زووم…
رۆژنامە فارسییەکان
سەروەت
گەشتیارانی بیانی لە ئێران ئاستەنگی زۆریان لەپێشە
پرۆسهی ئاڵۆزی وهرگرتنی ڤیزا و ئهو سنووردارکردنانهی لهکاتی سهفهردا رووبهرووی گهشتیاران دهبێتهوه، کاریگهریی نهرێنیی لهسهر گەشتیاری لە ئێران داناوە.
بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە ئاسانکاری له دهرکردنی ڤیزا، وهک ڤیزای فڕۆکهخانه، دهتوانێت یارمهتیدهر بێت.
هەروەها کێشهی ناجێگری بەهای تمەن و نهبوونی پهیوهندی لهگهڵ بانکه جیهانییهکان وایکردووه گهشتیار به پارهی کاش سهفهر بۆ ئێران بکات، که ئهمهش ئهزموونی سهفهرهکه ناخۆش دهکات و پهرهپێدانی سیستهمی پارهدان و پاکێجی ئابووری بۆ گهشتیاران پێویستە.
ئارمانی ئیمروز
ژیریی دهستکرد فێری دوو ملیۆن خوێندکار دەکرێت
وهزارهتی پهروهردهی ئێران لەسەر ژیریی دهستکرد و پهرهپێدانی زانست و تهکنهلۆژیای نوێ له پهروهردهدا کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا.
لهم کۆبوونهوهیهدا، بەرپرسی گشتیی ئهنجومهنی باڵای پهروهرده جهختی لهسهر پێویستی بهکارهێنانی تهکنهلۆژیای نوێ کردهوه و رایگهیاند، ژیریی دهستکرد دهبێت وهک بهشێک له بەرنامەی خوێندن سهیر بکرێت، نهک ههڕهشه.
گرووپێک له پسپۆران پێکهێنراوه بۆ داڕشتنی چوارچێوهی کارکردن که وهک نهخشهرێگای وهزارهتی پەروەردە دادهنرێت و جێبهجێکردنی دهستیپێکردووه، هەروەها پلان دانراوە بۆ فێرکردنی دوو ملیۆن خوێندکار و سهد ههزار مامۆستا له هاوینی ئهمساڵدا.
ئهبرار
وهزیری تهندروستیی ئێران: نیوهی خهڵک جوڵهیان نییه و ئهمەش هۆکاری نهخۆشییه
وهزیری تهندروستیی ئێران رایگەیاند، نزیکهی نیوەی خهڵکی وڵاتەکە جوڵهیان کهمه و ئهمهش دهبێته هۆی زیادبوونی قهڵهوی، بهرزیی فشاری خوێن و نهخۆشییه ناگوازراوهکان وهک نهخۆشییهکانی دڵ و بۆرییهکانی خوێن.
وهزیری تهندروستی جهختی لهسهر رۆڵی گرنگی پهیوهندییه گشتییهکان له بواری تهندروستیدا کردهوه و رایگهیاند، ئهوان ئهندامی کاریگهری تیمی نهتهوهیی تهندروستین و دهبێت رۆڵی سهرهکی بگێڕن له بهرهوپێشبردنی تهندروستی کۆمهڵگا و یەکێک لە رێکارەکان پەرەپێدانی وەرزش و رێگری لە نەخۆشییەکانە.
ئهفکار
کهمبوونەوەی ئاو بووهته هۆی پچڕانی کارهبا
کهمبوونەوەی ئاو بووهته هۆی کێشه بۆ وێستگهکانی بهرههمهێنانی کارهبا له رێگهی ئاوهوه، که لهئێستادا 13٪ـی کۆی توانای بهرههمهێنانی کارهبای وڵات پێکدههێنن.
وهزیری وزهی ئێران دەڵێ، ئهم وێستگانه له بازنهی بهرههمهێنان دهرچوون، چونکه ئاویان نییه و ئێران لهڕووی بهکارهێنانی وزهوه له دۆخێکی خراپدایە.
وهزیری وزه کێشهی سهرهکیی بۆ نهبوونی وهبهرهێنان له بواری کارهبادا گەڕاندەوە و ئاشکرایکرد، رۆژانه ژمارهیهکی زۆر پێشێلکاریی یاسای وزە دهدۆزرێتهوه که کێشه بۆ تۆڕی کارهبا دروستدهکهن.
سهرهڕای ئهم کێشانه، وهزیری وزه جهختی لهسهر توانای بهرزی وڵات و زیادکردنی توانای بهرههمهێنانی وزەی نوێ کردەوە لە داهاتوودا.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپا پەیوەندییەکانیان دەستپێکردەوە
دواى ئەوەى بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا کشایەوە، پەیوەندیەکانی نێوانیان بە تەواوەتى بچڕا، بەڵام لە دوێنێوە پەیوەندییەکانیان پێی ناوەتە قۆناغێکى نوێوە و بەریتانیا رێگەیدا هاووڵاتیانی ئەوروپا بە مەبەستى راوەماسی بچنە سنوورەکانى وڵاتەکەى.
کییە ستامەر سەرۆکوەزیرانى بەرتیانیا پەیوەندییە نوێیەکانى لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا بە ئەرێنى وەسفکرد و رایگەیاند سودێکى زۆری بۆیاندەبیت، گوتیشی، ئەم رێککەوتنە بە سەردەمێکى نوێی پەیوەندییەکانى نێوانیان دادەنرێت.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکان، پەیوەندییە نوێیەکەى نێوان بەریتانیا و ئەوروپا چەند بوارێکى گرنگ دەگرێتەوە و هەموویان رەهەندی ئابورییان هەیە لەوانەش راوەماسیی، بازرگانیی خۆراک و هاتوچۆکردنی لاوانى بەریتانیا بۆ یەکێتى ئەورپا کە پێویستى بە نەخشەڕێگەیەکی تایبەت هەیە بە تایبەتى لە بوارى خوێندندا.
هاوکات ئۆرسولا ڤون دیر لاین سەرۆکی کۆمسیۆنى ئەروپا گوتى، لەسایەى ئەو نائارامییەى رووى لە جیهان کردووە و کیشوەرەکەیان لەبەردەم هەڕەشەیەکی گەورەدایە، بۆیە پشتیوانى و هاوکاریی یەکتریی دەکەین.
بەگوێرەى شرۆڤەکارانى ئابووری، لە رێککەوتنە نوییەکەدا بەریتانیا قازانجێکی زۆر دەکات و تا ساڵی 2040 زیاتر 12 ملیار دۆلار زیاتر قازانج دەکات و دەتوانێت سوود لە 167 ملیار دۆلاری ئەورپییەکان بۆ هەستانەوەى ئابورییەکەى وەربگرێت.
سەباح
لە عێراق دوو کۆنگرەى نێودەوڵەتى بە مەبەستى چارەسەری بێئاوی بەڕێوەدەچن
وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانى عێراق رایگەیاند، رۆژى شەممەى داهاتوو لە بەغداد پێنجەمین کۆنگرەى ئاو لەژێر دروشمی ئاو و تەکنۆلۆجیا لەگەڵ کۆنگرەى ئاودێری بە دروشمى هاوبەشی لەپێناو گەشەپێدان بەڕێوەدەچن و سێ رۆژ دەخایەنن.
عەون زیاب راشیگەیاند، لەو دوو کۆنگرەیەدا شاندێکی باڵاى تورکیا و ئێران و وەزیرانى ئاوى ئوردن و میسریش بەشداری تێدا دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆنگرەکاندا چەندین توێژینەوەى گرنگ لەبارەى ئاوەوە پێشکەشدەکرێن لەگەڵ بەڕێوەچوونى چەند ۆرکشۆپێک. گوتیشى، چارەسەرى نوێ بۆ ئاودێری سەردەمیانە دەخرێتەڕوو لە بری ئاودێریی بەشێوازە کلاسیکییەکەى کە جگە لەوەى ئاوێکى زۆر بەفیڕۆدەچێت.
شارەزایان بوارى ئاویش رایانگەیاندووە، یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانى ئاوى عێراق کە دەبێت لەو کۆنگرانەدا ئاماژەیان پێبکرێت نەبوون یان جێبەجێنەکردنى رێککەوتنى نێودەوڵەتییە لەبارەى ئاوەوە بەتایبەتى لەنێوان عێراق و دوو وڵاتی دراوسێی (ئێران و تورکیا).
عەرەب
پاشەکشەى ئێران لە ناوچەکە وایکردووە پەیوەندییەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان باشتر بکات
شێوازی مامەڵەکردنى ئێران لەگەڵ بەرپرسانى هەرێمى کوردستان ئاماژەن بۆ ئەوەى دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئاسایی بکەنەوە کە ماوەی چەندین ساڵە لەگەڵیدا توندن و چەندین فشاری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان لەڕێى هێزە عێراقییەکانەوە لەسەرداناوە.
بەرپرسانی باڵای هەرێمى کوردستانیش ئەو گۆڕانکارییانەیان هەستپێکردووە، بۆیە پێدەچێت پەیوەندییەکانى نێوانیان بەرەو باشتر بڕوات و سەرۆکی هەرێمى کوردستانیش ئەو دەستپێشخەرییەى کردووە و سەردانى ئەو وڵاتەى کردووە و لە پەراوێزی بەشداریی کۆڕبەندی گفتوگۆی تاراندا چاوی بە مەسعود پزشکیان سەرۆککۆمارى ئەو وڵاتە کەوت و پێکەوە چەندین بابەتى گرنگیان باسکرد و دواتریش چەندین دۆسیەى گرنگیان لەگەڵ عەباس عێراقچى وەزیرى دەرەوە تاوتوێکرد.
رۆژنامەکە نوسیویەتى، گۆڕانکارییەکانى ناوچەکە و کەمبوونەوەى هەژموونى ئێران لە ناوچەکە وایکردووە کە پەیوەندییەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان بەرەو پێشەوە ببات.
ئاماژەى بەوەشکردووە، قسەکردنى سەرۆکی هەرێمى کوردستان بە هەردوو زمانى کوردی و فارسی پەیامێکى تایبەتبوو بۆ هەردوولا کە پەیوەندییەکانیان بەرەو باشتر رۆشتووە.
دەستور
عێراق لە پلەی سێیەمی جیهانیدایە لە رووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان
وەزارەتى ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لەکۆی 138 وڵات و 205 رێکخراوى حکومى و ناحکومى عێراق لە ریزبەندیی سییەمدایە بۆ رووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان.
راپۆرتەکەى وەزارەتى ناوخۆ پشتى بە چوارەمین کۆبوونەوەى لوتکەى هێزەکانى پۆلیس بەستووە لە دوبەى، عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆش لەدواى کۆبوونەوەى لوتکەى پۆلیس لە دوبەى لە کۆبوونەوەیەکدا رایگەیاندووە، هەوڵەکانیان چڕتردەکەنەوە بۆ نەهێشتنى مادەى هۆشبەر چونکە هەڕەشەیەکی جدییە لەسەر کۆمەڵگەى عێراقى.
ئاماژەى بەوەشکردووە، هاوکارییکردنی قوربانییانى دەستى بازرگانانى مادەى هۆشبەر ئەرکی حکومەتە و هەوڵەکانیان چرکردووەتەوە بۆ دروستکردن و باشترکردنى ئەو شوینانەى کە تایبەتکراون بۆ چارەسەرى توشبووانى مادەى هۆشبەر. گوتیشى، هێڵى گەرمی 911 بەردەوام لە خزمەتى هاووڵاتیاندایە ئەگەر هەر شتێکیان لەو بارەوە بەرچاوکەوت لایەنى پەیوەندیدار ئاگاداربکەنەوە، جگە لەوەى سەرچاوەى هەواڵدەر پارێزراو دەبێت و هیچ تێچوویەکیشى نییە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
ئۆرشەلیم پۆست
نەتانیاهۆ دەڵێ گەمارۆی سەر غەزە بۆ ئەوەبووە حەماس دەستی نەگات بە هاوکارییەکان
بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، بەرفراوانبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە بۆ ئەوەبوو، دەستیان بگات بە هەموو خاڵەکانی سنوری ئەو کەرتە بە مەبەستی رێگریکردن لە حەماس کە چیدی دەستی نەگات بە یارمتییە مرۆییەکان.
رۆژی دووشەممە نەتانیاهۆ باسی لە ئامانجەکانی دەستبەسەرداگرتنی تەواوەتی کەرتی غەزە کرد، لەکاتێکدا ئێوارەی یەکشەممە حکومەتی ئیسرائیل بڕیاریدا کە رێگەبدرێت یارمەتییەکان جارێکی دیکە بگەنەوە بە ناو غەزە.
چونکە ئەگەر رێگریکردن لە گەیشتنی ئەو یارمەتییانە بەردەوامبێت، ئەوا ئیسرائیل دۆستە نزیکەکانی خۆی لەدەستدەدات، بە ئەو سیناتۆرانەی ئەمریکاشەوە کە بەبێ بوونی هیچ مەرج و داخوازییەک پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکەن.
عەرەب نیوز
سودان سەرۆکوەزیرانی نوێی راسپارد
کامیل ئیدریس لە ساڵانی رابردوودا نوێنەری سوودان بووە لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، بەڵام دژایەتیی حوکمی عومەر بەشیری دیکتاتۆریشی کردووە، چەندجارێک خۆیی کاندیدکردووە بۆ پۆستی سەرۆکی وڵاتەکە.
رۆژی دووشەممە لەلایەن عەبدولفەتاح بورهان سەرۆکی سوپای سودانەوە راسپێردرا وەک سەرۆکوەزیران دەستبەکاربێت و کابینەی حکومەت دروستبکات.
لە ساڵی 2021ـەوە کە کودەتا لە سوداندا روویداوە، حکومەت نەماوە، کامیل ئیدریس دەبێت بە یەکەمین سەرۆکوەزیران کە حکومەتی کاربەڕێکەر پێکبهێنێت.
ساوز چاینە مۆرنینگ پۆست
سەرباری شەڕی بازرگانی گەشەیەکی ئابووری نەرم بەردەوامە
پەکین هیچ نیازێکی نییە کاردانەوەی شەڕەنگێزانە بەرامبەر بە ئەمریکا پیشانبدات، توێژینەوەکانیش ئاماژە بەوە دەدەن، کە گەشەی ئابووری، هەتا کۆتایی مانگی نیسانی رابردوو وەک خۆی بەردەوامبووە.
ئابوریی چین هەتا کۆتایی مانگی نیسان بە جێگیری وەک خۆی ماوەتەوە و نەگۆڕاوە، ئەگەرچی وا چاوەڕواندەکرا کاریگەریی باجە زۆر هەڵکشاوەکان بە نەرێنی لەبواری گەشەی ئەم وڵاتەدا دەربکەون.
هۆکاری ئەم ئارامگرتنەی کە ئێستا باسدەکرێت ئەوەیە کە واشنتن و پەکین لەسەر ئەوە رێککەوتوون، کە بەشی زۆری شەڕە بازرگانییەکەی نێوانیان لابدەن یان رایبگرن.
شیکەرەوە ئابورییەکانیش دەڵێن، تەنها لە مانگی نیساندا گومان هەبوو ئەو کاریگەرییانە دەربکەون و نەرێنی بن، بەڵام پەکین بەوردی ئامادەکاریی بۆ کردبوو.
گەڵف نیوز
فڕۆکەخانەی دوبەی چانتای گەشتەکانتان بۆ دەهێنێتەوە ناوماڵ و هۆتێلەکانتان
لەمەودوا هەر کەسێک لەڕێی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دوبەیەوە هاتوچۆبکات پێویستی بەوەنابێت چاوەڕوانبکات بۆ ئەوەی جانتاکانی گەشتەکەی خۆی وەربگرێتەوە.
گەشتیارەکان بێخەم دەڕۆنەوە بۆ ماڵ و هۆتێلەکانی خۆیان و فڕۆکەخانەش جانتاکانیان بۆ دەباتەوە ماڵەوە. (دوبز) کورتکراوەی ناوی کۆمپانیای تەکنەلۆژیای جانتاگواستنەوە و لۆجستییە. ئەم کۆمپانیایە ئەرکی وەرگرتن و گەیاندنی جانتاکان دەگرێتەئەستۆ.
لەمەودوا گەشتیارەکان بە جانتاوە سەرقاڵ نابن، هەموو گەشتیارێک دەتوانێت فڕۆکەخانەکە لەکاتی ئەنجامدانی گەشتەکەی ئاگاداربکاتەوە، ئەو کۆمپانیایە دەچێت لە ماڵی خۆیدا جانتاکانی لێوەردەگرێت و لە شوێنی نیشتەجێبوونی پاش گەشتەکەی راستەوخۆ دەیداتەوە دەستی.
رۆژنامە تورکییەکان
قەرار
داودئۆغڵو دەڵێ پەکەکە دەبيت لە ماوەی 15 رۆژدا چەک دابنێت
ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆکی پارتی ئایندە لە سلێمانیەوە دەڵێ، دەبێت پەکەکە لە ماوەی 15 رۆژدا چەکەکانی دابنێت.
لەبارەی جیاوازی پرۆسەی 2013 لەگەڵ ئەو پرۆسەیەی ئێستا دەستیپێکردووە، داودئۆغڵو سەرۆکی پارتی ئایندە دەڵێ، لە 2013ـدا ستانداردی دیموکراسی لە تورکیا بەرزبوو، بەهاری عەرەبی و خۆپیشاندانەکانی پارکی گەزی سەریان لە پەکەکە تێکدا، ئەمە وایکرد چەکدانان دوابخەن، ئێستا ئەم هۆکارانە لە ئارادا نین.
راشیگەیاند، کۆمسیۆنێکی هاوبەشی تورکیا و عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەبێت چەکەکانی پەکەکە وەربگرێت.
حورییەت
لە گابار رۆژانە 81 هەزار بەرمیل نەوت دەردەهێندرێت
پرسی دەرهێنانی نەوت لە تورکیا بووەتە پرسێکی زۆر گرنگ، لە سەر چیای گابار سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری وزەی تورکیا ئاماژەیان بەوەدا کە بەرهەمی رۆژانەی نەوتی چیای گابار گەیشتووەتە 81 هەزار بەرمیل کە لەسەدا 8ی پێداویستیەکانی تورکیا هەر لەوناوچەیە بەدەستدەخرێت.
نومان کورتوڵموش سەرۆکی پەرلەمان وەک وەڵامێک بۆ قسەکانی دەوڵەت باخچەلی کە داوای کردبوو کۆمسیۆنێک بۆ پەرلەمان پێکبهێنرێت رایگەیاند، دەبێت پەرلەمان شوێنی گفتوگۆکردنی پرۆسەی ئاشتی بێت و تەواوی پارتەکان پشتگیری پرۆسەکە دەکەن، دوای ئەوەی کە پەکەکە چەکەکانی دانا.
جمهورییەت
سەرۆکی چەهەپە بەڵێنی دەسەڵات وەرگرتن دەدات
ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی گشتیی جەهەپە لەناو سەدان هەزار لایەنگری خۆی بەڵێنیدا کە هاتنە سەر دەسەڵات، ئاڵای دیموکراسی لەدژی ئەم حکومەتە لەمەیدانی گوندۆغدوەوە بەرزدەکەنەوە.
گوتیشی، ئەردۆغان وا دەزانێت بە دەستگیرکردنی نەیارەکانی دەیباتەوە، بەڵام تۆ دۆڕاندووتە و ئەوان ناترسن و بەرەو دەسەڵات هەنگاو دەنێن.
ئایدنلک
پەکەکە لە کۆنگرەی 12ـدا ئاماژەی بە دەوڵەتۆچکەی خۆیداوە
پەکەکە لە کۆنگرەی 12ی خۆیدا بە ئاشکرا ئاماژەی بەوەداوە کە ئامانجیان کۆنفیدڕالیزمە، بەمەش وەڵامی تێزە تازەکەی عەبدوڵا ئۆجالانیان دایەوە کە باسی لە دەوڵەتی نەتەوە و فیدراڵی نەکردووە.
موراد قەرەیلان جەختدەکاتەوە کە کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک تاکە چارەسەرە، لای خۆیەوە ئەمانە بە هەوڵدان بۆ دروستکردنی دەوڵەت تەماشا دەکرێت.