زووم..
سەرچاوەیەک لە شاندی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا بە زوومی راگەیاند، دوای گەڕانەوەی شاندەکە راستەوخۆ شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان سەردانی بەغداد دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بەغداد بە تایبەتی وەزارەتی نەوت کۆدەبێتەوە.
گوتیشی، شاندەکەی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوە دەچێتە بەغداد، بە بەرپرسانی باڵای عێراق و وەزارەتی نەوتی عێراق بڵێت ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ دوو کۆمپانیا ئەمریکیەکە کراون گرێبەستی تەواو یاساین و لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقیشە.
دەشڵیت، دەیانەوێت بەغداد رازی بکەن ئەو دوو گرێبەستە لە بەرژەوەندی هەموواندایە، گرێبەستەکان بە شاراوەیی نەکراون، تکایە ئێوەش هاوکاربن و دژی گرێبەستەکان مەوەستنەوە، چونکە عێراقیش پێویستی بە غازی سرووشتیە.
رۆژی 20 ئەم مانگە لە واشنتن حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو رێککەوتننامەی لە بواری وزە لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئەمریکی ئێج کەی ئێن ئینێرجی و ویستێرن زاگرۆس واژۆکرد، لە کاردانەوەی ئەم دوو گرێبەستە وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند گرێبەستە نوێکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە وزە پوچەڵن و رەتیاندەکەنەوە.