زوومی کلتووری
فیلمی ‘کێکی سەرۆک کۆمار’ وەک یەکەم فیلمی عێراقی لە مێژوودا، توانی بگاتە فێستیڤاڵی فیلمی کان و لە بەشی ‘دوو هەفتە فیلمی دەرهێنەران’ـدا بەشداریبکات.
ئەم فیلمە شەوی رابردوو، توانی خەڵاتی بینەرانی ئەو بەشەی فێستیڤاڵی کان بباتەوە.
خەڵاتەکە پێکهاتووە لە هەشت هەزار و ٤٠٠ دۆلار و بە دەرهێنەری فیلمەکە دەبەخشرێت.
فیلمی کێکی سەرۆک کۆمار، یەکەم ئەزموونی دەرهێنانی فیلمی درێژی ‘حەسەن هادی’ـیە کە لە ئێستادا لە نیوێۆرک دەژی، فیلمەکە لەبارەی یادەوەرییەکانی ژیانی دەرهێنەرەکەیە لە عێراق و لە کاتی حوکمڕانی رژێمی بەعسدا.
چیرۆکی ئەم فیلمە، لەبارەی کچێکی منداڵەوەیە بەناوی ‘لامیا’ کە دەبێت وەک هەر منداڵێکی تری عێراقی کێکێک بۆ رۆژی لەدایک بوونی سەدام ببات بۆ قاتابخانە، بەڵام بەهۆی ئەو گەمارۆ ئابورایانەی بەسەر وڵاتدا سەپێندراوە، دۆخی دارای خێزانەکەی لە ئاستێکی خراپدایە، بۆیە بەناچاری لەپێناو کڕینی ئەو کەرەستانەی کێکەکەی پێدروستدەکات دەبێت کەروێشکەکەی و یارییەکانی بفرۆشێت’
ئەم فیلمە بڕیارە لە ئۆسکاری ٢٠٢٦ـدا وەک نوێنەری عێراق بەشداری فێستیڤاڵی کان لە بەشی فیلمی بیانیدا بکات.