رۆژنامە عەرەببیەکان
شەرقلئەوسەت
بەهۆی بەکارهێنانى چەکى کیمیاییەوە ئەمریکا سزاى توند دەخاتە سەر حکومەتى سودان
تامى بروس گوتەبێژەى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا رایگەیاند، بەهۆی ئەوەى لە ساڵی 2024 دا حکومەتى سودان لە دژى نەیارەکانى لە هێزی پشتیوانى خێرا، چەکى قەدەغەکراوى کیمیایی بەکارهێناوە حکومەتى ئەو وڵاتە سزا دەدەین.
گوتیشى، لە رۆژى 6ـى حوزەیرانى داهاتوو سزاکە دەخەینە بوارى جێبەجێکردنەوە کە بریتییە لە سنوردارکردنى هەناردەکان و هەڵگرتنى پاڵپشتیکردنى ئەمریکا بۆ ئەو وڵاتە، لەبەر ئەوەى پابەند نەبووە بە یاسای نێودەوڵەتى.
خالید ئەعیسەر گوتەبێژى حکومەتى سودان، تۆمەتەکانى رەتکردەوە و رایگەیاند، تۆمەکانى نابەجێ و ناڕاستن و نە بنەماى یاسایی تێدایە و نە ئەخلاقیی.
عەرەب
رێککەوتن لەگەڵ هەرێمى کوردستان ناکۆکییەکانى نێوان عێراق و ئەمریکای زیاتر کردووە
وەزارەتى نەوتی عێراق بڵاویکردەوە، مامەڵەکردنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بەبێ ئاگاداریی و ئامادەبوونى بەغداد لەگەڵ هەرێمى کوردستان نادەستورییە.
پەیوەندییەکانى نێوان سودانى و ترەمپ لەباشیدا نییە، هەربۆیە ئەمریکا بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ هەرێمى کوردستان دەکات.
دەستیدەستیکردن لە هەڵوەشاندنەوەى حەشدى شەعبیی بیانووە سەرەکییەکەیەى ترەمپە لە ئیدارەکەى سودانى و بڕینى دەستى ئێران لە هێزە عێراقییەکان و شکستى هێناوە لەو دوو بوارەدا و نەیتوانیوە هەژموونى ئێران بەسەر پەرلەمان و بڕیارەکانى عێراقەوە کەمبکاتەوە.
رۆژنامەى عەرەب ئاماژەى بەوەشکردووە، گرێبەستى کۆمپانیا غازییەکانى ئەمریکا لەگەڵ هەرێمى کوردستان نەک لەگەڵ عێراق هەڕەشەیەکى جدیی واشنتنە بۆ بەغداد و پشتیوانى کردنی ئەمریکایە لە سیاسەتى نەوتیی هەرێمى کوردستان لەم قۆناغەدا. وەک رۆژنامەکە نوسیویەتى بەغداد پێشتر نیگەران بوو لە هاوکاریی هەرێمى کوردستان لە ڕووی سەربازیی و ئەمنییەوە، وا پشتیوانى دارایشى هاتە سەر.
قودسى عەرەبی
سۆماڵ جەنگی یەکلاکەرەوەى لەدژى بزووتنەوەى لاوانى وڵاتەکەى راگەیاند
ئەحمەد موعەلیم فەقێ وەزیری بەرگریی سۆماڵ ئامادەیی وڵاتەکەى راگەیاند بۆ هێرشکردنە سەر بزوتنەوەى لاوانى وڵاتەکەى کە باڵێکى رێکخراوى ئەلقاعیدەن دواى ئەوەى لە چەند رۆژى رابوردوودا خۆکوژێکیان هێرشى کردە سەر سەربازگەیەکى حکومی لە مەقادیشۆی پایتەخت.
وەزیری بەرگریی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی فەرمی وڵاتەکەى -سۆنا-رایگەیاند، هێرشەکانى بزووتنەوەى لاوان بۆ سەرخەڵکی مەدەنى و حکومیی جێگەى قبوڵ نین و هێرشى یەکلاکەرەوەیان دەکەینە سەر.
عەرەبی جەدید
پەیوەندییەکانى نێوان هەسەدە و دیمەشق باش نین
دواى رێککەوتنەکەى نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدى هەمووان چاویان لەسەر ئەوەبوو پەیوەندییەکانى نێوان هەسەدە و دیمەشق زیاتر بەرەو پێشەوە بڕوات، بەڵام ئاماژەکان واناڵێن.
رۆژنامەى عەرەبی جەدید نوسیویەتى، پێناچێت پەیوەندییەکانى نێوان هەسەد و دیمەشق بەرەو باشتربوون بڕوات لەبەر ئەوەى هەردوولا گلەییان لە جێبەجێکردنی خاڵەکانى رێککەوتنەکەى نێوانیان هەیە، رۆژنامەکە نوسیویەتى هەسەدە دوو بژاردە زیاتر لەبەردەمدا نییە، یەکەمیان ئەوەیە هێزەکانى بداتەوە دەستى دیمەشق و ئەوەش بەو مانایە دێت کە دیمەشق دەسەڵاتى بڕواتەوە بەسەر هەموو ئەو ناوچانەدا کە کوردنشینن و تا ئێستاش لەژێر دەسەڵات و ئیدارەى ئەواندایە، یان ئەوەیە بەریەککەوتنى سەربازیی بێتە کایەو جەنگ لە نێوان هەسەدە و حکومەت رووبدات، ئەوەش لە بەرژەوەندیی هیچ لایەکیان نییە.
لە رۆژانى رابردوودا لە پارێزگاى رەقە هەسەدە ژمارەیەک چالاکوانى دەستگیرکردووە، بەتاوانى پەیوەندیی لەگەڵ دیمەشق و ئەوەش ئاماژەیەکی باش نییە بۆ پەیوەندییەکانى نێوان هەردوولا.
لەنێو رێککەوتنەکەدا، هیچ ئاماژەیەک بەوەنەکراوە لەپاش تێکەڵبوونەوەى هەسەدە لەگەڵ سوپاى حکومەت ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتیان رادەستى دیمەشق بکەنەوە، بەڵام ئامانجەکانى حکومەت بۆ یەکخستنەوە و ترس لە دابەشبوون حکومەتى بەرەو کەمکردنەوەى هێزەکانى دەرەوەى خۆی هەنگاو دەنێت.
رۆژنامە فارسییەکان
باختەر
پارێزگارانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی هاوکارییەکان رێککەوتن
کۆبوونەوە دوو رۆژەی پارێزگارانی کرماشان، ورمێ و سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ پارێزگارانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجەی باشووری کوردستان بە ئامانجی پەرەپێدانی هاوکاریی ئابووری، رۆشنبیری و ئاسایشی رێکخراوە.
پارێزگاری کرماشان، مەنوچەهر حەبیبی، گرنگیی ستراتیژیی پارێزگاکەی لە پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ عێراق روونکردەوە، بە ئاماژەدان بە 372 کیلۆمەتر سنووری هاوبەش و پێنج دەروازەی فەرمی.
ئەو باسی تواناکانی کرماشانی لە بواری کشتوکاڵ، پترۆکیمیا و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی و ناوچەی ئازادی قەسرشیرین کرد.
لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری کرماشان بە جیا لەگەڵ پارێزگارانی سلێمانی، هەولێر، هەڵەبجە و دهۆک کۆبووەوە.
لەم دیدارانەدا جەخت لەسەر پەرەپێدانی هاوکاریی ئابووری، رۆشنبیری، زانکۆیی، گەشتیاری و ئاسایشی سنوورەکان کرایەوە.
ئەم کۆبوونەوانە ئاماژەن بۆ ئیرادەی جیدی هەردوولا بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و جێبەجێکردنی پڕۆژەی هاوبەش.

کەیهان
ئیسرائیل دەیەوێت دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا بگاتە بنبەست
کۆبوونەوەی نێوان نوێنەری تایبەتی ترەمپ و بەرپرسانی ئاسایشی ئیسرائیل لە رۆما، پێش دەستپێکردنی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی تاران و واشنتۆن، ئەم راستییە تاڵە ئاشکرا دەکات کە واشنتۆن بە تەواوی لەژێر کاریگەریی تەلئەبیبدایە.
دیپلۆماسی لە خزمەتی پڕۆژە هەواڵگرییەکانی مۆساد و بازنەکانی شەڕخوازانی زایۆنیستدایە و دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆنی بەرەو شکست بردووە.
رۆن دێرمەر، وەزیری کاروباری ستراتیژیی ئیسرائیل و دەیڤید بارنیە، سەرۆکی مۆساد، لەگەڵ ستیڤن ویتکۆف، نوێنەری تایبەتی ترەمپ کۆبوونەوە بۆ رێگری لە رێککەوتن.
ئەم کۆبوونەوەیە نیشان دەدات کە ئەمریکا لە سەردەمی دووەمی ترەمپدا، دەسەڵاتی دیپلۆماسیی بە نەتانیاهۆ سپاردووە.
واشنتۆن دانوستان ناکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، بەڵکو دانوستان دەکات بۆ رێگری لە بەرەوپێشچوونی ئێران و پڕۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئیسرائیلی جێبەجێ دەکات.
ئەسکەناس
گرانبوونی کرێی خوێندن لە قوتابخانە ناحکومییەکان گوشاری خستووەتە سەر بنەماڵەکان
گرانبوونی بەرچاوی کرێی خوێندن لە قوتابخانە ناحکومییەکان بووەتە نیگەرانییەکی سەرەکی بۆ خێزانەکان.
بە گوێرەی یاسا، کرێی ئەم قوتابخانانە بە لەبەرچاوگرتنی چەند فاکتەرێک وەک کوالێتی خوێندن و هەڵاوسان دیاری دەکرێت.
سەرەڕای بوونی سیستەمی چاودێری بۆ تۆمارکردنی سکاڵا، هەندێک قوتابخانە بە پێشێلکردنی یاساکان، کرێی زیاتر لە منداڵان وەردەگرن.
ئەمەش دەبێتە هۆی سنووردارکردنی دەستگەیشتنی خێزانە کەم داهاتەکان بە خوێندنی باش.
پارێزەر ئەسغەر ئیعتمادی هۆکاری سەرەکیی گرانبوونی کرێی خوێندنی بە هەڵاوسان و زیادبوونی خەرجییەکانی رۆژانەی قوتابخانەکان زانی، بەڵام ئاماژەی بەوەشدا کە هەندێک قوتابخانە سوود لە نەبوونی شەفافیەت وەردەگرن.
یاسا ئێستاییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی کرێی خوێندن بەس نین، بەهۆی کەمبوونی چاودێری و ئاڵۆزیی پڕۆسەی سکاڵاکان. ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی جیاوازیی چینایەتی و لاوازکردنی مافی خوێندنی خۆڕایی بۆ هەمووان.
ئیمروز
سوتانی چا لە بەندەرعەباس کاریگەریی خراپی لەسەر بازاڕ داناوە
نزیکەی دووهەزار تۆن چا لە تەقینەوەکەی بەندەرعەباس سووتاوە کە ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوون و گرانبوونی چا لە بازاڕەکانی ئێراندا.
رەزا کەنگەری، سەرۆکی یەکێتیی فرۆشیارانی خۆراک، رایگەیاندووە کە نرخی چای 500 گرام لە ماوەی ساڵێکدا 120 لەسەد بەرزبووەتەوە و زیانی سووتانی دوو هەزار تۆن چا لە تەقینەوەکەی ئەم بەندەرە بە بڕی 12 ملیۆن دۆلار خەمڵێنراوە بەهۆی ئەوەی بەندەری شەهید رەجایی وەک بەندەرێکی سەرەکیی ئێران، رۆڵێکی سەرەکی لە دابینکردنی چا لە هیندستانەوە دەگێڕێت.
ئەم زیانە گەورەیە کاریگەریی نەرێنی لەسەر هێڵی بەرهەمهێنانی کارگەکانی چا دەبێت.
پێویسته وەزارەتی کشتوکاڵ بە خێرایی رێکارەکانی هاوردەکردنەوەی چا ئاسان بکات بۆ ئەوەی بازاڕ تووشی پشێوی نەبێت.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
لە هامبۆرگی ئەڵمانیا ژنێک بە چەقۆ 12 کەسی بریندارکردووە
لە شاری هامبۆرگی ئەڵمانیا ژنێک دەستگیرکرا، ئەم ژنە بە چەقۆ هێرشی کردوەتە سەر خەڵک و 12 کەسی بریندارکردووە.
سێ لە بریندارەکان مەترسی بۆسەر ژیانیان دروستبووە، سێ کەسی دیکەشیان برینەکانیان قورسە. بەڵام ئەو شەش کەسەی دیکە کە بریندارکراون برینەکانیان سووکن.
بە گوێڕەی ئەو ڤیدیۆیە لەبارەی هێرشەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، پەلاماردەرەکە ژنێکی سپیپێستە، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیردەکرێت و دووردەخرێتەوە. پۆلیسی ئەڵمانیا دەڵێت نیازیان نییە بەدوای گومانلێکراوی دیکەدا بگەڕێن.

گاردیەن
لە بەریتانیا تەرخانکردنی دەرماڵە بۆ منداڵانی هەژار دوادەکەوێت
پارتی کرێکاران بەرنامەیەکی هەبوو بودجەیەک بۆ دابینکردنی دەرماڵە بۆ منداڵانی هەژار تەرخانبکات.
رۆژنامەی گاردیەن زانیاریی دەستکەوتووە، کە دابینکردنی دەرماڵەکە بەلای کەمەوە هەتا پاییزی داهاتوو دواخراوە. رەنگە دواخستنی ئەو دەرماڵەیە کاریگەری بخاتە سەر دەیان هەزار منداڵ.
گۆڕانکارییەکی پێشوو وایکرد، کە بۆ هەر خێزانێک تەنها دوو منداڵ دابینی کۆمەڵایەتی بیگرێتەوە، بەڵام ئێستا گفتوگۆ لەسەر ئەوە هەیە، دابینکردنەکە هەموو منداڵانی خێزانەکان بگرێتەوە. بەڵام ئەم گەڕاندنەوەی بودجەیە گفتوگۆی لە نێوانی لیز کینداڵی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و بریجیت فیلیپسنی وەزیری پەروەردەدا دروستکردووە، ئەم دووانە دەیانەوێت تێبگەن لەوەی ئەو سیاسەتە چییە کە ئەو دەرماڵانەی بڕیووە و بۆچی ئێستا ناگەڕێتەوە!

عەرەب نیوز
ئێران ستایشی ئەو بەرەوپێشچوونانە دەکات کە لە گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکادا بەدەستهاتوون
رۆژی هەینی ئەمریکا و ئێران پێنجەمین گەڕی گفتوگۆکانیان ئەنجامدا، هەردوولا دەیانەوێت نیگەرانییەکانی خۆیان لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تارانەوە بڕەوێننەوە.
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ، لە دیدارەکەی رۆمادا میانکارە عومانییەکان چەندان پێشنیازی ئامادەکراویان خستە بەردەستی هەردوولا، ئەمەش وایکرد کارەکەمان سەرکەوتوو بێت.