249
زووم..
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە زوومی راگەیاند، شاندێکی تەکنیکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دەچێتە بەغداد بۆ رادەستکردنی لیستی مووچەی مانگی پێنج.
ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، سبەینێ یەکشەممە 25-05-2025 شاندەکە لیستی مووچە دەباتە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پشتڕاستکردنەوەی لیستەکە و دواتر شاندەکە لیستەکە دەباتە وەزارەتی دارایی عێراق بۆ وردبینی.
دەشڵێت، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەیەوێت بە زووترین کات وردبینی لە لیستی مووچە تەواو ببێت بۆ ئەوەی پێش جەژنی قوربان کە دەکەوێتە 06-06-2025 مووچەی مانگی پێنج دابەش بکەن.
دوێنێش هەمان سەرچاوە بە زوومی گوت، لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراق بەڵێنیان پێدراوە رۆژی سێشەممە 27-05-2025 پارە بۆ مووجەی مانگی پێنجی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت.