زووم..
شاندی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی خولی پارێزگا هاوسنوورەکانی کوردستان و ئێران گەیشتنە سنە و بڕیارە ئەمڕۆ کۆبووەنەوەکانیان دەستپێبکەن.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە فڕۆکەخانەی سنە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ئەمە سێیەمین کۆبوونەوەی پارێزگارانی هەرێمی کوردستان و ئێرانە، یەکەمیان لە ورمێ، دووەمیان لە هەولێر بوو و سێیەمیش لە سنە دەبێت و بۆ هەردوولا سوودی هەیە و دەتوانن سوود لە ئەزموونەکانی یەکتر وەربگرن.
هاوکات ئارەش لهۆنی پارێزگاری سنە ئاماژەی بە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی پارێزگارانی پارێزگا سنورییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان لە سنە کرد کە ئامانج لێی پتەوکردنی پەیوەندییە ئابووری و فەرهەنگییەکانی نێوان هەردوولایە.
شاندەکەی هەرێمی کوردستان لە پارێزگارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و سەرۆکی ژوورە بازرگانییەکان و بەڕێوەبەری دەروازە سنورییەکان پێکهاتوون و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بۆ کۆبوونەوەی خولی پارێزگا هاوسنورییەکانی هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان وەک سنە، کرماشان و ورمێ، گەیشتنە فڕۆکەخانەی سنە.