زووم..
دکتۆر جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی لە پەرلەمانى عێراق بە زوومى راگەیاند، “بڕواموایە پێش جەژن وەزارەتى دارایی عێراق مووچەى مانگى پێنجى مووچەخۆرانی هەرێمى کوردستان دەنێرێت.”
بەگوێرەی زانیارییەکانی زووم، دوو رۆژە گەنجینەکانى هەرێمى کوردستان، سەرقاڵى ئامادەکردنى لیستى مووچەى مانگى پێنجن، لەگەڵیدا داهاتى نانەوتیش رەوانە دەکەن، وەک ئەوەى هەولێر و بەغداد لەسەرى رێککەوتوون.
رۆژى یەکشەممە بەرپرسێکى باڵاى وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان بە زوومى راگەیاند، سەرەتاى هەفتەى داهاتوو لیستەکە بە شاندێکى تەکنیکیدا دەنێرن بۆ بەغداد، بەڵێنى لەسەدا سەدیان وەرگرتووە پێش جەژن مووچە بنێرن. یەکەم رۆژى جەژنى قوربان 6ـى حوزەیرانە، کە دەکاتە رۆژى هەینى.
زووم دەزانێت، محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، وەزارەتى دارایی راسپاردووە لەم یەک دوو رۆژەدا دەست بە دابەشکردنى مووچە لە عێراق بکەن، بەشێوەیەکی ئاسایی دواى دابەشکردنى مووچەى عێراق، مووچەی هەرێمى کوردستان دەنێرن.
دانا رەزا، رۆژنامەنووسى تایبەت بە کاروبارى ناوخۆى هەرێمى کوردستانە لە زووم؛ شەوى رابردوو نامەیەکى بۆ دکتۆر جەمال کۆچەر نارد، بۆی نووسی: بەڕێزتان ئاگادارى رێوشوێنەکانى ناردنى مووچەن، ئایا پێش جەژن بەغداد مووچە دەنێرێت؟
لە وەڵامدا جەمال کۆچەر بۆی نووسیوە: بەڵێ من لەو بڕوایەدام پێش جەژن مووچە دێت.
هاوکات بەرپرسە باڵاکەی وەزارەتى دارایی گوتی، “دەمانەوێت پێش جەژن، مووچە دابەش بکەین.”