زووم..
مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوەکردەوە، ئامانجی کۆتایی سیاسەتی واشنتن بەرامبەر بە ئێران رێگریکردنە لە دەستڕاگەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی، هەروەها رێگریکردنە لە توانای ئەم حکومەتە بۆ هەڕەشەکردن لە دراوسێکانی، بەتایبەت ئیسرائیل.
رۆبیۆ لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێس، سەبارەت بە هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر بە ئەگەری بەردەوامبوونی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئاستی نزم لەلایەن ئێرانەوە یان ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی تەواوی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران گوتی: کاتێک وڵاتێک توانای پیتاندنی لەهەر ئاستێکدا هەبێت، دەتوانێت بە خێرایی بگاتە ئاستی پیتاندنی پێویست بۆ چەکی ئەتۆمی، بۆیە نابێت ئێران بەردەوام بێت لە پیتاندن.
رۆبیۆ جەختیکردەوە، ئەمریکا رێگە نادات ئێران بگاتە چەکی ئەتۆمی یان تواناکانی هەڕەشەکردن و ئەمریکا هەوڵدەدات ئەم ئەنجامە بە رێگەی ئاشتیانە و دیپلۆماسی بەدەستبهێنێت.