زوومی کلتووری
پێشبڕکێکانی یۆرۆ ڤیژنی ٢٠٢٥ کۆتاییان پێهات، گۆرانیبێژی ٢٩ ساڵەی نەمسایی، جەی جەی، بە گۆرانی ‘عەشقی بێهودە’ توانی پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت و بۆ جاری سێیەم ناسناوەکە بۆ وڵاتەکەی بباتەوە.
یوڤاڵ رافایلی تەمەن ٢٤ ساڵی ئیسرایلیش پلەی دووەمی بردەوە.
لە پێشبڕکێی ئەمساڵدا، کێبڕکێیەکی بەهێز لە نێوان نوێنەری نەمسا و ئیسرایلدا بوونی هەبوو، تا ساتی کۆتایش نەتوانرا پێشبینی ئەوە بکرێت کێ دەتوانێت ناسناوەکە بباتەوە.
جەی جەی نەمسایی توانی ئیمتیازی ٤٣٦ بەدەستبهێنێت و نوێنەری ئیسرایلیش بە ٣٥٧ ئیمتیاز لە پلەی دووەم و ئیستۆنیاش بە ئیمتیازی ٣٥٦ کەوتە پلەی سێیەم.
جەی جەی دوای پێدانی مایکرۆفۆنی شووشەیی کە هێمای فێستیڤاڵەکەیە گووتی:’عەشق گەورەترین هێزی سەر زەوییە، دەبێت زیاتر فێری عەشق ببین.’
پێشبڕکێکانی یۆرۆڤیژن، گەورەترین پێشبڕکێی موزیکی زیندووە لە دنیادا و هەر ساڵەی لە وڵاتێکی ئەورووپی بەڕێوە دەچێت و بۆ ئەمساڵیش ‘سویسرا’ میوانداری پێشبڕکێکەی کرد.
لەگەڵ ئەوەی بەشداریکردنی ئیسرایل هەر لە سەرەتاوە ناڕەزایەتییەکی زۆری لەسەر هەبوو، بەڵام نوێنەری ئەو وڵاتە توانی زۆرترین دەنگی خەڵکی بەدەست بهێنێت و بۆ ساڵی سێیەم لەسەر یەک، وڵاتی بەریتانیا نەیتوانی هیچ دەنگێکی خەڵک بباتەوە.
لەم پێشبڕکێیانەدا خەڵکی لە رێگەی تەلەفۆنەوە دەنگ بە نوێنەری دڵخوازی خۆیان دەدەن و لە کۆتایی پێشىڕکێکەدا ئەم دەنگانە لەسەدا پەنجای کێىڕکێکە یەکلا دەکەنەوە.
یوڤاڵ رافایل، کە یەکێک لە رزگار بوانی هێرشەکانی حەوتی ئۆکتۆبەری سەر ئیسرایل بووە..
ئەو گۆرانییەی یوڤاڵ پێی چووە کێبڕکێی کۆتاییەوە ناوی ‘رۆژێکی نوێ هەڵدێت’
پێشبڕکێکانی گۆرانی یۆرۆڤیژنی ئەمساڵ خولی ٦٩ـەمی بوو، بە سێ قۆناغ ئەنجامدرا و لە قۆناغی یەکەمی لە ١٣ـی ئەم مانگە بە بەشداری ١٥ وڵات و قۆناغی دووەمی لە ١٥ـی مانگ و بە بەشداری ١٦ وڵات بەڕیوە چوو، کۆتا قۆناخیشی شەوی رابردوو بە ئامادەبوونی دەیان بینەر ئەنجامدرا.