سبەینێ ناپۆلى و کالیاری رووبەڕووى یەکدەبنەوە، ئینتەر میلانیش دەبێت بە میوانى کۆمۆ و نازناوى سێریا ئەى یەکلادەبێتەوە.
سبەینێ هەینى 23ى ئایارى 2025، بە دوو یارى لە کاتژمێر نۆ و 45 خولەکى شەودا کێبڕکێکانى هەفتەى 38 و کۆتایى خولى پلە یەکى ئیتاڵیا دەستپێدەکەن.
یانەى ناپۆلى لە یاریگاى دێگۆ ئەرماندۆ مارادۆنا، میواندارى یانەى کالیارى دەکات، یانەى ئینتەر میلانیش لە دەرەوەى یاریگاى خۆی، رووبەڕووى یانەى کۆمۆ دەبێتەوە.
ناپۆلى بەبردنەوە نازناوى خولەکە مسۆگەر دەکات، هاوکات بە یەکسانبوون یان دۆڕاندنیش دەبێت بە پاڵەوانى خولەکە، ئەگەر ئینتەر میلانیش یەکسانبێت یان بدۆڕێت.
لە ئێستادا ناپۆلى بە 79 خاڵ لە پێشەنگى ریزبەندى سێریا ئەیدایە و بەجیاوازى تەنیا خاڵێک لە پێش ئینتەر میلانى پلەى دووەمەوەیە.
ئەم یارییە بۆ ئینتەر میلان لە کاتێکدایە، کە 31ى ئەم مانگە یارى کۆتایى خولى یانە پاڵەوانەکانى ئەوروپا بەرامبەر یانەى پاریس سان جێرمانى فەڕەنسى ئەنجام دەدات، کە لە یاریگاى ئەلیانز ئەرینا لە شارى میونشنى ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت.