زووم..
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشدارییکردن لە کۆڕبەندی گفتوگۆی تاران سەردانی ئێران دەکات.
محەمەد کازم ئال سادق باڵیۆزی ئێران لە بەغداد بە ئاژانسی هەواڵی ئیسنای رایگەیاندووە، هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فواد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق سەردانی تاران دەکەن.
ئال سادق راشیگەیاندووە، ئامانجی سەردانەکەیان بۆ بەشدارییکردنە لە کۆڕبەندی گفتوگۆی تاران کە لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی سیاسی و نێودەوڵەتییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە رێکخراوە و لە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە بەڕێوەدەچێت.
هەروەها سەعید خەتیبزادە، سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوە سیاسی و نێودەوڵەتییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێ، لە نوێنەر و شاندی 53 وڵات بەشدار کۆڕبەندەکە دەکەن.
دواین سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران، لە رۆژی 30ـی تەمموزی ساڵی رابردوو بوو بۆ بەشدارییکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی مەسعود پزشکیان وەک سەرۆککۆماری ئێران.