زووم..
مەسرور بارزانى، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەگوێرەی دەستوور حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی ئەوەی هەیە گرێبەست لەبواری نەوت و غاز واژۆ بکات، دەشڵێت، ئەو کۆمپانیایانەی گرێبەستیان لەگەڵ واژۆکردن چەندین ساڵە لە هەرێمی کوردستانن.
مەسرور بارزانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی وەڵامی حکومەتی عێراقی لەبارەی “نادەستووریی” گرێبەستەکانی نەوت و غاز لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان دایەوە و گوتی، “لە دەستوور بەروونی ئەوە باسکراوە مافی ئەوەمان هەیە خۆمان گرێبەستی نەوت و غاز بکەین، بەتایبەتی لە کەرتی گەشەپێدانی غاز و وزە.”
لەمیانی چاوپێکەوتنەکەدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی، ئەو دوو کۆمپانیایەى گرێبەستیان لەگەڵ واژۆ کردوون 15 ساڵە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن.
قسەکانی مەسرور بارزانی دوای ئەوە دێت حکومەتی عێراق لەبارەی گرێبەستە نەوتی و غازییەکانی هەرێمی کوردستان کە هەفتەی رابردوو لە واشنتن واژۆکران گوتی، “نایاسایین و پێچەوانەی دەستوورن”، ئەو گرێبەستانە “پوچەڵن” و تەنها حکومەتی عێراق دەتوانێت گرێبەست بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی نەوت و غاز واژۆبکات.
رۆژی 20ـی ئەم مانگە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی دوو گرێبەستی 110 ملیار دۆلاری لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئێن ئێچ کەی ئێنرجی و وێسترن زاگرۆس واژۆکرد بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی نەوت و غاز لە هەرێمی کوردستان.