ئەنقەرە، بەچاودێریی ئەمریکا ئەنجامبدرێت.

قودسی عەرەبی
عەباس عێراقچی دەڵێت لە پیتاندنى یۆرانیۆمدا پرس بە هیچ کەسێک ناکەین
گفتوگۆ و دانوستانەکانى نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر پرسی دۆسیە ئەتۆمییەکەى تاران گڕی سەندووە، بەتایبەت دوای ئەوەى ئیدارەکەى دۆناڵد ترەمپ بە هەموو شێوەیەک رەتى کردووەتەوە ئێران یۆرانێۆم بپیتێنێت.
هەر زوو عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەى ئێران، دوێنێ و بۆ چەندین جار دووپاتى کرەوە، ئێران دەستبەرداری پیتاندنى یۆرانیۆم نابێت و بۆ پیتاندنیش پرس بە هیچ کەس و لایەنێک ناکات.
درەنگی دوێنی شەویش ترەپ لە تۆڕی تروس نوسیویەتى، لەچوارچێوەى دانوستانەکانی نیوان واشنتن و تاران، بەهیچ شێوەیەک رێگە بە تاران نادەین یۆرانیۆم بپیتێنێت، دەبوو لەمێژبوو پیتاندن بوەستێنێت.
عەرەبی جەدید
حزبوڵای عێراق هەڕەشەى دەستپێکردنەوەى چالاکی و ئۆپراسیۆنەکانیان دەکەن دژی ئەمریکا
گرووپە چەکدارەکانى حزبوڵای عێراق، هەڕەشەی دەستپێکردنەوەى چالاکی و ئۆپراسیۆنەکانیان دەکەنەوە دژی بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا لە عێراق.
سەرچاوەیەک بە رۆژنامەى عەرەبی جەدیدی گوتوە، لەگەل نزیک بوونەوەى گفتوگۆ و دانوستانی لیژنە هونەریی و سەربازییەکانى نێوان عێراق و ئەمریکا بۆ دیاریکردنى چارەنووس و مانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق، کەتیبە چەکدارەکانى حزبوڵای عێراق هەڕەشەى توند لە بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا دەکەن و دەڵێن، چالاکی و ئۆپراسیۆنە چەکدارییەکانیان دەستپێدەکەنەوە ئەگەر ئەو هێزانە لە سەر خاکى عێراق نەکشێننەوە.