زووم..
جارێکی دیکە حوسییەکانى یەمەن بە دوو موشەكی بالیستی فرۆكەخانەی بن گۆریۆنی ئیسرائیلیان بۆردومان کردەوە و دەڵێن، هێرشەکانیان ئامانجەكانی خۆی پێكاوە.
یەحیا سەریع گوتەبێژی سەربازی حوسییەکان، دوای هێرشەکە رایگەیاند، کەتیبە مووشەکییەکانیان لە ئۆپراسیۆنێکی سەربازيدا فڕۆکەخانەی بن گۆریۆنی لە تەلئەبیب بە دوو مووشەکی بالیستی کردووەتە ئامانج.
دەشڵێت، هێرشەکانیان بەردەوام دەبن تاوەکو دوژمنكارییەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە رادەوستێت و گەمارۆی سەریان هەڵدەگیرێت.
هاوکات، سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاند، رێگرییان لە مووشەكێك كردووە کە لە یەمەنەوە ئاراستەکراوە.
چواری ئەم مانگەش، لەڕێی مووشەكێكەوە حوسییەکان فڕۆكەخانەی بن گۆریۆنیان کردە ئامانج و بەهۆیەوە هەشت کەس برینداربوون، دوای دوو رۆژیش ئیسرائیل فڕۆکەخانەی سەنعا و وێستگەکانی وزەی یەمەنی کردە ئامانج و بەهۆیەوە زیاتر لە 40 کەس بوونە قوربانی.