زووم..
هەڕەشەکانى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا لە ئەوروپا، نرخى زێڕى بەرزکردەوە، لەکاتى داخستنى بازاڕدا نرخى یەک ئۆنس زێڕ بە سێ هەزار و 358 دۆلار مامەڵەى پێوەکرا، لەکاتێکدا بەیانى دوێنێ، یەک بە سێ هەزار و 265 دۆلار بوو.
ترەمپ هەڕەشەى لە ئەوروپا کرد و رایگەیاند، کورتهێنانى بازرگانیمان لەگەڵ ئەوروپا دەگاتە 250 ملیۆن دۆلار لەساڵێکدا، بەربەستەکانى ئەوان بۆ هاوردەى کاڵاى ئەمریکى زۆرن، گفتوگۆکانیش لەگەڵیان نەگەیشتوون بە ئەنجام، لە سەرەتاى مانگى تەمموزەوە ئەگەر بەوشێوەیە بەردەوامبن، رێژەى باجى گومرگیى لەسەر هاوردەى بەرهەمەکانیان بۆ لەسەدا 50 بەرزدەکەمەوە.
بەگوێرەى ماڵپەرى ئینڤێستینگ، دوو هۆکارى دیکەى بەهێز نرخى زیڕیان بەرزکردەوە، یەکەمیان فرۆشتنى گرێبەستە حکومییەکانى ئەمریکایە بە قەبارەیەکى گەورە لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە، ئەوەش دواى ئەوەدێت ئاژانسى مودیز هەفتەى رابردوو، پلەى ئەمریکاى لە دانەوەى قەرزەکان دابەزاند، ئەمە ترسى خستە دڵى وەبەرهێنەرانەوە.
هەروەها، بەگوێرەى ئامارى بانکى گەلى چین، لەم مانگەدا چین 127 تۆن و 500 کیلۆگرام زێڕى هاوردەکردووە، کە لەسەدا 73 زیاتربووە بەراورد بە مانگى پێشوو، ئەمانە هەمووى هۆکاری بەهێزن نرخى زێڕیان بەرزکردووەتەوە.