زووم..
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، ئەمساڵیش لە بەرهەمی گەنمدا دەگەنە ئاستی خۆژێنی و داوایان لە وڵاتانی عەرەبی کردووە لەبری وڵاتانی بیانی گەنم لە عێراق بکڕن.
مەهدی سەهەر بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، عێراق بۆ ساڵی سێیەم لەسەر یەک لە بەرهەمی گەنمدا گەیشتوەتە ئاستی خۆژێنی لە دابینکردنی ئاسایشی خۆراکدا.
دەشڵێت، لە پێنجەمین لوتکەی گەشەپێدانی ئابووری عەرەبیدا دەستپێشخەریی عێراق بۆ گەیشتن بە ئاسایشی خۆراک جێگیرکرا کراوە.
دەشڵێت، عێراق دەستپێشخەرییەکی بۆ وڵاتانی عەرەبی کردووە کارئاسانیان بۆ دەکەن لەبری وڵاتانی بیانی گەنمی عێراق هاوردە بکەن، لەلایەن سەرکردەکانی وڵاتە عەرەبییەکانەوە پێشوازییەکی فراوانی لێکراوە و ئەوەش دەبێتە دەرفەتێکی باش بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و ئابوری ناوچەکە.
مەهدی سەهەر ئاماژەی بەوەشداوە، وەزارەتەکەیان بە پشتیوانی حکومەت بەگوێرەی ئەو پلانەی دایانناوە لە بەرهەمی گەنمدا توانیویانە بگەنە ئاستێکی بەرزی بەرهەمهێنان و بڕێکی زۆری دەخرێتە سایلۆکانەوە و جوتیارانیش لەگەڵ رادەستکردنی بەرهەمەکانیان شایستە داراییەکانیان بۆ خەرج دەکرێت.