زووم..
شاندێکی دەم پارتی کە پێکهاتبوون لە هاوسەرۆکانی پارتەکە و هاوسەرۆکانی فراکسیۆنی پارتەکە لە پەرلەمانی تورکیا، لەگەڵ پارتی سەعادەت و پارتی دەڤا لەبارەی پرۆسەی ئاشتی کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکەش دەم پارتی رایگەیاند، کۆمسیۆنێک بە دەسەڵاتی تەواوەوە لەژێر چاودێری پەرلەماندا پێکبهێنرێت.
دەم پارتی لە راگەیەندراوێکیدا گوتی، بابەتی گرنگ لەبارەی ئایندەی دیموکراتیکی تورکیا و دواین دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان و بڕیارەکانی کۆنگرەی 12ـەمینی پەکەکە تاووتوێ کراوە و بەشێوەیەکی بەرفراوان هەڵسەنگاندنیان بۆ کردووە.
دەشڵێت، لە کۆبوونەوەکاندا ئەرکی پارتە سیاسییەکان و پەرلەمان گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە و شاندەکەیان پێشنیازیکردووە لەژێر چاودێری پەرلەماندا کۆمسیۆنێک بە دەسەڵاتی تەواوە پێکبهێنرێت، کە نوێنەرایەتی هەموو لایەنە سیاسییەکان بکات و هەوڵەکان بۆ رێککەوتنی دیموکراتیک ئاسانتر بکات.
دەم پارتی ئاماژەی بەوەشداوە، لە رۆژانی داهاتوودا شاندەکەیان لەگەڵ ئاکەپە و مەهەپە و پارتە سیاسییەکانی دیکە کۆدەبێتەوە.