زووم..
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، پێچەوانەی هەوڵەکانی ترەمپ بۆ بەرقەراکردنی ئاشتی، هەندیک لە وڵاتانی ئەوروپا بەدوای شەڕدا دەگەڕێن و دەیانەوێت ململانێکان بەردەوام بن.
روبیۆ لە ئێوارە خوانێکدا کە ترەمپیش تێیدا بەشداربوو، ئاماژەی بەوەکرد، لە سەردانەکەیدا بۆ رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، لە یەکێک لە کاردیناڵەکانەوە بیستوویەتی، بەشێک لە سەرکردەکانی ئەوروپا لەگەڵ بەکارهێنانی بژاردەی سەربازییدان بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێکان، لەکاتێکدا دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت کۆتایی بە ململانێکانی ئێستای جیهان بێت.
بەگوتەی رۆبیۆ، ترەمپ ئامانجی ئەوەیە ئەو خەرجییەی بۆ بابەتی بەرگری و سەربازیی تەرخاندەکرێت، لە پڕۆژەکانی گەشەپێدانی ئابووریدا خەرجبکرێن.
ترەمپ دوێنێ یەکشەممە بە تەلەفۆن لەگەڵ پوتین و زێلینسکی قسەی کرد، داوای لێکردن دەستبەجێ دانوستانی کۆتاییهێنان بە جەنگ دەستپێبکەن، لەبەرامبەردا وڵاتانی ئەوروپا رێککەوتوون سزاکانی سەر روسیا توندتر بکەن، کە ئەوەش بەلای روسیاوە خواستی وڵاتانی ئەوروپا بۆ بەردەوامی جەنگ و لایەنگریی ئۆکراین دەردەخات.