زووم…
دوای نزیکەی چوار کاتژمێر، گەڕێ پێنجەمی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و هەڵگرتنی سزاکان لە رۆما کۆتاییهات. وەزیری دەرەوەی ئێرانیش رایگەیاند، کێشەکان لەوە ئاڵۆزترن بە چەند کۆبوونەوەیەک بگەینە ئەنجام.
دوای کۆبوونەوەکە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەم گەڕەی دانوستان لەوانی دیکە گرنگتر، پیشەییانەتر و روونتر بۆچوونی خۆمان خستەڕوو، لەهەمان کاتدا، نێوەندگیرەکەمان، چەند پێشنیازێکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان باس کردووە، لەگەڵ لایەنی ئەمریکی تاوتوێی دەکەین، پێدەچێت ئەو پێشنیازانە رێگە چارەسەرێک بۆ کێشەکان بدۆزنەوە.
هیواشی خواست لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا بگەنە رێگە چارەسەرێک بۆ بەرەوپێشبردنی دانوستانەکان. باسی لەوەشکرد، هەڵوێستەکانی تاران روونە، لە ئێستاشدا لایەنی ئەمریکی تێگەشتنێکی باشتری هەیە بۆمان.
لای خۆشییەوە، بەدر بوسعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان و نێوەندگیری دانوستانەکان گوتی، لەم گەڕەی دانوستاندا بەرەوپێشچوونمان بەدی کردووە، بەڵام یەکلاکەرەوە نەبوون، هواشی خواست، لە چەند رۆژی داهاتوودا بگەن بە لێکتێگەشتنێک بۆ بەرەوپێشبردنی دانوستانەکان.
هاوکات ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، لەزاری چەند سەرچاوەیەکەوە گوتوویەتی، لە چەند رۆژی داهاتوودا دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران بەردەوام دەبن و عومان شوێن و کاتی کۆبوونەوەی داهاتوو دیاری دەکات.