هەڵبژاردەی تۆپی پێی مەغریب بۆ یەکەمجارە گەیشتوەتە قۆناغی 4 تیپی مۆندیال و هەموو عەرەب و ئەفریقاش شتی وایان بەخۆیانەوە نەبینیوە، بۆیە ئێستا باس باسی کوڕەکانی وەلید رکراکی راهێنەرە و هەموو شتێکیان لەبارەوە بڵاودەکرێتەوە.
یەکێتی تۆپی پێی مەغریب بڕیاری دا گرێبەست لەگەڵ رکراکی بکات
لە مانگی ٨ی رابردو، کاتێک وەحید خەلیلۆزیچی بۆسنی بڕیاری دا واز لە راهێنەرایەتی مەغریب بهێنێت، یەکێتی تۆپی پێی وڵاتەکە بڕیاری دا گرێبەست لەگەڵ رکراکی بکات، کە وەرزی رابردو توانیبوی نازناوی خولی مەغریب و خولی یانە پاڵەوانەکانی فەریقا بۆ یانەی ویداد بەدەستبهێنێت، بەڵام ئەو دەستنیشانکردنە بوە مایەی گاڵتەجاڕی بەجۆرێک هەندێک هەبون بە وەلید رکراکی-یان دەوت: ئەم سەر (ئاڤۆکادۆ)یە چییە هێناویانە بۆ سەرکردایەتی مەغریب لە مۆندیالدا؟!
راهێنەرە سەرتاشراوە، لە مۆندیالدا بە ئەنجامە نایابە یەک لەدوا یەکەکان وەڵامی هەموانی دایەوە
ئەو راهێنەرە سەرتاشراوە، لە مۆندیالدا بە ئەنجامە نایابە یەک لەدوا یەکەکان وەڵامی هەموانی دایەوە، بە بەرگریی تۆکمە و بە هێرشی هەڵگەڕاوە و بە توانای جەستەیی یاریزانەکانی، وتی: خەونمان گەیشتنە بە یاری کۆتایی.
تیمەکەی رکراکی تەمەن ٤٧ ساڵ لەگەڵ کرواتیای دووەمی مۆندیالی رابردو یەکسان بوو، دواتر بە ٢ گۆڵی بێوەڵام لە بەلجیکای دووەمی ریزبەندیی پێشوی باشترینەکانی جیهانی بردەوە، سێیەم یاریشی لە کەنەدا بردەوە، بۆیە سەرکەوت بۆ قۆناغی ١٦ تیم، لەو قۆناغەشدا، کە لە مۆندیالی ١٩٨٦ەوە بەخۆیەوەنەبینیوە، بە لێدانی یەکلاکەرەوەی پەنالتی لە ئیسپانیای بردەوە. لە لوتکەی کاروانەکەشیدا، لە قۆناغی ٨ بە شایستەیی و بە گۆڵێکی بێوەڵام لە پورتوگالی بردەوە و رۆناڵدۆ و هاوڕێکانەی رەوانەی لشبۆنە کردەوە.
تائێستا رکراکی و کوڕەکانی بە شایستەیی هێناویانە و لە قۆناغی ٤ تیپی مۆندیالی قەتەردا، کە بە نیوەی کۆتایی و قۆناغی چوارگۆشەی زێڕین ناسراوە، سەعات 10ی شەوی چوارشەممە 14-١٢-٢٠٢٢ بەرانبەر بە فەرەنسای پاڵەوانی مۆندیالی رابردوو یاری دەکەن، کە ئەو یارییەش خەونە و هەموو مەغریب سات بە سات بۆ گەیشتن پێی، چاوەڕێی دەکەن.
رکراکی: بە یاریزانەکانم وت پێویستە شانازی بەخۆمانەوە بکەین
رکراکی لەبارەی پێگەی مەغریب لە مۆندیالدا وتویەتی: بە یاریزانەکانم وت پێویستە شانازی بەخۆمانەوە بکەین، رەنگە چانسێکی وا جارێکی دیکە دوبارەنەبێتەوە. خودی خۆم بەداخەوە لە مۆندیالدا یاریم نەکردوە، دووجار هەوڵمدا، بەڵام نەگەیشتمە هەڵبژاردەی مەغریب، ئەوەتا ئێستا خودا ئەو چانسەی پێداوم وەک راهێنەر مێژوو بنوسمەوە، بۆیە ئێستا خۆشبەختترین مرۆڤم لە جیهاندا، پێموایە ئەفریقییەکان دەتوانن لە مۆندیالدا زۆر بڕۆن، ئیتر بۆ خەون بە بردنەوەی جامەکەوە نەبینین؟ ئێمە خەون پێشکەش بە نەوەکانی داهاتو دەکەین.
ئێوە لەپێناو گەلی مەغریب یاری دەکەن.
رۆڵی رکراکی تەنها لایەنی تەکتیک و بەرزکردنەوەی تەکنیکی یاریزان نییە، بەڵکو ئەو هاوڕێی یاریزانەکانە. ئەو متمانە بەخۆبونیان بەرزدەکاتەوە، هانیاندەدات، پێیان دەڵێت: ئێوە لەپێناو گەلی مەغریب یاری دەکەن.
ئەو هاندانە هەر بە قسە نییە، رکراکی بنەمایەکی کلاسیکی لە مۆندیالدا تێکشکاندوە، ئەو بڕیاری داوە رێ بە خێزانی یاریزانان بدات بچنە نێو کەمپی هەڵبژاردەی مەغریب و لەگەڵ یاریزانەکاندا بمێننەوە، ئەوەش بە خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ دادەنرێت لەوەی ئێستا شێرەکانی مەغاریبە پێیگەیشتون.
لەو ٢٦ یاریزانەی یاری بۆ هەڵبژاردەی مەغریب دەکەن لەم مۆندیالەدا، ١٤ یاریزانیان لەدەرەوەی وڵاتەکە لەدایکبون، دایکی رکراکی راهێنەریش بە کەناڵی وەرزشیی مەغریبی وتوە: ژیانم لە پاریس بردۆتەسەر، بۆ یەکەمجاریشمە ئامادەی پاڵەوانێتییەک دەبم کە وەلیدی کوڕم یاریزان بێت تێیدا یاخود راهێنەر.
سەر ئاڤۆکادۆ ئێستا بۆتە خۆشەویستی مەغریبییەکان، یاریزانەکانیش وەک خۆشەویستییەک و سیمبولی بەخت لە مەشق و راهێنانەکاندا دەست دەکێشن بە سەریدا، وەک خۆی دەڵێت: حەزدەکەن بکێشن بەسەرمدا، بەڵکو بەختی باشیان بۆ بهێنێت.