درەنگی شەوی رابردوو، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، زیاتر لە 1.5 ملیۆن هاوڵاتی لە شاری بەندەری باشوری وڵاتەکەی و شارە بچوکەکانی دوروبەری بێ کارەبا بوون و دۆخەکەی بە “زۆر سەخت” وەسفکرد.
سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، زیاتر لە 1.5 ملیۆن هاوڵاتی لە شاری بەندەری باشوری بێ کارەبا بوون
دەسەڵاتدارانی ئۆکراین رایانگەیاند، بەهۆی ئەوەی روسیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێرانی بەکارهێناوە بۆ لێدانی دوو دامەزراوەی وزەی شاری ئۆدێسا، ژێرخانی کارەبای ئەو وڵاتە بەتەواوی لەکارکەوتووە و ئەگەری هەیە چاککردنەوەی ئامێرە لەکارکەوتووەکان چەند مانگێک بخایەنێت.
دەسەڵاتدارانی ئۆکراین: ئەگەری هەیە چاککردنەوەی ئامێرە لەکارکەوتووەکان چەند مانگێک بخایەنێت.
کیریلۆ تیمۆشینکۆ، جێگری سەرۆکی ئیدارەی سەرۆکایەتی ئۆکراین لە لە تەلەگرامى خۆى گوتی: “لە ئێستادا شارەکە بێ کارەبایە” تەنها چەند دامەزراوەیەکی خزمەتگوزاریی گرنگ، وەک نەخۆشخانە و بەشی منداڵبوون، کارەبایان هەیە.
دوای ئەوەی روسیا توشی شکستی سەربازی بوو لە بەشێک لە ناوچەکانی ئۆکراین، سوپای ئەو وڵاتە لە دوای کشانەوەی لە خێرسۆن، کە پێشتر لە ریفراندۆمێکدا لکێندرابوو بە خاکی روسیاوە، دەستیکرد بە ئامانجگرتنی ژێرخانی گرنگی وڵاتەکە.
سەرۆکی روسیا بەڵێنیدا بەردەوام بێت لە هێرشکردنەسەر تۆڕە گرنگەکانی کارەبای ئۆکراین
سەرەڕای ناڕەزایەتییەکان دژی هێرشەکانی، کە ملیۆنان کەسی خستۆتە نێو سەرماوسۆڵەی زستان و تاریکییەوە، رۆژی پێنجشەممە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا بەڵێنیدا بەردەوام بێت لە هێرشکردنەسەر تۆڕە گرنگەکانی کارەبای ئۆکراین.
ئیدارەی ئۆدێسا رایگەیاندووە، هاوڵاتییەکانی شارەکە تەنها پشتیان بە کارەبا بەستووە بۆ گەرمکردنی ماڵەکانیان، لە ئێستادا پێویستە بیر لە جێهێشتنی ماڵەکانیان بکەنەوە.
ئۆدێسا، کە گەورەترین شاری بەندەری ئۆکراینە، پێش لەشکرکێشییەکەی روسیا لە 24ی شوباتدا، ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس بووە.
کاربەدەستانی ئەو وڵاتە رایانگەیاند، زیانی هێرشەکانی روسیا لە کاتژمێرەکانی سەرەتای رۆژی شەممەدا بەر هێڵە سەرەکییەکانی گواستنەوەی کارەبا و کەرەستەی دیکەی ژێرخانی کارەبای شارەکە کەوتووە.
ئیدارەی ئۆدێسا گوتی: “بەگوێرەى پێشبینییە سەرەتاییەکان، ئەمجارە نۆژەنکردنەوەی دامەزراوەی کارەبای ناوچەی ئۆدێسا کاتێکی زۆر زیاتری دەوێت بە بەراورد بە هێرشەکانی پێشوو، کە رەنگە چاککردنەوەی زیانەکان چەند مانگێکی بوێت”.
هەفتەی رابردوو زێلێنسکی لە گوتارێکی ڤیدیۆیدا رایگەیاند، بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.
زێلێنسکی لە گوتارێکی ڤیدیۆیدا رایگەیاند، بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.
هێزە چەکدارەکانی ئۆکراین لە فەیسبوک بڵاویکردەوە، 15 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەرەو ئامانجەکانی ناوچەکانی باشوری ئۆدێسا و میکۆلایڤ هەڵدراون و 10 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان خستۆتە خوارەوە.
کیێڤ دەڵێت روسیا سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەهید-136ی دروستکراوی ئێرانی، کە ناوەکەی گۆڕاوە بۆ جیران 2، ئاراستەی ئامانجەکانی ئۆکراین کردووە. هەروەها ئەو هێرشانە بە تاوانی جەنگ وەسف دەکات بەهۆی ئەوەی کاریگەریی وێرانکەریان لەسەر ژیانی هاوڵاتییانی وڵاتەکەی جێهێشتووە. لەبەرامبەردا تاران رەتیدەکاتەوە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ مۆسکۆ دابین کردبێت.
بەڵام وەزارەتی بەرگری بەریتانیا رۆژی شەممە رایگەیاند، پێیانوایە لە چەند مانگی داهاتوودا پاڵپشتییە سەربازییەکانی ئێران بۆ روسیا زیاد دەکات، لەوانە ئەگەری رادەستکردنی موشەکی بالیستیک بە روسیا ئەگەرێکی پێشبینیکراوە.
رۆژی هەینی سەرۆکی ناتۆ نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی شەڕ لە ئۆکراین لە کۆنتڕۆڵ دەربچێت و ببێتە شەڕی نێوان روسیا و ناتۆ.
سکرتێری گشتی ناتۆ : “ئەوەی لە ئۆکراین روودەدات جەنگێکی ترسناکە
جێنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی ئێن ئاڕ کەی نەرویجی وتی: “ئەوەی لە ئۆکراین روودەدات جەنگێکی ترسناکە. ئەمە رەنگە ببێتە شەڕێکی گەورەی نێوان ناتۆ و روسیا.” راشیگەیاند هەموو رۆژێک کار لەسەر ئەوە دەکەن بۆ ئەوەی ئەو شەڕە روونەدات.
کرێملین چەندینجار هاوپەیمانانی ناتۆی بەوە تۆمەتبار کردووە، کە لەنێو ململانێکاندا بەشێوەیەکی کاریگەر بوونەتە لایەنگری ئۆکراین، ئەمەش بە دابینکردنی چەک و مەشق و راهێنانی سەربازەکانی ئۆکراین و دابینکردنی خۆراک بۆیان سەلمێنراوە. راشیگەیاندووە، هەواڵگری سەربازی بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی روسیا یەکێکی دیکەیە لە هاوکارییەکانی ناتۆ بۆ ئۆکراین.