پێنجشەممە لیستى هەڵبژاردەى عێراق رادەگەیەنرێت و لە مانگى داهاتوو بەرامبەر کۆریاى باشور و ئۆردن یارى دەکات.
یەکێتى تۆپى پێى عێراق رایگەیاند، پێنجشەممە 22/5/2025 کاتژمێر یەکى پاش نیوەڕۆ کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسى تایبەت لە بارەگاى یەکێتییەکە ئەنجام دەدات، بۆ راگەیاندنى لیستى یاریزانە بانگهێشتکراوەکانى هەڵبژاردەى عێراق.
یەکێتییەکە روونیکردووەتەوە لیستەکە بۆ دوو یارى داهاتووى بەرامبەر هەڵبژاردەکانى کۆریاى باشور و ئوردنە لە دوو گەڕى کۆتایى قۆناغى سێیەمى پاڵاوتنى جامى جیهانى 2026، کە بڕیارە پێنج و 10ى مانگى داهاتوو بەدواییەدا بەڕێوەبچن.
لە ئێستادا عێراق بە 12 خاڵ لە پلەى سێیەمى ریزبەندى کۆمەڵەى دووەمى قۆناغەکەدایە و بەجیاوازى خاڵێک لە دواى ئۆردنى پلەى دووەم و بەجیاوازى چوار خاڵ لە دواى کۆریاى باشورى پێشەنگى کۆمەڵەکەوەیە.
لەسەر ئاستى کیشوەرى ئاسیا، تەنیا هەردوو هەڵبژاردەى ئێران و ژاپۆن سەرکەوتنیان بۆ مۆندیال مسۆگەرکردووە.
عێراق یەکجار سەرکەوتنى بۆ مۆندیال بەدەستهێناوە، ئەویش لە مۆندیالى 1986ى مەکسیک بوو، کە هەر سێ یارییەکەى قۆناغى کۆمەڵەکانى بە هەڵبژاردەکانى مەکسیک و پاراگواى و بەلجیکا دۆڕاند.