زووم..
وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، کەمبوونەوەی هاوردەی غازی ئێران زیانی سێ هەزار و 500 مێگاوات کارەبای لێداوین، مانگی داهاتووش ئاڵەنگارییەکانیان سەختتر دەبێت.
وەزارەتی کارەبای عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەڵێ، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە مانگی داهاتوودا، پێشبینی دەکەن پێویستی غاز بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ 55 ملیۆن مەتر چوارگۆشەی رۆژانە بەرزببێتەوە، بەوەش نزیکەی پێنج هەزار و 300 مێگاوات کارەبا لەدەستدەدەن.
وەزارەتی کارەبا دەشڵێ، لە ئێستادا لەگەڵ وەزارەتی نەوت سەرقاڵی ئامادەکردنی پلانێکن بۆ ئەوەی قەرەبووی کەمبوونەوەی غازی عێراق بکەنەوە.
جەختیشیکردووەتەوە، سەرەڕای هەموو ئاڵەنگارییەکان بەردەوامن لە جێبەجێکردنی پابەندییەکانیان بۆ باشترکردنی دۆخی کارەبا، لە ئێستاشدا، نۆژەنکردنەوەی بەشێکی زۆری وێستگەکانی کارەبا تەواوبوون، تەنها دابینکردنی سوتەمەنی ماوە بۆ ئەوەی دەستبکەن بە دابینکردنی کارەبا.