رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
بەریتانیا سێ ئێرانى بەتۆمەتى سیخوڕیی دادگایی دەکات
پۆلیسی لەندەن بڵاویکردەوە، سێ هاووڵاتى بەڕەگەز ئێرانى لە یەکێک لە دادگاکانى لەندەن بەگوێرەى یاساى ئاسایشى نیشتمانی دادگایی کراون لەبەرئەوەى کاری سیخوڕییان بۆ ئێران کردووە.
پۆلیس رایگەیاند، هەریەک لە مستەفا سپەهوەند 30 ساڵان، فەرهاد جەوادیی 44 ساڵ و شاپور قلی خانى 55 ساڵ سیخوڕییان بەسەر دوو رۆژنامەنووسەوە کردووە کە کاریان بۆ کەناڵی “ئێران ئەنتەرناشناڵ” کردووە کە لە لەندەن کارەکانى دەکات و ئێران بە رێکخراوى تیرۆرستى ناویان دەهێنێت.
پێشتر پۆلیسی لەندەن لە دوو چالاکی جیاوازدا هەشت کەسی دەستگیرکرد کە حەوتیان بەڕەگەز ئێرانیی بوون، وەزیری ناوخۆش بەگەورەترین پرۆسەى لێکۆڵینەوە ناوى هێناوە لەچەند ساڵی رابردوودا.
پۆلیس گوتوویەتی، ئەو کەسانە هاوکاریی دەزگایەکی سیخوڕییان کردووە، وەزیری ناوخۆش رایگەیاندووە، ئێران دەبێت باجی ئەو کارەى بدات و ئەوانیش وریایانەتر مامەڵەبکەن و بەخۆیاندا بچنەوە و نابێت رێگە بدەن هیچ دەزگایەکى هەواڵگریی لە بەریتانیادا چالاکیی ئەنجامبدات.
عەرەب
ترەمپ ستراتیژیەتى ئەمریکاى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕست ئاوەژوکردەوە
دۆناڵد ترەمپ لە گەشتە سێ رۆژییەکەیدا بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست هێندەى وەک بازرگانێکى شارەزا دەرکەوت هێندە وەک سەرۆکێکى سیاسی و دبلۆماتکارێک دەرنەکەوت، ئەو راستەوخۆ دەچووە نێو مەبەستەکانى و بێ هیچ پێچ و پەنا و بە سانایی باسی لە پەیوەندییە بازرگانییەکان و دەستکەوتەکانى بۆ وڵاتەکەى دەکرد.
رۆژنامەى عەرەب ئاماژەى بەوەشکرد، ترەمپ لە گەشتەکەیدا وەک بازرگانێکى وریا کەوتە پیاهەڵدانى سەرۆکەکانی سعودیە و ئیمارات و قەتەر و سوریا و لەو رێگەیەوە توانى بەدەستى پڕەوە بگەڕێتەوە وڵاتەکەى.
رۆژنامەکە دەشڵێ، سەرۆکی ئەمریکا بەچەند دێڕێک لەبارەى ئەحمەد شەرعەوە توانى سوریا بباتە نێو هاوپەیمانی نێودەوڵەتى لەدژى داعش، چونکە هێشتا کاریگەری گەشتەکەى لە ناوچەکەدا کۆتایی نەهاتبوو لە سوریا جەنگی دژ بە شانە نوستووەکانى داعش دەستیپێکرد و چەندین رێککەوتنی لەگەڵ وڵاتانى دیکەدا واژۆکرد.
رۆژنامەکە، نوسیویەتى سەردانى ئەمجارەى ترەمپ پێچەوانە بوو لەگەڵ سەردانى هەموو سەرۆکە ئەمریکییەکان بۆ کەنداو بە خولى پێشووى خۆشییەوە، ئەوەش بە گۆڕانکارییەکى چاوەڕواننەکراو لێکداوەتەوە.
دەستور
بەشێک لەڕێگەى گەشەپێدانى ئابووریی تەواوکرا
فەرحان فەرتوسی بەڕێوەبەرى گشتیی کۆمپانیاى بەندەرەکانى عێراق رایگەیاند، بەشێک لە پرۆژەى گەشەپێدان کارەکانى تەواوکرا و بە فەرمی لە کۆمپانیاى جێبەجێکار وەرگیراوە.
راشیگەیاند، پرۆژەکە لە شەقامێکى سەرەکی سێ سایدى پێکدێت کە تایبەتە بە ئۆتۆمبێلى گەورە و بارهەڵگر و بەمەبەستى سەلامەتى زیاتر هەر دوولای شەقامەکە بە دیواری راگر بونیادنراوە.
فەرتوسی هەروەها گوتیشى، لە رێگە نوێیەکەدا هەموو بنەما جیهانییەکانى رێگەوبانى تێدا جێبەجێکراوە، بەتایبەتى لەڕووى ئاسایشى رێگەوبانەوە کە درێژییەکەی 51 کیلۆمەترە و تونێلێکى تێدایە 11 کیلۆمەترە و پێکەوە دەکاتە 62 کیلۆمەتر و دوو پردی سەرەکی و گەورەش لەخۆدەگرێت کە یەکێیکان 805 مەترە و ئەوەى دیکەشیان 300 مەترە و سەرجەم رێگەکەش بە وزەى خۆر رووناکدەکرێتەوە.
عەرەبی جەدید
ئەمریکا بەنیازە ملیۆنێک هاووڵاتی لە غەزەوە بۆ لیبیا رابگوازێت
لەسەردانەکەى دۆناڵد ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕست ئەوەندە باس لە بابەتە ئابورییەکان و گرێبەستەکان کرا ئەوەندە باس لە کێشە ئەمنی و سیاسی و جەنگییەکانى ناوچەکە نەبوو، بەڵام تۆری میدیایی ئێن بی سی بڵاویکردووەتەوە ئیدارەکەى ترەمپ کار بۆ گواستنەوەى ملیۆنێک کەس دەکەن لە غەزەوە بۆ لیبیا کە خۆی پڕیەتى لە کێشەى ئەمنى و سیاسی و ئابووری.
ئێن بی سی نوسیویەتى، لیبیا ئەم کارە لەپێناوى دەستخستنى بڕێک هاوکاریی داراییدا دەکات، بیرۆکەى گواستنەوەى غەزەییەکان لەکاتێکدایە کە ئیسرائیل جەنگەى توندتر کردووەتەوە و ئابڵۆقەکانى سەرى زیاترکردووە بە جۆرێک هیچ جۆرە هاوکارییەکى مرۆیی ناگاتە نێو غەزە و شارەکەش گەیشتووەتە ئاستێک کە بەهیچ شێوەیەک بە کەڵکی ژیانکردن نەماوە و ئەم کارەش بە ماناى ئەوە دێت ئەمریکا لەگەڵ پرۆژەى ئاوەدانکردنەوەى غەزە نییە کە عەرەبەکان دەیخوازن.
تۆڕی ئێن بی سی ئاماژەى بەوەشکردووە، پرۆژەکە خەریکە دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە و تەنها لەڕێی وەڵامی لیبیا و هەندێک لە وڵاتانى ئەفریقى وەستاون، ئەگینا هەموو ئامادەکارییەکان لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە تەواوبوون.
رۆژنامە فارسییەکان
سایه
ژنان لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی ئێران پەراوێز خراون
لە ماوەی 12 خولی پەرلەمانی ئێراندا، تەنها دوو ژن توانیویانە ببنە ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و لە ماوەی بیست و یەک ساڵی رابردووشدا هیچ ژنێک نەیتوانیوە بگاتە ئەو پۆستە.
لە خولی 12ـەمی ئێستای پەرلەماندا، لەکۆی 290 کورسی، تەنها 14 کورسی بە ژنان دراوە کە دەکاتە 5%.
سەرۆکی لیژنەی ژنان لە پەرلەمان رایگەیاند ژنان هیچ شتێکیان لە پیاوان کەمتر نییە و تەنانەت لە هەندێک بواردا پێشەنگیشن، بۆیەبەشداریی ژنان لە دەستەی سەرۆکایەتی دەتوانێت کاریگەریی هەبێت لەسەر داڕشتنی یاساکان و گرنگیدان بە پرسەکانی ژنان و خێزان.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی دەستەی سەرۆکایەتی بۆ ساڵی دووەمی پەرلەمان، ناوی چەند ژنێک بۆ بەربژێرکردنی خۆیان دەبینرێت.
جەهانی سەنعەت
بەهۆی ئەنفلۆنزای باڵندەوە هاوردەی گۆشتی مریشک لە بەرازیلەوە راگیرا
دوای پشتڕاستکردنەوەی یەکەم حاڵەتی بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندە لە بەرازیل، هاوردەی مریشک لەم وڵاتەوە راگیرا.
بەرازیل گەورەترین هەناردەکارە لە جیهاندا و لە ساڵی 2024 دا بە بەهای نزیکەی 10 ملیار دۆلار گۆشتی مریشکی هەناردە کردووە، کە دەکاتە نزیکەی 35%ـی بازرگانیی جیهانی.
بڵاوبوونەوەکە لە ویلایەتی ریۆ گرانده دو سۆل بووە کە 15%ـی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی مریشکی بەرازیل پێکدەهێنێت.
مەردوم سالاری
لە ئێران بەهۆی ئۆتۆمبێلەوە 80%ـی هەوای شارە گەورەکان پیسبووە
پسپۆڕێکی نەخۆشیی سییەکان رایگەیاند، نزیکەی 80%ـی پیسبوونی هەوا لە شارە گەورەکاندا پەیوەندیی بە ئۆتۆمبێلەوە هەیە و نزیکەی 20% یشی بەهۆی پیشەسازییەوە.
ئۆتۆمبێلە ناوخۆییەکانی ئێران ستانداردی دژە پیسکەریان نییە و سووتەمەنییەکەیان گونجاو نییە، هەروەها بەکارهێنانی وزەی نوێبووەوە وەک خۆر و با و بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی دەتوانێت بەشێوەیەکی بەرچاو پیسبوونی هەوا کەمبکاتەوە.
تەنۆلکە وردەکان زۆر مەترسیدارن بۆ تەندروستی و دەتوانن بچنە ناو قووڵایی سییەکان و تەنانەت بچنە ناو سووڕی خوێنەوە، کە دەبێتە هۆی نەخۆشیی جۆراوجۆر و تەنانەت شێرپەنجە لە درێژخایەندا، بۆیە بە گوێرە ئامارەکان، پیسبوونی هەوا رۆژانە نزیکەی 20 هەزار کەس لە جیهاندا دەکاتە قوربانی.
ئەبرار
پچڕانی ئینتەرنێت لە ئێران زیانێکی زۆری بە بازرگانیی ئۆنلاین گەیاندووە
ئەندامێکی لیژنەی پیشەسازی و کانزاکان لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، پچڕانی کارەبا و بەدوایدا پچڕانی ئینتەرنێت زیانێکی زۆری بە بازرگانیی ئۆنلاین گەیاندووە.
ئەم پچڕانانە زیانی دارایی، پەروەردەیی، پەیوەندی و راگەیاندنی لێکەوتووەتەوە، هەروەها زیانی دارایی، دەروونی، کۆمەڵایەتی و تەنانەت خوێندنیشی بە خەڵک گەیاندووە کە لە دۆخێکی نالەباردان.
پچڕانی کارەبا لە هەندێک ناوچەی کشتوکاڵی دەگاتە ٨ کاتژمێر لە رۆژێکدا. هەروەها پچڕانی ئینتەرنێت و تەنانەت هێڵی مۆبایل لەکاتی پچڕانی کارەبادا، توانای پەیوەندیکردنی لە خەڵک سەندووەتەوە، کە ئەمەش جێگەی نیگەرانییە بەتایبەت لەکاتی پێویستی بە پەیوەندی خێرا یان داواکردنی ئەمبوڵانس.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
سێ پەنابەر لە بەریتانیا بەتۆمەتی سیخوڕی بۆ ئێران دەستگیرکراون
سێ پەنابەری ئێرانی برانە دادگا، تۆمەتی ئەوەیان لەسەر هەیە کە سیخوڕییان بۆ ئێران کردبێت.
ئەم سێ کەسە لەڕێگای قاچاخەوە خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا و داوای مافی پەنابەرییان کردووە و پێیان نەدراوە، لەسەر و بەندی ئەوەدابوون کە دیپۆرتبکرێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان، بەڵام کە لەلایەن پۆلیسی دژەتیرۆرەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە، دەرکەوتووە پەیوەندییان بە رێکخراوێکەوە هەیە و کاری سیخوڕی بۆ وڵاتێکی بێگانە دەکەن.
هەموویان لەناو لەندەندا لە چەند ناوچەیەکی جیاوازدا ژیاون. ئەمانە لە سەرەتای ئەم مانگەدا دەستگیرکراون و دوێنێ براونەتە دادگا، بەگوێرەی بڕیارێکی ساڵی 2023ـی تایبەت بە ئاسایشی نیشتمانی دادگاییکراون. دووان لەم تۆمەتبارانە بە زمانی فارسی قسەیان کردووە و پێویستیان بەوە هەبووە وەرگێڕیان بۆ دابینبکرێت.
تایمز
بەریتانیا سوپایەکی نیشتمانی بۆ پاراستنی وڵاتەکە لە هێرشی دەرەکی دادەمەزرێنێت
وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری روودانی هەر جەنگێک، لە بەریتانیا هەزاران کەس دادەمەزرێن وەک سەرباز بۆ ئەو سوپا نیشتمانییەی کە ئەرکی پاراستنی وڵاتەکە دەبێت لە هێرشی دەرەکی.
هەروەها ئەرکەکەیان بریتی دەبێت لە پاراستنی شوێنە ناوخۆییە ستراتیژییەکانی ناو وڵاتەکە، لە نمونەی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی وزە و ناوەندە ئەتۆمییەکان و فڕۆکەخانەکان.
دەرچوونی ئەم بڕیارە لە ئەنجامی کۆبوونەوە و پێداچونەوەیەکی دەزگای ستراتیژیی پاراستنی نیشتمانییەوە هاتووە و ئەندامانی ئەو هێزە لە کەسانی مەدەنی پێکدێن.
وۆڵ ستریت جۆرنەڵ
تۆمەتی ئەنجامدانی چەندین تاوانی هەڵخەڵەتاندن دەدرێتە پاڵ ئینستاگرام و فەیسبووک
دەگوترێت ئەو پارانەی دەچنە سەر هەژماری کۆمپانیای مێتا، لە ئەنجامی بڵاوکردنەوەی بانگەشەی بازرگانیی بێبنەما و هەڵخەڵەتاندنەوە دەستیدەکەون.
ئێدگار گازمەن کەسێکە ماوەی نزیکەی دوو ساڵە کەسانێک پەیوەندیی پێوەدەکەن و لێی تووڕەدەبن لەبەرئەوەی وادەزانن ئەوە ئێدگار بووە لەسەر فەیسبووک و ئینستاگرام بانگەشەی بازرگانیی دابینکردنی کەرەستەی ناوماڵ و بیناسازیی بە نرخی زۆر هەرزان بڵاوکردووەتەوە، بە ناوی کۆمپانیای گوزمەنەوە گوتراوە هەموو کاڵاکانی ناو کۆگاکانی بەنیوەی نرخی خۆیان دەفرۆشێت.
ئەم کۆمپانیایە دەکەوێتە سنوری ویلایەتی ئەتلەنتاوە، نرخی زۆر هەرزان بۆ کۆمەڵێک کاڵای گرانبەهای کۆمپانیاکەی ئەوان دانراوە.
کڕیارەکان بە ئۆنلاین پارەی کاڵا نمایشکراوەکان دەدەن و چاوەڕواندەکەن پێیان بگات، بەڵام هیچ نابینن، بۆیە تەلەفۆن بۆ گوزمەن دەکەن و خراپ لێی توڕەدەبن. گوزمەن چەندجارێک شکاتی لە کۆمپانیای میتا کردووە، کە لەڕێی فەیسبووک و ئینستاگرامەوە ئەم گرفتانەی بۆ دروستدەبێت، بەڵام تائێستاش کێشەکەی چارەسەرنەکراوە.
هائارێتز
ئیسرائیل و حەماس لە قەتەرەوە گفتوگۆکانیان لەسەر بارمتەکان و ئاگربەست دەستپێدەکەنەوە
سوپای ئیسرائیل فشارێکی زۆری شەڕی خستووەتە سەر غەزە، بە ئومێدی گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی.
حەماس و سوپای ئیسرائیل دەیانەوێت بگەن بە راگەیاندنی ئاگربەستێکی دوو مانگە، بۆیە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانیان لە قەتەر دەستیپێکردووەتەوە.
لەماوەی رابردوودا سوپای ئیسرائیل هێرشی سەختی داگیرکاریی بۆسەرغەزە ئەنجامداوە. مەبەستەکەش ناچارکردنی حەماس بووە، بۆ ئەوەی مل بە دانوستاندنی نوێ بدات.
چەند ناوەندێکی ئاگاداریش بە هائارێتزیان گوتووە، گفتوگۆکان دەستپێدەکەنەوە، بەرپرسێکی باڵای ناو حەماس رۆژی شەممە بە رۆژنامەی عەرەبی جەدیدی قەتەریی گوتووە، گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لە دەوحەی پایتەختی قەتەر دەستیپێکردووە. ئەم جارە گفتوگۆکان بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکن ماوەی دوو مانگ بخایەنێت.