زووم..
بانکى ناوەندیى عێراق قەبارەى وەبەرهێنانى بیانی لە عێراق بڵاوکردووەتەوە، بەگوێرەى ئەو ئامارە، لە مانگى شوباتەوە تا مانگى ئایار، هەموو مانگێک نزیکەى یەک ترلیۆن دینار کەمیکردووە.
بەگوێرەى ئامارەکەى بانکی ناوەندیى عێراق، قەبارەى وەبەرهێنانى بیانی لە مانگى یەکى ئەمساڵدا 21 ترلیۆن و 690 ملیار دینار بووە، بەڵام لە مانگى شوباتدا بۆ 20 ترلیۆن و 847 ملیار دینار و لە مانگى ئازاریشدا بۆ 20 ترلیۆن و 708 ملیار دینار و لە مانگى نیسانیشدا 20 ترلیۆن و 600 ملیار دینار بووە.
نەبیل مەرسومى پسپۆڕى ئابووریی عێراقى رەخنە لە بەرپرسان دەگرێت و دەڵێت، قسەکانیان پێچەوانەى ئامارەکانى بانکى ناوەندییە، مانگ بە مانگ قەبارەى وەبەرهێنان لە دابەزیندایە، بەڵام بەرپرسان دەڵێن، قەبارەى وەبەرهێنانى بیانی رۆژ بەڕۆژ لە زیادبووندایە.
هەوەها رەخنەى لە فواد حسێن وەزیرى دەرەوە گرتووە کە هەفتەى رابردوو لە کۆڕبەندى گفتوگۆى تاران رایگەیاند، قەبارەى وەبەرهێنانى بیانی لە گەشەسەندندایە و گەیشتووەتە 87 ملیار دۆلار و دەڵێت، ئەو ژمارانەى ئەو بەرپرسانە دەیڵێن، پێچەوانەى ئامارە فەرمییەکانى بانکى ناوەندییە.