زووم..
لە ئیستەنبوڵ، گەڕێکی دیکەی دانوستانی نێوان روسیا و ئۆکراین دەستیپێکرد، زێلینسکی گەشبینە بە گەیشتن بە ئاگربەست و دەڵێت، وڵاتەکەی ئامادەیە هەنگاو بۆ ئاشتی بنێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراین لە راگەیەندراوێکیدا دەڵێت، دانوستانی نێوان شاندەکانی ئۆکراین و روسیا بەئامادەبوونی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا دەستیپێکردووە.
سەرچاوەیەکیش لە شاندەکەی ئۆکراین بە فرانس پرێسی راگەیاند، شاندەکەیان بە بەرنامەیەکی روونەوە چووەتە ئیستەنبوڵ وڵاتەکەیان ئامادەیە لەم گەڕەی دانوستانەکاندا لەگەڵ شاندی روسیا هەنگاو بۆ ئاشتی بگرێتەبەر، بەڵام هیوادارن روسیا مەرجەکانی پێشوو دووبارە نەکاتەوە.
ڤۆلۆدیمێر زێلینسکی سەرۆکی ئۆکراین دەڵێت، “پێشبینیی ئەنجامی بەرجەستە لە دانوستانەکانی ئیستەنبوڵ دەکەین لەبارەی گەیشتن بە ئاگربەست و کۆبوونەوە لەسەر ئاستی سەرکردەکان”، دووپاتیشیکردەوە، ئۆکراین ئامادەیە بۆ ئاشتی هەنگاوی پێویست بنێت، بەڵام ئەگەر روسیا دانوستانەکە تێکبدات، پێویستە سزای نوێ بەسەر روسیادا بسەپێنرێت.
دانوستانی ئەمجارەی روسیا و ئۆکراین رۆژێک دوای ئەوەدێت، ئۆکراین یەکێک لە سەرکەوتووترین و بوێرانەترین هێرشەکانی بۆ نێو خاکی روسیا ئەنجامدا، ئەوە جگە لە بەردەوامیی هێرشەکانی هەردوولا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە.
لە گەڕی یەکەمی دانوستانەکە، هەردوولا رێککەوتن لەسەر ئاڵوگۆڕی زۆرێک لە بارمتەکانیان و ئاڵوگۆڕی تێڕوانینەکانیان لەسەر پرۆسەی ئاشتی.