ئەنچیلۆتى ماڵئاوایى لە هاندەرانى ریاڵ مەدرید دەکات و دەشڵێت سەرکێشییەکى نوێ دەستپێدەکات.
کارلۆ ئەنچیلۆتى راهێنەرى ریاڵ مەدرید، کە لە دواى یارییەکەى سبەینێ شەممە بەرامبەر ریاڵ سۆسیداد لە هەفتەى کۆتایى لالیگا یانەى ریاڵ مەدرید بەجێدەهێڵێت، لە پێگەى فەرمى خۆى لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان پەیامێکى ماڵئاوایى لە هاندەرانى یانەکە بڵاوکردەوە.
ئەنچیلۆتى دەڵێت: ئەمڕۆ دیسان لەیەک جیادەبینەوە، تا ئەم رۆژە هێشتا چێژ لە هەموو ساتەکانى قۆناغى دووەمە ناوازەکەم وەک راهێنەرى ریاڵ مەدرید وەردەگرم، ساڵانێکى لەبیرنەکراوە، گەشتێکى ئاسایى نییە، پڕ بوو لە خۆشەویستى و نازناو، لەسەروى هەموویەوە شانازى دەکەم بە نوێنەرایەتى کردنى ئەم هێمایە.
ئەنچیلۆتى سوپاسى فلۆرنتینۆ پێرێزى سەرۆک و یانەکە و یاریزانان و فەرمانبەرانى ریاڵ مەدرید دەکات، لە سەروى ئەمانەوە ئەو هاندەرە دەگمەنانەى، کە وایانلێکردووە هەمیشە واهەست بکات یەکێکە لەوان.
دەشڵێت: ئەوەى پێکەوە بەدەستمانهێناوە هەتا هەتایە بەهەڵکەندراوى دەمێنێتەوە لە بیرەوەرى مەدریدیەکاندا، نەک تەنیا بەهۆى بردنەوەکانەوە، بەڵکو بەهۆى ئەو رێگەیەى بردنەوەکانمان پێ بەدەستهێنا، کە شەوانێکى ئەفسوناویان لە بێرنابیۆدا دروستدەکرد، ئێستا بەشێکن لە مێژووى تۆپى پێ.
راهێنەرە ئیتاڵیەکە لە کۆتاییدا گوتى: سەرکێشییەکى نوێ دەستپێدەکات، بەڵام پەیوەندیم لەگەڵ ریاڵ مەدرید بە هەمیشەى دەمێنێتەوە، بەم نزیکانە دەتانبینمەوە مەدریدیەکان، هەلا مەدرید و زیاتر نا.