زووم…
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوست
تائێستا 24 هەزار حاجی عێراقى لەڕێى وشکانییەوە چوونەتە سعودیە
جێگری کۆمەڵەى خزمەتگوزاریی حاجییان و عومرەکاران رایگەیاند، لە 15ـى ئەم مانگەوە تائێستا لە دەروازە سنوورییەکانی نێوان عێراق و سعودیە 24 هەزار هاووڵاتى بەمەبەستى ئەنجامدانى فەریزەی حەج چوونەتە سعودیە.
هادی شمەرى راشیگەیاند، لە عێراق و سعودیە ئاسانکاریی زۆرکراوە بۆ حاجییان تا بتوانن گەشتێکى سەلامەت ئەنجامبدەن، گوتیشى رێکخراوەکەیان هەموو خزمەتگوزارییەک پێشکەش بە حاجییانى وڵاتان دەکات لەکاتى گەشتنیان بە سعودیە تا کاتى گەڕانەوەیان، کە بریتین لە میوانداریی و شوێنى مانەوە، خواردن و خواردنەوە و ئاسانکاریی لەکاتى هاتن و گەڕانەوەیان لە سنوورەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، 500 گەنجی خۆبەخش لە هەردوو رەگەز بێبەرامبەر ئامادەن لەو بوارانەدا خزمەت بە حاجیان بکەن، دەشڵێ تەنها بۆ عێراقییەکان 13 شوێنى پشودانیان لەڕێگەدا ئامادەکردووە و لەگەڵئەوەشدا خزمەتى شاندە حکومی و خزمەتگوزارییەکانیش لەئەستۆدەگرن کە لەگەڵ حاجییاندا هاتوونەتە ئەو وڵاتە.
سەباح
وەزارەتى بازرگانیی عێراق قەرزی پیشەسازیی بە پیشەوەران دەدات
مالیک خەڵەف وادی بەڕێوەبەرى پەرەپێدانى کەرتى تایبەت لە وەزارەتى بازرگانیی عێراق رایگەیاند، وەزارەتەکەیان 250 ملیار دیناری ئامادەکردووە وەک پێشینەى پیشەوەریی بۆ هاوکاریی پیشەوەرانى بچووک و تەنها مەرجیش پشتگیریی ئەنجومەنى ئابوورییە لە ئەنجومەنی وەزیران و بەشێوەیەکى قیست و بۆ ماوەى درێژ لێیان وەردەگیرێتەوە.
گوتیشى، وەزارەتەکەیان پرۆپۆزەڵێکیان ئامادەکردووە بۆ ئەوەى لە مانگى داهاتوودا لەگەڵ رێکخراوى کارى نێودەوڵەتى لەسەرى رێکبکەون و پێکەوە کاری لەسەر بکەن کە پەیوەستە بە ئاسانکاریی لە بوارى دەستکەوتنى کار و پیشەدا لە عێراق.
ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، کارەکە هەموو پیشەیەکى کەرتى تایبەت دەگرێتەوە و سەرجەمیان لەنێو نامیلەکەیەکدا کۆکراونەتەوە، بۆیە لە بوارى پیشەسازییدا دەرگایان کراوەیە بۆ سەرجەم وڵاتانى عەرەبی و جیهانیش تا بوارەکە پێشبکەوێت و بۆ ئەومەبەستەش لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتیش لە پەیوەندییدان.
عەرەب
ماکرۆن: لەمەودوا لەناو فەرەنسا رووبەڕووی ئیخوان موسلمین دەبینەوە
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکایەتى کۆبوونەوەیەکى ئەمنیی تایبەتى کردووە سەبارەت بە کار و چالاکیی ئیخوان موسلمین لە وڵاتەکەى و تیایدا ئامادەبووان کاریگەرییەکانى ئەو رێکخراوەیان لەسەر فەرەنسا خستووەتەڕوو و ماکرۆن رایگەیاند، چیتر فەرەنسا چاودێریی کار و چالاکییەکانى ئەو رێکخراوە ناکات و کاردەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەیان.
ئامادەبووان ئاماژەیان بە زیادبوونى کار و چالاکیی و فراوانبوونى رێکخستنەکانی ئیخوان موسلمینیان کردووە و جەختیانکردووەتەوە مەترسیی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی فەرەنسا دروستدەکەن بەتایبەتى کاریگەرییان هەیە لەسەر پرۆسەى تێگەیشتنى کۆمەڵگە بۆ چەمک و بەهاکان و دامەزراوە ئایینى و پەروەردەییەکان و رێکخراوە رۆشنبیرییەکان و بەئاشکرا دروشمەکانى دژ بە عەلمانیەت بەرزدەکرێتەوە کە بنەماى دامەزراندنى دەوڵەتى فەرەنسایە.
هاوکات ئامادەبوون رایانگەیاندووە، ماوەیەکى زۆرە حکومەت چاودێریی کار و چالاکییەکانیان دەکات و پێویستە لەمەودوا لەڕێى سیاسی و یاساییەوە رووبەڕوویان ببینەوە.
کۆشکی ئیلیزێش لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، بەشێک لە کۆبوونەوەکە بەنێھنى و دوور لە چاوى میدیاکان ئەنجامدراوە.
دەستور
تەنها لە مانگی نیساندا 5665 حاڵەتی جیابوونەوە لە عێراق تۆمارکراوە
ئەنجوومەنی باڵاى داوەریی عێراق ئاماری هاوسەرگیریی و جیابوونەوە فەرمییەکانى مانگی نیسانى ئەمساڵی وڵاتەکەى بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق جگە لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان ژمارەى ئەو هاوسەرانەى لە یەکتریی جیابوونەوەتەوە و لە دادگاکان تۆمارکراون پێنج هەزار و 665 خێزانە.
گوتیشى، زۆرینەى جیابوونەوەکان لە بەغداد و بەسرە تۆمارکراون، لە هەمانکاتدا ئەنجوومەنى دادوەریی رایگەیاندووە، ژمارەى ئەو هاوسەرگیرییانەى تۆمارکراون 28 هەزار و 853 هاوسەرگیریی بوون.
بەگوێرەى بەدواداچوونە رۆژنامەوانییەکان، هۆکارەکانى جیابوونەوەى هاوسەران لە عێراق زۆرن لەوانەش، ناسەقامگیریی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتى و یەکێکى دیکە لە هۆکارە گەورەکان هاوسەرگیریی منداڵانە و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانیش بەشێکی سەرەکین لە پاڵنەرەکانى جیابوونەوە.
بەگوێرەى ئامارەکانى ئەنجوومەنى دادوەریی لە مانگی نیساندا لەبەرامبەر هەر پێنج هاوسەرگیرییەک، یەکێکیان بە جیابوونەوە کۆتاییهاتووە.
رۆژنامە فارسییەکان
مەردوم سالاری
کەمبوونەوەی بارانبارین لە ئێران خەڵکی بێهیواکردووە
سادق زیاییان سەرۆکی سەنتەری نیشتمانیی پێشبینی و بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی کەشوهەوا رایگەیاند، ئێران رووبەڕووی کەمبوونەوەیەکی بەرچاوی بارانبارین بووەتەوە.
گوتیشی، لە سەرەتای ساڵی کشتوکاڵی و ئاوییەوە، رێژەی بارانبارین نزیکەی %40 کەمیکردووە بەراورد بە تێکڕای درێژخایەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، وەرزی بەهاری ئەمساڵیش باش نەبووە و پێشبینیدەکرێت کەمبارانی تا کۆتایی مانگی حوزەیران بەردەوامبێت. سەنتەرەکە پێشبینیدەکات هاوینی ئەمساڵ گەرمتر بێت، بە جۆرێک پلەی گەرما نزیکەی دوو پلە بەرزتر دەبێت لە تێکڕای درێژخایەن.
جەهانی سەنعەت
لە ئێران هەزاران ئەندامی جەستە دەخرێنە ژێر خاکەوە
لە ئێران ساڵانە نزیکەی هەشت هەزار حاڵەتی مردنی مێشک تۆماردەکرێت، بەڵام تەنها نزیکەی 25٪ـی خێزانەکان رەزامەندی دەدەن بە بەخشینی ئەندامەکانی جەستە.
ئەمەش بەو مانایە دێت کە هەزاران دەرفەت بۆ رزگارکردنی ژیانی نەخۆشە پێویستەکانی گواستنەوەی ئەندام لەدەستدەچێت.
کەتایون نەجەفیزادە بەڕێوەبەری کۆمەڵەی بەخشینی ئەندامی ئێرانییەکان، رایگەیاند، ساڵانە نزیکەی شەش هەزار ئەندامی گواستنەوەیی دەخرێنە ژێر خاکەوە، لەکاتێکدا زیاتر لە 27 هەزار نەخۆش لە لیستی چاوەڕوانی گواستنەوەدان. رۆژانە نزیکەی 12 کەس بەهۆی نەگەیشتنی ئەندامی گونجاوەوە گیان لەدەستدەدەن.
لە ئێران تەنها نزیکەی هەشت ملیۆن کەس کارتی بەخشینی ئەندامیان هەیە. هەموو خزمەتگوزارییەکانی گواستنەوەی ئەندام بە تەواوەتی خۆڕایین و ئێران لە ئاستی ئاسیا لە پێشەوەی وڵاتانە لەم بوارەدا.
جەوان
سبەینێ گەڕی پێنجەمی دانوستانی ئێران و ئەمریکا بەڕێوەدەچێت
وەزارەتی دەرەوەی ئێران بانگهێشتی عومانی بۆ دانوستانەکان قبوڵکرد و بڕیارە سبەینێ تیمی دانوستانی ئێران بگاتە رۆما بۆ دەستپێکردنی خولی نوێی گفتوگۆکان.
ئەمریکا فشارێکی زۆری خستووەتە سەر ئێران بۆ رێککەوتن بێ ئەوەی مافی پیتاندنی هەبێت.
بەرپرسانی ئێران جەخت لەسەر بەردەوامبوونی پیتاندنی یۆرانیۆم دەکەنەوە و بە رەشبینی سەیری داهاتووی دانوستانەکان دەکەن، بەڵام هێشتا دیار نییە ئایا ئەمە دوایین گەڕی دانوستانەکان دەبێت یان هەردوولا ناچارن درێژە بە رێگەی دیپلۆماسی بدەن بۆ رێگری لە دەستپێکردنی جەنگ.
ئارمانی میللی
زیادکردنی نرخی شیر لە ئێران بەرهەمە شیرەمەنییەکانی لەسەر سفرەی خەڵک کەمکردووەتەوە
دوای بڵاوکردنەوەی بڕیاری زیادکردنی نرخی شیری خاو لە 18 هەزار تمەنەوە بۆ 23 هەزار تمەن بۆ هەر کیلۆیەک، گوتەبێژی ئەنجومەنی پیشەسازیی بەرهەمە شیرەمەنییەکان هۆشداریدا لەسەر کەمبوونەوەی بەرهەمە شیرەمەنییەکان لەسەر سفرەی خێزانەکان و داوای چارەسەریکرد بۆ قەرەبووکردنەوەی هێزی کڕینی خەڵک.
شیر تەنها خواردنەوەیەکی رۆژانە نییە، بەڵکو بەشێکە لە بنەمای خۆراکی تەندروست. بەڵام لە ئێران، ئەم بەرهەمە گرنگە وردە وردە لەسەر سفرەی بەشێکی بەرچاوی خەڵک نامێنێت.
کەمبوونەوەی رێژەی بەکارهێنانی شیر و بەرهەمە شیرەمەنییەکان لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا، زەنگێکی ئاگادارکەرەوەیە بۆ سیاسەتمەدارانی بواری تەندروستی و کشتوکاڵ.
بەگوێرەی راپۆرتە فەرمییەکان، ئێرانییەکان کەمتر لەنیوەی ستانداردی جیهانی شیر بەکاردەهێنن، کە دەتوانێت کاریگەریی نەرێنی قەرەبوونەکراوەی لەسەر تەندروستی ئێسک و سیستمی بەرگریی جەستە هەبێت.
رۆژنامە تورکییەکان
تورکیا
دوایین حەق و حیساب لە سوریا دەکرێت
ئەو 10 رۆژەی لە سوریا درابوو بە یەپەگە بۆ دانانی چەکەکانیان رۆژی 3 شەممە کۆتایی دێت، هەر بەم هۆیەوە جموجۆڵەکان لە ناوچەکە زیاتر بوون، رێکخراوەکە چەک و درۆن و چەکدارەکانی رەوانەی ناوچەی گەرمی بەریەککەوتنەکان کردووە، ئەوەش زانراوە کە لە قەندیلەوە 100 چەکدار چوونەتە سووریا.
تورکیا لەگەڵ سوریا لە هەماهەنگیدایە، ئیبراهیم کاڵن سەرۆکی ئاژانسی میللی ناسراو بە میت لەگەڵ جەنەڕاڵ ئاڵپای لە دیمەشق لەسەر ئەم پرسە قسەیان کردووە و گوتوویانە، ێگە بە دابەش بوون نادەین، لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی رێکخراوەکە چەند مانگرتنێک دەستپێدەکات، لەگەڵ هەندێک بیرۆکراتی سەربازی سوری باڵادا قسەمان کردووە، ئەوان دەڵێن، سەرەڕای هەموو داواکاریەکانمان هەوڵی دەستخستنی کات دەدەن، جگە لەوە عەلەوییەکان و دروزیەکانیاشیان پڕچەک کردووە. هاتنەناوەوەی تەواوی سوریایان داخستووە، هەواڵدەری ئەوەمان پێ دەگات کە هەندێک لە وڵاتان هەماهەنگن لەگەڵیاندا، بەڵام دڵنیابن هەرگیز رێگە بە دابەشبوون نادەین.
ئادینلک
ئەمریکا نەیتوانی سوریا بکاتە فیدڕاڵی دەخوازێت پارچە پارچەی بکات
دۆغوپەرینچەک سەرۆکی پارتی وەتەن بەمشێوەیە باس لە هەڕەشەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە سوریا دەکات و دەڵێت، ئەمریکا و ئیسرائیل لە سوریا نەگەیشتنە ئامانجی خۆیان کە فیدڕاڵی بوو، هەر بۆیە ئەگەری زۆرە پێکدادانی ناوخۆیی زیادبکەن، چونکە هەرچەندە ئیدارەی نوێی سوریا بگۆڕێت، ناچارە خۆی بە یەکڕیزی بهێڵێتەوە، ئەمریکا ویستی ئەسەد بروخێنێت، ئێستاش بە شەرع دەڵێن، ئەسەدی شەریعەتچی.
قەرار
نابێت پەرلەمان بەکاربهێندرێت بۆ داخوازیەکانی ئۆجالان
دوای کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە داواکرابوو کۆمسیۆنێکی 100 لە بەرلەمانی تورکیا پێکبهێندرێت بۆ گفتوگۆ لەسەر پرۆسەکە.
لەم بارەیەوە دەروێشئۆغڵو سەرۆکی ئی یی پارتی دەڵێت بە گەرمی ناڕوانینە تێڕوانینێک کە پەرلەمان بکرێتە ئامرازێک بۆ داواکانی ئۆجالان، ئەم پرسە وەک ئەوەیە بەفڕ داڕمیبێت بەسەر تورکیادا، ئەو دەوڵەتەی لەناوخۆیدا لەناویان بردووە، وەک شتێکی گەورە نیشانی دەدەن، بۆ ئەوەی مامەڵەی پێوە بکەن، ئەمە هزری سیاسییەکانی ئێستا نییە.
سۆزجو
پارێزگاری دەرسیم بووە یەکەم قوربانیی دەستی ناپاکەکان
پارێزگاری دەرسیم رێگەی نەدا یادی کۆبانێ بکرێتەوە، سەرەڕای ئەوەی لە ئەنقەرەوە تەلەفۆنی بۆ کرابوو، هەر بۆیە کشاندیانەوە بۆ ئەنقەرە، ئەمە لەکاتێکدا گرووپێکی پەکەکە بە وێنەی ئۆجالانەوە لەژێر ناوی رێکخراوی کۆبانی ویستیان یادی پرۆسەی کۆبانی بکەنەوە، بەڵام پارێزگاری دەرسیم سەرەڕای هۆشدارییەکانی ئەنقەرە رێگەی بەو چالاکیە نەدا.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
ئیندیپێندەنت
کە گەرما هات ئەوکات حکومەت لە بڕینی پاڵپشتیی زستانە بۆ خانەنشینان پەشیمانە
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ساڵی رابردوو بودجەیەکی بڕی کە 10 ملیۆن خانەنشینکراوی وڵات لێی سوودمەند دەبوون. بەڵام ئێستا هەندێک ئەندام پەرلەمانی سەر بە پارتەکەی خۆی لە دژی ئەو بڕیارەی دەوەستنەوە، بۆیە ئەویش ناچارە لە بڕیارەکەی پەشیمان ببێتەوە.
بڕیارەکەی ستامەر بۆ بڕینی ئەو دەرماڵەیەی کە بۆ خانەنشینان خەرج دەکرا، گازی پێبکڕن لە کاتی خۆیدا مشتومڕی زۆری نایەوە. هەتا ئێستاش قسەی لەسەر دەکرێت، بۆیە ئەویش ناچار بووە، لێی پەشیمانبێتەوە.
ژمارەیەکی زۆر لە ئەندام پەرلەمانەکانی پارتی کرێکاران و دەنگدەرانیشیان بە هۆی ئەو بڕیارەی پێشووەوە تووڕە و نیگەران بوون. وەزیری دارایی کار بە فەرمانی پێشوو دەکات، مانگانە دەرماڵەکە دەبڕێت، بەڵام ستامەر بڕیاریداوە و دەڵێت هەمواری دەکاتەوە، وادەکات ژمارەیەکی زۆر لە خانەنشینان بتوانن دەرماڵەکە وەربگرنەوە.

تایمز
ترەمپ سەرۆکی ئەفریقای باشووری شەرمەزار کرد
شەوی رابردوو ترەمپ لەنێو نوسینگەکەی خۆیدا لە کۆشکی سپی، پێشوازی لە سەرۆکی باشووری ئەفریقا کرد، رووبەڕوو شەرمەزاری کرد.
ترەمپ لە نووسینگەکەی خۆیدا دیمەنی پیشانی سەرۆکی باشووری ئەفریقا دا، کە دەیسەلمێنێت ژمارەیەک جووتیاری سپی پێست لە باشووری ئەفریقیا بەبێ تاوان دەکوژرێن، تەنها بۆئەوەی دەست بەسەر زەوییەکانیاندا بگرن.
رامافۆسای سەرۆکی باشووری ئەفریقاش بە شەرمەزاری دانیشتبوو، سەیری ڤیدیۆ چوار خولەکییەکەی دەکرد، تێیدا ژمارەیەک لە کەسانی سیاسیی ئەفریقی دەردەکەون داوادەکەن سپیپێستەکان بە ئازار و ئەشکەنجەدان بکوژرێن.
لە بەشێکی ڤیدیۆکەدا جولیا مالێمای سەرکردەی پارتی ئۆپۆزسیۆن دەردەکەوێت، گۆرانییەک دەڵێت، تێیدا دەڵێت (جووتیارەکە بکوژە، ئەو بەرازە بکوژە).
پاش ئەوە ترەمپ ژمارەیەکی زۆری هەواڵی رۆژنامە و گۆڤار و کەناڵەکانی ناوخۆی ئەفریقای بە چاپکراوی خستەبەردەستی رامافۆسا، کە هەموویان باسی ئەوەیان دەکرد خەڵکی سپی دەکوژرێن و موڵکەکانیان داگیردەکرێت.

گاردیەن
سوپای ئیسرائیل بۆ هۆشداریپێدان تەقەی لە شاندە دیپلۆماسییەکە کردووە
شاندێکی سیاسی لە 25 کەسایەتیی دیپلۆماسی پێکهاتبوون، دوێنێ لە ناوچەی کەناری رۆژئاوا لە فەڵەستین سەردانی ناوچەی جەنینیان کرد، کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە داگیرکراوە.
ئەم شاندە میوانی حکومەتی خۆجێیی فەڵەستین بوون، بۆ ئەوە لەو سنوورە بوون هەلومەرجی ناهەمواری خەڵکی ئەو ناوچەیە ببیینن، بەڵام سەربازانی سوپای ئیسرائیل تەقەیان لێکردن، بۆئەوەی لە سەنگەرەکانیان نزیک نەبنەوە.
فەرماندەیی سوپای ئیسرائیل دەڵێت زانیارییان هەبووە، کە شاندێکی دیپلۆماتکاران دەچنە فەڵەستین، بەڵام ئەوان ئاگادارنەکراون، کە ئەو شاندە سەردانی سەنگەرەکانی شەڕکردن بکەن، بۆیە ئەمان تەقەیان لێکردوون بۆئەوەی نزیکنەبنەوە. ئەو دەمەی کە لە نزیکی جەنین شاندەکە لێدوانیان بۆ رۆژنامەنوسان داوە، سوپای ئیسرائیل تەقەی لێکردوون بۆئەوەی دووریان بخاتەوە. بەڵام سەرکردایەتیی ئەو سوپایە دەڵێت داوای لێبوردن دەکەین، لە هەرشتێکی نەخوازراو، کە بەهۆی ئەو پێشهاتەوە روویدابێت.
تایمز ئۆف ئیندییە
هیندستان دەیەوێت رێککەوتنی نوێ لەبارەی باجەکانی ترەمپ بکات
هیندستان ئومێدێکی هەیە، بارودۆخی بازرگانی و هەناردەی بەرەو ئەمریکا بگەڕێنێتەوە بۆ رەوشی پێش دووی نیسان. بەتایبەتییش لە بواری کەرتی کار و دەستی کاردا.
هیندستان چاوی لەوەیە گەشە بە هەناردەکردنی بابەتە کشتوکاڵی و کێڵگەییەکانی خۆی بەرەو ئەمریکا بدات.
گفتوگۆکانی نێوانی ئەم دوو وڵاتە درێژەیان هەیە و ئومێدێک هەیە، تا هەشتەم رۆژی مانگی تەمموز بگەن بە رێککەوتنێک.