زووم..
ڤلادیمێر پوتین و دۆناڵد ترەمپ زیاتر لە دوو کاتژمێر پەیوەندیی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و باسیان لە کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراین و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان ئاگربەست کرد.
ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە میدیای فەرمی وڵاتەکەی رایگەیاند، گفتوگۆکەیان لەگەڵ ترەمپ زیاتر لە دوو کاتژمێری خایاندووە و گفتوگۆیەکی بەسوود و بونیاتنەر بووە.
دەشڵێت، روسیا ئامادەیە کار لەسەر یاداشتێکی هاوبەش بکات لەگەڵ ئۆکراین بۆ ئەگەری راگەیاندنی ئاگربەست و کۆتایی هێنان بە شەڕی ئۆکراین.
ئاماژەی بەوەش کردووە، گفتوگۆکانی شاندی هەردوو وڵات لە ئیستەنبوڵ جیهانیان خستووەتە سەر رێگایەکی راست بۆ چەرەسەرکردنی کێشەی ئۆکراین.
هەر دوای پەیامەکەی پوتین، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پێگەی ترو سۆشیاڵ رایگەیاند، گفتوگۆ دوو کاتژمێرییەکەی لەگەڵ پوتین نایاب و گرنگ بوو.
گوتیشی دەستبەجێ گفتوگۆکانی نێوان مۆسکۆ و کێڤ بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە جەنگ دەستپێدەکەنەوە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ پوتین، ڤۆلۆدێمیر زێلینسکی سەرۆکی ئۆکراین و سەرکردەی وڵاتانی ئەوروپای لە ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە ئاگادارکردووەتەوە.
بەرپرسێکی ئۆکراینیشی بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، پێش پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان ترەمپ و پوتین، زێلینسکی قسەی لەگەل ترەمپ کردووە و داوای لێکردووە سزاکانی سەر روسیا تووندتر بکاتەوە ئەگەر بە ئاگربەست رازی نەبوو.
دەشڵێت، زێلینسکی لە پەیوەندییەکەیدا 10 بۆ 15 خولەک قسەی لەگەڵ ترەمپ کردووە و بەگرنگییەوە باسی لە پێویستیی راگەیاندنی ئاگربەست کردووە.