زووم..
تۆماس باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە سوریا رایگەیاند، هەسەدە هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمریکایە و تێکەڵکردنی لەگەڵ هێزەکانی سوپای سوریا هەنگاوێکی گرنگە.
تۆماس باراک لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئێن تی ڤی تورکی، ئاماژەی بەوە کرد، هاوکاریی ئەمریکا بۆ هەسەدە، هاوکاریکردنی هاوپەیمانێکە، هاندانی ئەو هاوپەیمانەش بۆ ئەوەی ببێتە بەشێک لە سوپای سوریا زۆر گرنگە.
بەگوتەی نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە سوریا، واشنتن و دیمەشق گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێک بۆ ئەوەی چەکدارانی بیانی ببنە بەشێک لە سوپای سوریا.
ئاژانسی رۆیتەرزیش لە زاری سەرچاوەیەکی سورییەوە ئاماژەی بەوەکردووە، نزیکەی سێ هەزار و 500 چەکداری بیانی دەچنە نێو سوپای سوریاوە کە زۆرینەیان ئیگۆرن.
تۆماس باراک بە ئێن تی ڤی گوتووە، ئەردۆغان و ترەمپ کارێکی گەورەیان بۆ سوریا ئەنجامداوە، دەرفەتێکی نوێ دراوەتە وڵاتەکە کە هیچ کەس پێشبینی نەکردبوو ، هەروەها ئەمریکا ژمارەی بنکە سەربازییەکانی لە سوریا کەمدەکاتەوە بۆ یەک بنکە، لە کاتێکدا ئێستا هەشت بنکەی سەربازیی لە سوریا هەیە.