زووم..
دەسەڵاتدارانی ڤەنزوێلا پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکەیان سەرکردەیەکی دیاری ئۆپۆزسیۆن و ژمارەیەک لایەنگریان دەستگیرکرد.
دیۆسدادۆ کابێلۆ، وەزیری ناوخۆی ڤەنزوێلا رايگەیاند، خوان پابلۆ گوانی پای کەسایەتی دیاری ئۆپۆزسیۆنیان بەتۆمەتی پیلانگێڕی بۆ تێکدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان و پارێزگارەکان دەستگیرکردووە، کە بڕیارە سبەینێ بەڕێوە بچێت، لەکاتێکدا ئۆپۆزسیۆن بەڵێنیداوە بایکۆتی بکات.
دەشڵێت، بە دەستگیرکردنی گوانیپا حکومەت شکستی بەپلانێکی بەکرێ گیراوانی بیانی هێناوە بۆ تێکدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و 24 پارێزگاری نوێ بۆ وڵاتەکەیان، چونکە ئەو یەکێک بووە لەسەرکردەکانی تۆڕەکە و هەموو پلانەکانیش لەناو کۆمپیوتەرەکەیدا هەبووە.
پابلۆ گوانیپای تەمەن 60 ساڵ ئەندامی پێشووی پەرلەمان و هاوپەیمانی نزیکی ماریا کۆرینا ماچادۆ سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنە و پێش هەڵبژاردنەکانیش گرژییەکان زۆر زیادیان کردوە.
هاوکات ماریا کۆرینا ماچادۆ سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن داوای لە دەنگدەران کردوە بایکۆتی هەڵبژاردنەکە بکەن، ئەوەش دوای 10 مانگ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار.
جگە لە دەستگیرکردنی ئەو سەرکردەیەی ئۆپۆزسیۆن زیاتر لە 70 کەسی دیکەش بەتۆمەتی پشتیوانیکردن لەسەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن دەستگیرکراون.