زووم..
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، لابردنی سزاکانی سەر سوریا کاتێکی دیاریکراو دەخایەنێت، کاری چڕ دەکەن لەسەر لابردنیان لە زووترین کاتدا.
تامی بروس گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، لابردنی سزاکان کاتێکی دیاریکراو دەخایەنێت هەتا رێنمایی لە سەرۆکەوە دەگات، وەزارەتەکانی دەرەوە و گەنجینە بەچڕی لەسەر ئەم بابەتە کاردەکەن.
گوتیشی، دۆناڵد ترەمپ، هەڵوێستی ئاشکرای لەسەر لابردنی سزاکانی دیمەشق هەیە و ئێستا ئیتر کاتێتی و کارەکە بەخێرایی بەڕێوەدەچێت.
هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ و یەکێتیی ئەوروپا هەردووکیان رایانگەیاند، ئەو سزا ئابوورییانە لادەبەن کە لە ماوەی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بەسەر سوریادا سەپێنراون.
دوێنێ گوتەبێژی سندوقی دراوی نێودەوڵەتیش رایگەیاند، لەگەڵ تیمی ئابووریی سوریا قسەیان کردووە و خۆیان ئامادەدەکەن بۆ پشتیوانیی هەوڵەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بۆ دووبارە بنیادنانەوەی ئابووریی سوریا کە زیاتر لە دەیەیەکە بەهۆی شەڕی ناوخۆوە گەیشتە خراپترین ئاستی مێژووی خۆی.