25ى ئەم مانگە کەمپى هەڵبژاردەى عێراق بۆ پاڵاوتنى مۆندیال دەستپێدەکات و پێشبینى یارى دۆستانەش دەکرێت.
راپۆرتە رۆژنامەنووسیەکان لە عێراق ئاماژە بەوەدەکەن، ئەبراهام ئارنۆڵدى ئوسترالى راهێنەرى هەڵبژاردەى تۆپى پێى عێراق، 25ى ئەم مانگە بۆ دەستپێکردنى کەمپى مەشق و راهێنانى هەڵبژاردەکە دیاریکردووە، وەک ئامادەکارى بۆ دوو یارى داهاتوو لە پاڵاوتنى جامى جیهانى 2026.
کەمپەکە لە شارى بەسرە دەبێت و کار لەسەر بەرزکردنەوەى ئاساتى ئامادەیى یاریزانەکان بۆ دوو یارى بەرامبەر کۆریاى باشور و ئوردن لە پاڵاوتنى مۆندیال دەکرێت، کە پێنج و 10ى مانگى داهاتوو بەدواییەکدا بەڕێوەدەچن.
پێشبینیدەکرێت پێش یارییەکەى بەرامبەر کۆریاى باشور، عێراق یارى دۆستانە سازبکات، بۆ ئەوەى ئارنۆڵدى راهێنەر بەتەواوى شارەزاى یاریزانەکانى هەڵبژاردەکەى بێت.
ئارنۆڵد چەند رۆژێکە ئەرکى راهێنەرایەتى عێراقى وەرگرتووە و جێگەى خیسۆس کاساسى ئیسپانى گرتەوە، کە ئەم بەهۆى ئەنجامە خراپەکانى ئەم دواییەوە لە پۆستەکەى دوورخرایەوە.
لە ئێستادا عێراق بە 12 خاڵ لە پلەى سێیەمى کۆمەڵەى دووەمى قۆناغى سێیەمى پاڵاوتنى مۆندیالدایە و بەجیاوازى خاڵێک لە دواى ئوردنى پلەى دووەم و بەجیاوازى چوار خاڵ لە دواى کۆریاى باشورى پێشەنگەوەیە.