سبەینێ نەورۆز میواندارى نەفتى بەسرە دەکات و دووشەممەش دهۆک رووبەڕووى قووە جەوییە دەبێتەوە.
سبەینێ یەکشەممە 18/5/2025 هەفتەى 34ى خولى ئەستێرەکانى عێراق دەستپێدەکات، کاتژمێر شەشى ئێوارە، یانەى نەورۆز لە یاریگاى نێودەوڵەتى نەورۆز لە سلێمانى، میواندارى یانەى نەفتى بەسرە دەکات.
هەمان رۆژ و لە کاتژمێر هەشت و 30ى خولەکى شەو، هەردوو یانەى شورتە و دیالە لە یاریگاى شەعبى نێودەوڵەتى لە بەغدادى پایتەخت رووبەڕووى یەکدەبنەوە.
دووشەممەش چەند یارییەکى دیکەى هەفتەکە دەکرێن، لە دیارترینیاندا کاتژمێر هەشت و 30 خولەکى شەو، یانەى دهۆک لە دەرەوەى یاریگاى خۆیدا، بەرامبەر یانەى قووە جەوییە یارى دەکات.
سێشەممەش 20/5/2025 دوایین سێ یارى گەڕەکە دەکرێن، کاتژمێر شەشى ئێوارە، یانەى هەولێر لە یاریگاى فرانسۆ هەریرى تایبەت بەخۆى، بەرامبەر یانەى تەڵەبە یارى دەکات.
لە هەمان کاتدا و لە یاریگاى ساحر ئەحمەد رازى، هەردوو یانەى حدوود و زەورا رووبەڕووى یەکدەبنەوە.
لە دوایین یارى گەڕەکەشدا، کاتژمێر هەشت و 30ى خولەکى شەو، یانەى زاخۆ دەبێت بە میوانى یانەى قاسم.
لە ئێستادا زەورا بە 71 خاڵ لە پێشەنگى ریزبەندى خولەکەدایە و بەجیاوازى گۆڵ لە پێش شورتەى پلەى دووەمەوەیە، بەڵام شورتە یارییەک کەمترى کردووە، زاخۆش لە پلەى سێیەمدایە و 60 خاڵى هەیە.