زووم..
بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە بەردەوامە، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆشەوە تائێستا، لانیکەم 19 کەس بەهۆی بۆردومانەکانەوە کوژراون.
ئاژانسی رۆژنامەنووسیی فەڵەستین دەڵێ، لە بۆردومانەکانی ئەمڕۆدا، پەناگەیەکی ئاوارەکانی غەزە لە ناوچەی بەرەکە لە دێربەلەحی ناوەڕاستی غەزە کراوەتە ئامانج و بەوهۆیەوە 10 هاووڵاتی کوژراون، لە گەڕەکی شیخ رزوانیش لە باکووری رۆژئاوای غەزە، فڕۆکەکانی ئیسرائیل ماڵێکیان بۆردومانکردووە، لە ئەنجامدا پێنج کەس کوژراون و هەشتی دیکەش برینداربوون.
لە باشووری خان یونسیش دوو کەسی دیکە لەلایەن درۆنەوە بەئامانجگیراون، دوو هاووڵاتی دیکەش بەهۆی بۆردومانەوە لە ناوەڕاستی غەزە کوژراون.
هاوکات ئاژانسی هەواڵ و زانیاریی فەڵەستینیش ئاماژەی بەوەکردووە، تانک و زرێپۆشەکانی ئیسرائیل گەمارۆی نەخۆشخانەیەکی ناوچەی تەل زەعتەری باکووری غەزەیان داوە، بەهۆی تەقەی هێزەکانی ئیسرائیلەوە، ئاگر لە چادرگەیەکی ئاوارەکان لەنێو گۆڕەپانی نەخۆشخانەکە کەوتووەتەوە.
بەگوێرەی تەندروستیی غەزە، لەدوای دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل لە 18ی ئازاری ئەمساڵەوە، سێ ھەزار و 509 کەس لە غەزە کوژراون.