زووم…
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
چالاکیی گرووپە توندڕەوەکانی نەیجیریا دژ بە هاووڵاتییان زیادیکردووە
چەند سەرچاوەیەکی ناوخۆیی نەیجیریا رایانگەیاند، چەکدارانى داعش و رێکخراوى بۆکۆ حەرام 23 جووتیار و ماسیگریان کوشتووە و 18 کەسی دیکەشیان رفاندووە.
بەگوێرەى گوتەى سەرچاوەکان ژمارەیەک چەکداری توندڕەو هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندێک بەناوى مالام کارانتى و 23 پیاویان بە دەستڕێژى گولـلـەوە بە بەرچاوى خەڵکەوە کوشتووە و کاتێکیش هاووڵاتییان ویستویانە لایەنە ئەمنییەکان ئاگاداربکەنەوە لە دۆخەکە، چەکدارەکان کە ئەو بەداعش ناوی هێناون گەڕاونەتەوە و هەڕەشەى توندیان لێکردوون و 18 کەسیان لەگەڵ خۆیان بردووە.
رێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى رایگەیاند، ئەو کارە دڕندانەیە و پێویستە حکومەتى نەیجیریا هەوڵەکانى چڕتربکاتەوە بۆ پاراستنى گیانى هاووڵاتییەکانى.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، رۆژئاواى کیشوەری ئەفریقیا بووەتە شوێنى کۆبوونەوەى چەکدارە توندڕەوەکانى داعش و بۆکۆ حەرام.
سەباح
وەرگرتنی کرێ بە دۆلار کێشەى بۆ خاوەن پیشەکانی بەغداد دروستکردووە
عەلى قەحتان خاوەنى یەکێک لە چێشتخانەکانى ناوچەى ئەعزەمییەى بەغدادە و تەمەنی 49 ساڵە و دەڵێت، نۆ ساڵە ئەم شوێنەی بەکرێگرتووە و سەرقاڵی کاری خۆیەتی، بەڵام ئێستا خاوەن موڵکەکەیان لەبری 750 هەزاری کرێی مانگانەکەیان داواى دوو هەزار دۆلاریان لێدەکات.
گوتیش، ئەوان ناتوانن ئەو کرێیە بدەن و بە کارێکى نامرۆڤانەى لەقەڵەمدا، لەبەرئەوەى دەرگاى بەوان داخستووە و بەهاى خواردنی رۆژانەشى بەرزکردووەتەوە.
قەحتان ئاماژەى بەوەشکرد، جگە لە وەرگرتنى کرێی دوکان بە دۆلار باج و تازەکردنەوەى مۆڵەت و باجی تەندروستى کارمەندەکانیشیان لەسەرە، ئەوە با بەرزبوونەوەى نرخی وشکە و پێداویستییەکان لەولاوە بوەستێت.
قەحتان گوتیشى، ئەم کرێ وەرگرتنە بە دۆلار و لەناکاو زیادکردنە دەیانخاتە بەردەم دوو بژاردە یان ئەوەیە دەبێت چێشتخانەکەیان دابخەن، یان ئەوەیە دەبێت دەست لە قازانجی خۆیان بشۆن و تەنها کار بۆ خاوەن موڵک بکەن.
باسی لەوەشکردووە، حکومەت هیچ رۆڵێکیى لەو بارەیەوە نییە و بگرە لایەنگریی خاوەن موڵکیش دەکات لەبەرئەوەى لە یاساى بەکرێداندا نەهاتووە کە بڵێت وەرگرتنى کرێ تەنها بە دیناری عێراقى دەبێـت و پەیوەستى کردووەتەوە بە رێککەوتنى نێوان هەردوولاوە.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، چیرۆکی عەلى قەحتان چیرۆکی دەیان خاوەن پیشە و چێشتخانە و پێداویستییەکانى بازاڕەکانى بەغدادە کە ئێستا بووەتە دیاردە.
عەرەب
وەزیری بەرگریی سوریا 10 رۆژى بۆ رادەستکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکان دیاریکردووە
مورهیف ئەبو قەسرە وەزیرى بەرگریی سوریا رایگەیاند، پێویستە لەسەر گرووپە چەکدارەکان لە ماوەى 10 رۆژدا چەکەکانیان رادەستبکەن و بە پێچەوانەوە رێگەى دیکەیان لەبەرامبەردا دەگرنەبەر.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە، لە شەش هەفتەى یەکەمی گۆڕانکارییەکانى سوریادا بەرەى تەحریری شام بەخێرایی خۆی هەڵوەشاندەوە و بووە سەرەتایەک بۆ بونیادنانەوەى سوپایەکی نیشتمانی و تائێستاش لەگەڵ هەسەدە نەگەیشتوونەتە بڕیارى کۆتایی بۆ چۆنیەتى تێکەڵکردنەوەیان لەگەڵ سوپاى نیشتمانى سوریا.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە، بەیاننامەکەى وەزارەتى بەرگریی زیاتر مەبەستی لە چەکدارەکانى دێرەزوور و ئەوانەى دیکەیە کە تائێستاش بەرگریی لە دەسەڵاتى بەعس و بەشار ئەسەد دەکەن، نوسیوویەتى هیچ دەرفەتێک لە بەردەم گرووپە چەکدارەکاندا نەماوەتەوە بۆ ئەوەى چەکەکانیان رادەستبکەن و کاتیش لە بەرژەوەندیی ئەوان نییە.
مەدا
نهێنییەکانى ئامادەنەبوونى سەرکردەکانی عەرەب لە لوتکەى بەغداد ئاشکرا دەکرێت
سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی کە نەیویستووە ناوی خۆی ئاشکرابکات بە رۆژنامەى مەداى گوتووە، نیگەرانییەکانى چوارچێوەى هەماهەنگی بۆ لوتکەى بەغداد لە جێگەى خۆیدا بوو، لەبەرئەوەى پێشتر ئاگاداری ئەوە بووە کە زۆرینەى سەرکردەکانی وڵاتانى عەرەبى ئامادەنابن و پێداگریی محەمەد شیاع سودانیش تەنها بۆ هەڵمەتى هەڵبژاردنە.
چەند هەفتەیەک پێش بەستنی لوتکەکەش رۆژنامەى مەدا پێشنیازی ئەوەی کردبوو کە کۆبوونەوەکە ببرێتە وڵاتێکى دیکە، بەڵام سووربوون لەسەربەستنى لوتکەکە.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە، 15 سەرکردەى وڵاتانى عەرەبی ئامادەى لوتکەکە نەبوون و تەنانەت ئەحمەد شەرعیش، ئەسعەد شەیبانى وەزیری دەرەوەى لەبری خۆی ناردە کۆبوونەوەکە.
ئەو سەرکردەیەى چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاندووە، پلانى عێراق بۆ ئەوەبوو کە هەمووان بچنە بەرەى (تورکیا – قەتەر)، ئەوەش سعودییە و ئیمارات و ئوردنى نیگەرانکردووە، بۆیە بەشداریی لوتکەکەیان نەکرد.
هاوکات، هیشام عەلەوی جێگری وەزیری دەرەوەى عێراقیش لە چاوپێکەوتنێکدا گوتوویەتى، ئەوان چاوەڕێیان دەکرد بەشێک لە سەرۆکەکان ئامادەنەبن، بەڵام لەو باوەڕەدا نەبوون بەوشێوەیە بێت و بەشدارینەکردن زۆرینە بێت.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، پێش بەستنى لوتکەکە دوو رووداوى گەورە هەبوون کە پێدەچێت کاریگەریی گەورەیان هەبووبێت یەکێکیان سەردانى ترەمپ بۆ وڵاتانى کەنداو و گەشتى لەناکاوى ئیسماعیل قائانى بوو بۆ بەغداد.
رۆژنامە فارسییەکان
باختەر
کرماشان خۆی بۆ ئاگرکەوتنەوەکانی هاوین ئامادە دەکات
بەڕێوەبەری گشتیی ژینگەی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، 90٪ـی ئاگرکەوتنەوەکان لە دارستانەکان بەهۆی مرۆڤەوەیە.
سەعید دزفولی نژاد گوتی، بۆ رێگرتن لە ئاگر، کورتەنامەی فێرکاری بۆ ئەو کەسانە دەنێرن کە دەچنە ناوچە ژینگەییەکان.
ئاماژەی بەوەشدا، ناوچەکانی ژێر چاودێریی ژینگە لە کرماشان پێویستیان بە 240 پاسەوانی ژینگە هەیە، بەڵام تەنها 88 پاسەوانیان هەیە و سەرەڕای کەمبوونی هێز، ئامادەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاگر.
زۆربەی ئاگرەکان لە ناوچە سەختەکان روودەدەن و دۆخێکی سەختیان هەیە بۆ کوژاندنەوە، گوتیشی، بنکەی سەربازی لە ناوچە ژینگەییەکان کێشەکانی قورستر کردووە و هاوکاری ناکەن.
مەردوم سالاری
لە دوو مانگدا 117 ئێرانی بەهۆی خنکانەوە گیانیان لەدەستداوە
گوتەبێژی رێکخراوی فریاکەوتنی ئێران رایگەیاند، لە بەهاری ئەمساڵدا 117 کەس لە رووداوەکانی خنکاندا گیانیان لەدەستداوە، بەراورد بە ساڵی رابردوو 11٪ کەمیکردووە.
بابەک یەکتاپەرەست گوتی، لە ماوەی 57 رۆژی رابردووی ئەمساڵدا 175 کەس تووشی رووداوی خنکان بوون کە 117 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و 58 کەسیش بریندار بوون.
بەگوێرەی ئامارەکان، 82٪ی قوربانییەکان پیاو بوون و بچووکترین قوربانیش کچێکی 6 مانگە و بەتەمەنترینیش 91 ساڵ بووە.
یەکتاپەرەست هەروەها گوتیشی، خنکانەکان لە مەلەوانگە، دەریا، رووبار و مەلەوانگەی کشتوکاڵی و زۆرتر بەهۆی کەمتەرخەمی روویانداوە.
ئەبرار
رۆژانە 190 کەس بەهۆی جگەرەکێشانەوە لە ئێران گیان لەدەستدەدەن
ئەمینداری گشتیی کۆمەڵەی بەرەنگاربوونەوەی توتن لە ئێران رایگەیاند، ساڵانە 70 هەزار کەس بەهۆی بەکارهێنانی جگەرەوە لە ئێران گیان لەدەستدەدەن کە دەکاتە رۆژانە 190 کەس.
محەمەد رەزا مەسجدی هۆشداریدا لە زیادبوونی بەکارهێنانی توتن لەنێو ژنان و گەنجاندا.
نزیکەی 22٪ـی پیاوان و 5٪ـی ژنان لە ئێران جگەرە دەکێشن و 17٪ـی گەنجانی بەکارهێنەری توتن لەدوای ماوەیەک تووشی ئاڵوودەبوون دەبن.
مەسجدی داوای لە راگەیاندنەکان کرد زانیاری زیاتر لەسەر زیانەکانی جگەرە بڵاوبکەنەوە بەهۆی ئەوەی70٪ـی گیان لەدەستدانەکان لە جیهاندا پەیوەندییان بە نەخۆشییەوە هەیە کە بەکارهێنانی توتن یەکێکە لە هۆکارەکانیان.
ئاسیا
بەهۆی بارانەوە 400 کیلۆمەتر رێگای کۆچەرییەکانی ئیلام زیانیان پێگەیشتووە
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری عەشیرەتەکان لە پارێزگای ئیلام رایگەیاند، 400 کیلۆمەتر لە رێگای کۆچەرییەکان لەمساڵدا بەهۆی بارانبارینی بەهارەوە زیانیان پێگەیشتووە.
محەممەد جەواد خانزادی گوتی، لە پارێزگای ئیلام نزیکەی 2500 کیلۆمەتر رێگای کۆچەری هەیە کە بەشێکی زۆریان بەهۆی بارانەوە داخراون.
پرۆسەی کردنەوەی رێگاکان لە ناوەڕاستی مانگی ئازارەوە دەستیپێکردووە و بەردەوامە بۆ ئاسانکاری لە هاتووچۆی عەشیرەتەکان. گوتیشی، ناوچەی پشتی زەرگوش پێویستی بە چاککردنی رێگاکانی هەیە و زیاتر لە 40 خێزانی کۆچەری لەم ناوچەیەدا نیشتەجێن.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
جۆ بایدن تووشی جۆرێک شێرپەنجەی پرۆستاتی کوشندە بووە
گوتەبێژی فەرمیی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا جۆ بایدن رایگەیاند، نەخۆشییەکەی بایدن دەستنیشانکراوە و جۆرێکی کوشندەی لە شێرپەنجەی پرۆستات هەیە.
نمونەیەک لە پرۆستاتی براوە بۆ پشکنین و لەوە دڵنیابوونەتەوە.
دەگوترێت لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا چەندجارێک کێشەی میزکردنی بۆ دروستبووە، رۆژی هەینی براوە بۆ پشکنین، روونبووەتەوە ئەو نەخۆشییەی تووشی بووە، کە لە جۆری پێنجەمە و وەرەمی پیسیشی لەناو ئێسکیدا دروستکردووە.
تایمز
ناکۆکی لە نێوان بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپا هەیە
بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپا کێشەیان هەیە، لە میانەی کۆبوونەوەکانی ئەم دوو لایەنەدا کاربەدەستانی برۆکسل داخوازییەکیان خستووەتە بەردەستی بەریتانیا، کە ئەگەری ئەوەی تێدایە، تەونی ئەو رێکەوتنانە هەڵبوەشێنێتەوە، کە ستامەر دەیەوێت لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا ئەنجامی بدات.
شەوی رابردوو نوێنەرانی یەکێتیی ئەوروپا داوایانکرد، لە میانەی رێککەوتنەکانی تایبەت بە کەرتی خۆراکدا ماسیگرەکانی ئەوروپا بتوانن بچنە ئاوەکانی بەریتانیاوە.
ئەم خاڵە مایەی ناکۆکییە لە گفتوگۆکاندا، بەڵام بەریتانیا گەشبینە، کە بتوانن لە ماوەیەکی داهاتووی نزیکدا رێکەوتنی نێوانیان ئیمزابکەن.
ئەم قسەوباسە، بەشێک دەبێت لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لوتکەی نێوانی بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپای پاش برێکزیت، کە بڕیارە لە لەندەن بەڕێوەبچێت.
فاینەنشیەڵ تایمز
رۆمانیا هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز و گەرموگوڕی ئەنجامدا
رۆمانیا هەڵبژاردنێکی چارەنوسسازی ئەنجامدا و خواستی هاوڵاتیانیش لەسەر بەشداریکردن زۆربوو.
ململانێکە لە نێوان دوو کاندیددا توندە: نیکوشار دان، کە ناوەندگیرێکی لایەنگری یەکێتیی ئەوروپایە، لەگەڵ جۆرج سیمیۆن، کە راستڕەوێکی پەڕگیرە.
کایەی کاری سیاسیی رۆمانیا لە مانگی تشرینی دووەمەوە گرفتاری قەیرانێک هاتووە، چونکە لەو مانگەدا هەڵبژاردنێک ئەنجامدرا، یەکێک لە کاندیدەکانی راستڕەوە پەڕگیرەکان پۆستی سەرۆکایەتییەکەی بردەوە، کە ناوی کالین جۆرجیسکۆیە و کەسایەتییەکە زۆر ناسراو نییە. بەڵام بە بەهانەی ئەوەی کە روسیا دەستوەردانی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا کردووە، لە قۆناغی کۆتاییدا پەسەندنەکرا.. بۆیە بۆ گەڕی دووەم رێگە نەدرا جۆرجیسکۆ بەشداریی هەڵبژاردنەکان بکاتەوە، تۆمەتی یاری بە ئەنجامی هەڵبژاردنی دراوەتەپاڵ و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
ئۆرشەلیم پۆست
حەماس نزیکە لەوەی نیوەی بارمتە زیندووەکان ئازادبکات
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت بۆئەوەی بتوانین رێک بکەوین کار لەسەر هەموو ئەگەرەکان دەکەین، بە ئەگەری کۆتاییهێنان بە شەڕەکەشەوە، حەماسیش نزیکە لەوەی پێشنیازبکات، نیوەی بارمتە زیندووەکانی لای خۆی ئازادبکات، بۆئەوەی لەبەرامبەردا دوو مانگ ئاگر بەست رابگەیەندرێت.
دانوستانی ئیسرائیل لە دەوحە پەلەیانە و کار لەسەر هەموو ئەگەرەکان دەکەن بۆئەوەی بتوانن بگەن بە رێککەوتن. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت هەموو هەوڵ و بۆچوونەکان بەهەند وەردەگرین، بەتایبەتیش ئەوانەی ستێڤ ویتکۆفی نێردەی تایبەتی ئەمریکا، رەنگە ئەم هەوڵانە هەموویان دواجار بگەن بەوەی کۆتایی بەشەڕی نێوانی سوپای ئیسرائیل و حەماس بهێنن.