زووم..
عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران پێیوانییە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا هیچیان لێسەوز ببێت و دەڵێت، باوەڕناکەن دانوستانەکان بگەنە ئامانج و ناشزانن چی روودەدات.
خامنەیی لەبارەی دانوستانەکانیان لەگەڵ ئەمریکا دەڵێت، پێویستە ئەمریکا کە بەشدارە لەم دانوستانە ناڕاستەوخۆیانە، بوەستێت لە بڵاوکردنەوەی قسە و لێدوانی بێمانا.
لەسەر بابەتی یۆرانیۆمی پیتێنراویش خامنەیی باسی لەوەکرد، بێبەشکردنی ئێران لە مافی پیتاندنی یۆرانیۆم “هەڵەیەکی کوشندەیە” و جەختی لەوەکردەوە، وڵاتەکەی دەست بەو مافەوە دەگرێت.
تا ئYستا تاران و واشنتن چوار خولی دانوستانی ناراستەوخۆیان ئەنجامداوە و بڕیارە خولی پێنجەمی دانوستانەکان هەفتەی داهاتوو لە رۆما بەڕێوەبچێت.
هەرچەندە لە سەرەتاوە هەردوولا بە ئەرێنی ستایشی دانوستانەکانیان کرد، بەڵام دواتر لێدوانەکانیان پێچەوانە بوویەوە بەهۆی ئەوەی ئەمریکا داوای راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم دەکات و ئێرانیش بەو داوایە رازی نییە.
هاوکات دوێنێ دووشەممە مەجید تەخت رەوانچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، ئەگەر واشنتن سووربێت لەسەر راگرتنی ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم لە ناوخۆی وڵاتەکە، ئەوا دانوستانەکان شکستدەهێنن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، چەندینجار جەختی لەوە کردووەتەوە ئێران بۆردومان دەکەن و سزای تووندی بەسەردا دەسەپێنن ئەگەر سازش نەکات و نەگاتە رێککەوتنێک لەگەڵیان.