زووم…
رۆژنامەی مەدا لەزاری چەند سەرچاوەکەیەوە بڵاویکردەوە، پێدەچێت بەهۆی ئەو رووداوە چاوەڕواننەکراوانەی لە دوای مانگی حوزەیرانەوە روودەدەن، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ بەهار یان هاوینی 2026 دوابخرێت.
سەرچاوەیەکی نزیک لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە رۆژنامەکەی گوتووە، هەوڵەکان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکە لە دوای ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانەوە دەستپێدەکات و پەرلەمان دوای پشووی یاسادانان بۆ پێشنیازی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن کۆدەبێتەوە، ئەوەش رەنگەی کاریگەری لەسەر وادەی دیاریکراوی هەڵبژاردن دروستبکات، بەڵام وادەی دیاریکراوی هەڵبژاردن کە 11ـی تشرینی دووەم پیرۆز نییە و رەنگە بۆ مانگی نیسان یان حوزەیرانی 2026 دوابخرێت.
ئاماژەیان بەوەشداوە، ئەگەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکرێتەوە، ئەوکاتە حکومەت دەبێتە کاربەڕێکەر و کۆمسیۆن دەبێت پلانێکی نوێ دابنێت، بۆ ئەوەش پێویستی شەش مانگ دەبێت بۆ ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنەکە، هەروەها دواخستنی هەڵبژاردن هەوڵێکە بۆ رازیکردنی سەدر بۆ ئەوەی بەشداریی لە هەڵبژاردنەکەدا بکات.