زووم:
تیمى وزاری یەکێتى نیشتمانى کوردستان، بایکۆتى هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەیەکى فەرمى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکات، لەهەمانکاتدا یەکێتى هەوڵ دەدات ئەنجومەنى باڵاى بەرژەوەندییە سیاسییەکانى حزبەکە هەوڵى ئاساییکردنەوەى دۆخەکە لەگەڵ پارتى دیموکراتی کوردستان بدەن.
ئەمڕۆ، یەکشەممە، 11ى کانوونى یەکەمى 2022 سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە زوومى گوت، دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی حزبەکە لە کۆبوونەوەدایە، یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی بژاردەی بایکۆتی تیمی وزاری یەکێتی لە حکومەت دەبێت.
سەرچاوەکە دەڵێت، هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی بەشداری بکات لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی.
ئەنجومەنى باڵاى بەرژوەندییەکانى یەکێتى کۆسرەت رەسۆڵ سەرۆکێتى، ئەندامەکانى، مەلا بەختیار، قادر حەمەجان، جەعفەر شێخ مستەفا، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، عومەر فەتاح، ئەرسەلان بایز، عەدنان موفتى و دلێرى سەید مەجیدە.
بۆ دڵنیابوونەوە لە زانیارییەکان زووم پەیوەندیى بە چەندین بەرپرس و سەرچاوەى خۆى لەنێو یەکێتى و تیمى حزبەکە لە حکومەت کردووە. سەرچاوەیەک لە تیمی وزاری یەکێتی، بە زوومى گوت، جێگری سەرۆکوزیرانى هەرێمى کوردستان، وەزیرەکان، سەرۆکی دەستەکان و بریکاری وەزارەتەکان لە پشکی یەکێتی بایکۆتی ھەموو کۆڕ و کۆبوونەوەیەکی حکومەت دەکەن.
بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى زووم، بایکۆتەکەى تیمى یەکێتى بۆ کۆڕ و کۆبوونەوە فەرمییەکانى حکومەت و کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیرانە و باسی دەوامى وەزیرەکان لە دیوانى وەزارەت نەکراوە.
یەکێتى لە چەند بابەتێک نیگەرانە، نزیکەى دوو مانگە قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکوەزیران بەشدارى کۆبوونەوەکانى ئەنجومەنى وەزیران ناکات، لە بارەگاى مەکتەبی سیاسی یەکێتى لە هەولێر دیدار و کۆبوونەوەکانى لەگەڵ شاندە بیانییەکان ئەنجام دەدات.
بەڵام لە هاتنى کاتالین نۆڤاک، سەرۆکى هەنگاریا بۆ هەولێر نە خۆی و نەهیچ وەزیرێکى یەکێتى بەشدارییان لە پێشوازیکردن و کۆبوونەوە و ماڵئاواییکردنیدا نەکرد، کە رۆژانى هەینى و شەممە لە هەولێر بوو، تەنها جەعفەر شێخ مستەفا، جێگرى سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە هاتنى سەرۆکى هەنگاریا کرد.