زووم..
ئاری هەرسین بەرپرسی لقی چوارى پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، کشانەوە لە بەغداد یەکێکە لە بژاردەکان لە دژی نەناردنی مووچە.
لە بەرنامەى حەوت پرسیاری زوومدا کە سامان بەشارەتی پێشکەشی دەکات ئاری هەرسین گوتى، دژی نەناردنی مووچە کشانەوە لە بەغداد یەکێکە لە بژاردەکان، چونکە هەرێمی کوردستان دەوڵەمەندە بە غازی سروشتى، پێویستە ئیتر بیر لەوە بکاتەوە لەسەر پێی خۆی بوەستێت.
ئاری هەرسین سوپاس و ستایشی یەکێتی کرد و گوتی، “یەکێتی هەنگاوی نیشتمانی ناوە کە پشتیوانی لە هەژماری من و پرۆژەى رووناکى و گرێبەستى نەوت و غاز دەکات.”
لەپێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 20-10-2024، یەکێک لە بانگەشەکانی یەکێتی و سەرۆکی حزبەکە لابردنی هەژماری من و پشتگیرکردنی تەوتین بوو، بەڵام لەدوای هەڵبژاردن و بەتایبەت لەدوای کۆبوونەوەکەی دوکان لە 28-04-2025 لەنێوان شاندی پارتی بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی و شاندی یەکێتی بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی، یەکێتی بۆچوونی گۆڕا و بەناراستەوخۆ پشتگیری بۆ هەماری من دەربڕی.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و لێپرسراوی مەکتەبی سکرتاریەتی مام جەلال، لە رۆژی 18ـی ئەم مانگە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا لەبارەی هەژماری من رایگەیاند، “تێبینی زۆرمان هەبوو لەسەر پڕۆژەکە و ئێستا هیچ تێبینییەکمان نەماوە.”