زووم..
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێم دوو رێکەوتننامەی “گرنگی” لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکیدا واژۆکرد، مەسرور بارزانیش دەڵێت: پیرۆزبایی لە خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەم.
مەسرور بارزانی لەگەڵ شاندێکی یاوەری 17ـی ئەم مانگە سەردانی واشنتنی ئەمریکایان کرد و بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی رێککەوتنەکانەوە رایگەیاند، “ئەم رێککەوتنە ملیار دۆلارییە پابەندی هەرێمی کوردستان دەسەلمێنێت بۆ ئاشتی و پەرەپێدانی ئابووری لە ناوچەکە، پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و عێراق دەکەم.”
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی: حکومەت پابەند بووە بە پەرەپێدانی سێکتەری وزە و بەتایبەتی پڕۆگرامی چاکسازیمان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هەرێمی کوردستان و لەوبارەیەوە دەمانەوێت هاوکاری عێراقیش بکەین.
رێککەوتنەکان لەسەر چین؟
فەرمانگەی میدیا و زانیاری دەڵێت، دوو رێککەوتنی “گەورە و گرنگ” بەجیا لەبواری پەرەپێدانی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئێنچ کەی ئێن ئینێرجی و وێسترن زاگرۆس ئەنجامدراوە کە بەهاکەیان دەیان ملیار دۆلارە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری باس لەوەش دەکات، ئەو رێککەوتنانە “کاریگەرییەکی دیار و ئەرێنیيان لەسەر پێشخستنی کەرتی نەوت و وزە و ژێرخانی ئابووريی هەرێمی کوردستان دەبێت.”
هاوکات کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بەوەکالەت کە ئەوش لە شاندەکەی سەرۆکوەزیراندایە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: لە سەردانەکەماندا دوو گرێبەست لەبواری پیشەسازی نەوت و غاز واژۆکران.