زووم..
بڕیارە کاتژمێر 12ـى نیوەڕۆى ئەمڕۆ، سێیەمین کۆنفرانسی نیشتمانیى بزوتنەوەی گۆڕان ببەسترێت، نوێنەری کۆمسیۆن و وەزارەتی ناوخۆ و دادگای تێهەڵچونەوە بەشداریی تێدا دەکەن، هەردوو باڵی بزووتنەوەکەش بەشدار دەبن.
باڵی کوردساتی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، وەک پێویستییەکی سیاسی و رێکخراوەیی، ئەمڕۆ لە هۆڵی ئاشتی شاری سلێمانی بە سەرپەرشتیی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق و ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی کۆنفرانسی تەواوکاری دەبەستن.
باڵی کوردسات دەڵێت، “سەرپێخستنەوەی بزووتنەوەکە لە قازانجی پرۆسەی دیموکراسی هەرێمى کوردستان و تەواوکردنی پرۆژە سیاسیەکەیەتی، دوور لە شێوازی نەریتخوازی حزبی و سوودی گرووپ و بنەماڵە و مادە.”
چەند سەرچاوەیەک لەنێو لە کۆنفڕانسەکە بە زوومیان راگەیاند، باڵی گۆڕانی گردەکەش بەشداریی دەکەن. کۆنفرانسەکە، بۆ بزووتنەوەی گۆڕان یەکلاییکەرەوەیە و دەبێت کۆنگرە ببەستێت، ئەمە سێیەمین وادەیە لەلایەن کۆمسیۆنەوە بۆ کۆنگرەی بزووتنەوەکە دیاری دەکرێت.
رۆژانی پێنج و 26ـی مانگی رابردوو، دوو وادەبوون بۆ کۆنگرەکە دیاری کرابوون، بەڵام لە هیچکامیان کۆنگرەکە ئەنجامنەدرا.