زووم..
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
ئایریش تایمز: شەپۆلی گەرمای دەریایی دۆخێکی نائاسایی دروستکردووە
زانایانی کەشوهەوا رایانگەیاندووە، پلەی گەرمای دەریا لە کەناراوەکانی ئایرلەند زۆر لە ئاستی ئاسایی بەرزترە و شەپۆلێکی گەرمای دەریایی زۆر نائاسایی دروستکردووە.
داتاکانی نووسینگەی کەشوهەوای بەریتانیا نیشانیدەدەن کە پلەی گەرمای رووی دەریا تا 4 پلەی سەدی لە ئاستی ئاسایی بەرزترە.
پاوڵ موور زانای کەشوهەوا لە میت ئایران گوتی، دوایینجار کە پلەی گەرمای دەریا لە ئایرلەند بەم شێوەیە بەرزبوو، لە مانگی حوزەیرانی 2023 بوو کە پەیوەستبوو بە ماوەیەکی وشک و خۆراوی.
شەپۆلە گەرمییەکانی دەریا دەتوانن کاریگەریی وێرانکەریان هەبێت، وەک سپیکردنەوەی مەرجانییەکان، بڵاوبوونەوەی قەوزەی زیانبەخش و تێکدانی زنجیرەی خۆراکی دەریایی و مردنی زیندەوەرانی دەریا.
ژاپۆن تایمز: کۆشکی سپی لە سەردەمی ترەمپدا بووەتە شوێنی بۆسەی سیاسی
جاران بانگهێشتنامەیەک بۆ کۆشکی سپی بۆ سەرکردەکانی جیهان خەڵاتێکی بەنرخبوو، بەڵام لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپدا بووەتە بۆسەیەکی سیاسیی دڕندانە.
سیریل رامافۆسا سەرۆکی ئەفریقای باشوور بووە دوایین قوربانی لە زنجیرەیەکدا کە بە کێشە بەناوبانگەکەی ترەمپ لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زێلینسکی سەرۆکی ئۆکراین دەستیپێکرد.
سەرکردەکان بە دڵەڕاوکێوە لەسەر کورسییەکانیان دادەنیشتن و چاوەڕێی ئەوەن بزانن چی روودەدات. هیچ کەسێک پێش ئەوەی بگاتە ئەوێ نازانێت ترەمپ چۆن رەفتار دەکات.
کاتێک کامێراکان رێگەیان پێدەدرێت بچنە ناو ژوورە تایبەتەکەی کۆشکی سپی، ئەوان لەسەر پەتێکی سیاسی مەترسیدار دەڕۆن و هەموو جارێک زۆر نزیکن لە دووبارەبوونەوەی رووداوەکەی زێلینسکی، و ئەمە بە روونی پلان بۆ داڕێژراوە.
ئۆرشەلیم پۆست: تەقەکەرەکەی واشنتن ئەندامێکی چالاکی گرووپێکی فەڵەستینییە
ئەلیاس رۆدریگێز تەمەن 30 ساڵ کە دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی ئیسرائیلی لە دەرەوەی مۆزەخانەی جووەکان لە واشنتن دی سی کوشت، ئەندامێکی چالاکی پارتی سۆسیالیزمە و رزگاری بووە کە گرووپێکی چەپڕەوی مارکسیستی و لایەنگری فەڵەستینە.
رۆدریگێز خەڵکی شیکاگۆیە و لەکاتی دەستگیرکردنیدا هاواری دەکرد فەڵەستین ئازاد بێت بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زمانی ئینگلیزیدا هەیە و وەک توێژەرێکی مێژووی زارەکی و پاشان وەک پسپۆڕێکی کارگێڕی کاریکردووە.
لە ساڵی 2020ـدا بەخشینێکی سیاسی بە کەمپەینی جۆ بایدن کردووە. رۆدریگێز پێشتر رایگەیاندووە کە دانیشتووانی رەشپێستی ئەمریکا گوشاریان لەسەرە.
عەرەب نیوز: تورکیا گازی سروشتی و کارەبا بۆ سوریا دابیندەکات
بەرپرسانی تورکیا رۆژی پێنجشەممە رێککەوتن لەسەر گواستنەوەی 2 ملیار مەتر سێجا گازی سروشتی ساڵانە بۆ سوریا کە یارمەتیدەر دەبێت لە بەرهەمهێنانی کارەبای زۆر پێویست. ئەنقەرە هەروەها 1000 مێگاواتی دیکە کارەبا بۆ پێداویستییە کورتخایەنەکانی سوریا دابیندەکات.
ئاڵپئارسڵان بایراکتار وەزیری وزەی تورکیا، دوای گفتوگۆ لەگەڵ محەمەد ئەل بەشیر وەزیری وزەی سوریا لە دیمەشق رایگەیاند، ئەمە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد دەکات و کاریگەری ئەرێنی لەسەر پێداویستییەکانی گەلی سوریا دەبێت.
هەردوو وەزیرەکە هەروەها باسیان لە تەواوکردنی هێڵێکی بەهێزی کارەبا کرد کە هەردوو وڵات بەیەکەوە دەبەستێتەوە و کۆمپانیا تورکییەکان لە کەرتی کانزاکان، فۆسفات، بەرهەمهێنانی کارەبا و دابەشکردنی کارەبا لە سوریا وەبەرهێنان دەکەن.
بایراکتار گوتی، کارێکی چڕوپڕ لەسەر دۆزینەوەی سەرچاوە سروشتییە نوێکان، چ گاز بێت یان نەوت، لە وشکانی یان لە دەریا، لە ئارادایە.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت: تاران هۆشداریی دەدات لە هێرشی ئیسرائیل بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانى
لە سەروبەندی دانوستانەکانی لەگەڵ واشنتن، تاران هۆشداری توند دەداتە ئیسرائیل و کۆشکى سپی، بۆ هەر ئەگەرێکی هێرشی تەلئەبیب بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان.
سوپای پاسداران رایگەیاند، ئیسرائیل دووچاری وەڵامێکی توند و بەزەبر دەبێتەوە ئەگەر هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانى ئێران، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ دەزگای هەواڵگری ئەمریکا کە پێشتر رایانگەیاندبوو، ئیسرائیل خۆی ئامادەکردووە هێرشبکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانى تاران.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لە پەیامێکیدا لەڕێى ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان ناردویەتى دەڵێت، واشنتن رووبەڕووی بەرپرسیارێتییەکى قورسی یاسایی دەبێتەوە ئەگەر ئیسرائیل هێرشبکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانى ئێران.
قودسی عەرەبی: کۆمەڵکوژیی غەزە بەردەوامە و نەتانیاهۆ شکستی بە رێککەوتنی ئاگربەست هێنا
هێرش و بۆردومانى چڕی سەر کەرتى غەزە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بەردەوامە، هەر دوێنی زیاتر لە 60 کەس کە زۆرینەیان مەدەنی بوون و لەنێویاندا ژن و منداڵ هەبوو بە هێرش و بۆردومانەکانى ئیسرائیل کوژران.
بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوزیرانى ئیسرائیل، سەرجەم ئەندامانى شاندی دانوستانی لە دەوحەى پایتەختى قەتەر کێشایەوە، بەبیانووی ئەوەى گفتوگۆکان نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێک.
بەگوێرەى رۆژنامەى قودسى عەرەبی، کردنەوەى رێڕەوی هاوکارییەکان بۆ لێقەوماوانى کەرتەکە، گۆڕانکاریی ئەوتۆی لە برسییەتى و پێداویستییە سەرەتاییەکان و کوژرانەکانى خەڵکی غەزە کەمنەکردووەتەوە، بەڵکو هێرش و بۆردومان و کۆمەڵکوژییەکانى ئیسرائیل وایکردووە ئازار و برسییەتی و پێداویستییەکانیان زیاتر بێت.
عەرەبی جەدید: ئەردۆغان دەڵێت، پێویستە دیمەشق بەخێرایی رێککەوتنەکەی لەگەڵ هەسەدە جێبەجێبکات
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، حکومەتی دیمەشق و بەرپرسانى ئیدارەى نوێی سوریا دەخاتە پەلەپەلەوە بۆ جێبەجێکردنى ئەو رێککەوتنەى لەگەڵ هێزەکانى سوریای دیموکرات هەسەدە ئەنجامیانداوە بۆ رادەستکردنى چەکەکانیان و تێکەڵکردنیان بە سوپای نویی سوریا لەژێر چەتری وەزارەتى بەرگریی نوێ ئەو وڵاتە.
ئەردۆغان دەڵیت، بەوردی چاودێریی ئەو دۆسیەیە دەکەن، ورتر چاویان لەسەر یەکینەکانى پاراستنى گەلە، چاویشیان لەسەر ئەو دەسەڵاتەیە لە ماوەکانى داهاتوودا سنوورەکان بەڕێوەدەبات.
دەشڵێت، لەگەڵ عێراق و سوریا و ئەمریکا لیژنەیەکیان بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بەو کەمپ و زیندانیانەی ئەندامانى داعش پێکهێناوە کە لە باکوری رۆژهەڵاتى سوریا لەژێر دەسەڵاتى هێزەکانى سوریای دیموکراتدان.
عەرەب: هەرێمی کوردستان پێگەی خۆی وەک هاوبەشێکی متمانەپێکراو بۆ ئەمریکا چەسپاند
هەرێمی کوردستان لەڕێی سەردانەکەی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ واشنتن، هەنگاوێکی نوێی بە ئاراستەی دەوڵەمەندکردن و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکادا نا.
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، بەشێکی سەرەکییە لەکارەکتەرە سەرەکییەکانى ئەو رێبازە، بۆ بەهێزکردنی هاوبەشی نوێ لەگەڵ ناوچەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە بواری وەبەرهێنان و کەرتى وزە.
سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریکا، نیشاندەری ئەوەیە هەمیشە سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان، بە تایبەت پارتى دیموکراتى کوردستان، خۆی وەک هاوبەشێکی متمانەپێکراو لای ئەمریکا نیشانداوە کە وەڵامدەرەوەی سیاسەتی ئەمەریکایە بەرامبەر بە عێراق.