زووم..
وەزارەتی دارایی عێراق بۆ پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەران رێنمایی نوێی دەرکرد و داوا لە فەرمانگەکان دەکات بەخێرایی مامەڵەی فەرمانبەران جێبەجێبکرێت.
بەگوێرەی نوسراوێک کە واژۆی سادق هوەید عەباس بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕیی و دارایی سەرچاوە مرۆییەکانی وەزارەتی دارایی لەسەرە و لەبارەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران رۆژی 21ـی ئەم مانگە ئاڕاستەی تەواوی پێکهاتەکانی وەزارەتەکە کراوە.
ئاماژەی بەو بڕیارانەداوە کە لە کۆبوونەوەیەکی رۆژی 28ـی مانگی رابردووی وەزارەتی دارایی کراوە و ٧ـی ئەم مانگە تەیف سامی واژۆی لەسەرکردووە.
دەشڵێت، بەدواداچوون بکرێت بۆ رێکارەکانی فەرمانگەکان لەبارەی پلەبەرزکردنەوە و هەژمارکردنی بڕوانامەی خوێندن و ماوەی خزمەتیان بەشێوەی خولی، جگە لەوانەش ناوى ئەو فەرمانگانەى ئەرکەکانیان لەوبارەیەوە ئەنجامنادەن رادەستی وەزیری دارایی بکرێت.
نوسراوەکە ئاماژەی بەدروستکردنی گرووپی واتسئاپ کردووە بۆ تەواوی بەڕێوەبەری بەشەکان بۆ چارەسەری کێشەی فەرمانبەران و بەدواداچونی خێرا بۆ داواکارییەکان لە پارێزگاکان. هەروەها پابەندبوون بە وردبینی بۆ پلەبەرزکردنەوە و هەژمارکردنی بڕوانامەی خوێندن و ماوەی خزمەتی ئەو فەرمانبەرانەی بەهۆکارى سیاسی لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە.