زووم..
سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە زوومی راگەیاند، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراق دڵنیایی پێداون رۆژی 27ـی ئەم مانگە کە دەکاتە سێشەممەی داهاتوو، تەمویلی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت، ئەو دەشڵێ، رۆژی یەکشەممە لە وەزارەتی دارایی عێراق دەست بە وردبینیکردنی لیستی مووچەی ئەم مانگە دەکرێت و لە ماوەی دوو رۆژدا تەواو دەبێت.
دەشڵیت، راستەوخۆ لەگەڵ گەیشتنی تەمویلەکە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی پێننج دەکەن، دەیانەوێت و پلانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانە پێش جەژنی قوربان مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەیان وەرگرتبێت.
سەبارەت بە سەردانی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بۆ سعودیە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج، سەرچاوە باڵاکەی وەزارەتی دارایی کوردستان گوتی، تەیف سامی تاوەکو 29 مانگ لە عێراقە، پێش ئەوەی بچێتە حەج رێککارەکانی ناردنی تەمویلی ئەم مانگە تەواودەکات و فەرمانی ناردنی پارەکەش لەلایەن سەوسەن خزەیر خەڵەف بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراق بەوەکالەت واژۆ دەکرێت، ئەو بە تەنزەوە گوتی، پێش جەژن مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچە وەربگرن حەجی حاجیە تەیف قبوڵتر دەبێت.