رۆژنامە عەرەبییەکان
سەباح
بەغداد سەرکردەکانى عەرەب کۆدەکاتەوە
ئەمڕۆ بەغدادی پایتەخت، سەرۆک و سەرکردەی 22 وڵات لە 34ـەمین لوتکەى کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی کۆدەکاتەوە.
لوتکەکە هەنگاوێکى گەورە و گرنگە بۆ هەندێک دۆسیەى چارەنوسساز، بۆ یەکخستنى دید و تێڕوانینەکان بۆ ئەو ئاڵنگاریی و گرژییە هەڵکشاوانەى ناوچەکە بەخۆیەوە دەبینێت.
لەکۆبوونەوەى لوتکەى بەغداد، چەندین سەرۆک و بەرپرسی رێکخراوە جیهانیی و نێودەوڵەتییەکان و کەسایەتی دیار بەشداردەبن.
باسم عەوادی گوتەبێژی حکومەتى عێراق بە رۆژنامەى سەباحی گوتووە، عێراق 18 دەستپێشخەریی ئامادەکردووە لە لوتکەکەدا گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت.
شەرقلئەوسەت
ترەمپ فشارەکانى لەسەر ئێران چڕدەکاتەوە بۆ رێککەوتن لەسەر دۆسیە ئەتۆمییەکەی
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا، فشارەکانى لەسەر ئێران چڕدەکاتەوە بۆ رێککەوتن لەسەر دۆسیە ئەتۆمییەکەی و دەڵێ، تاوەکو هەموو شتێک لەدەست دەرنەچووە رێککەوتن ئەنجامبدە.
ترەمپ لە کۆتا گەڕی سەردانەکانی بۆ وڵاتانى کەنداو، کە دوێنێ بە ئیمارات کۆتایی پێهێنا، گوتویەتى واشنتن بەفەرمی پیشنیازێکی لەڕێى عومانەوە گەیاندووەتە تاران و رایسپاردون پەلەبکەن لە ئەنجامدانى رێککەوتن، ئەگەرنا، شتێکی خراپ روودەدات.
لای خۆشیەوە مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەى ئەمریکا گوتویەتى، بڕیارەکە لەدەست “عەلی خامنەیی”ـە، ئەودەکرێت رێگە باشەکە هەڵبژێرێت.
قودسی عەرەبی
غەزە و سوریا دەبنە پێشەنگی کارەکانى لوتکەى بەغداد
ئەمڕۆ 34ـەمین لوتکەى باڵای وڵاتانى کۆمکاری عەرەبی لە بەغدادى پایتەختى عێراق بەڕێوەدەچێت، چاوەڕواندەکرێت دۆسیە گەرمەکانى غەزە و سوریا ببنە پێشەنگی ئەو کارانەى لە لوتکەکەدا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.
یەکێکی دیکە لەو دۆسیانەى دەبنە ئەجێندای لوتکەکە، رێگەى گەشەپێدانى عێراق و وەبەرهێنان و بەگژاچوونەوەى تیرۆر و مادەى هۆشبەر و هاریکاریی ئەمنییە.
عەرەبی جەدید
سوپای ئیسرائیل کەرتی غەزە کۆمەڵکوژ دەکات
هێرشە ئاسمانییە چڕوپڕەکانى ئیسرائیل لە سەرانسەری کەرتی غەزە بەردەوامن و هیچ ئومێدێک بە دانوستانەکان نییە، هۆشداریی لە کارەساتێکی مرۆیی بێ وێنە دەدرێت.
ئێوارەی دوێنێ سوپای ئیسرائیل دەستپێکردنی قۆناغی یەکەمی ئۆپراسیۆنێکی سەربازی بەرفراوانی راگەیاند کە بریتییە لە هێرشی چڕوپڕی ئاسمانی و جێگیرکردنی هێزی زەمینی بۆ کۆنترۆڵکردنى شوێنە ستراتیژییەکانی ناو کەرتەکە، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ گەیشتن بەوشتەی ئیسرائیل ناوى ناوە “ئامانجی جەنگ”، کە بە پلەی یەکەم ئازادکردنی بارمتەکامى ئیسرائیل و شکست و کۆتایی هێنانە بە بزووتنەوەی حەماس.
لە سێ رۆژی رابردوودا زیاتر لە 360 کەس لە غەزە کوژراون کە بەشی هەرەزۆریان ژن و منداڵن.
رۆژنامە فارسییەکان
باختەر
پارێزگای کرماشان هێشتا لەژێر کاریگەریی شەڕی ئێران – عێراقدایە
محەمەد رەشیدی نوێنەری کرماشان لە پەرلەمانی ئێران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود پزشکیان سەرۆککۆمار باسی کێشەکانی پارێزگاکەی کرد و گوتی، کرماشان هێشتا لەژێر کاریگەری شەڕی ئێران و عێراقدایە و داوایکرد کۆمپانیا گەورە ئابوورییەکان لەم پارێزگایەدا چالاکبکرێن.
ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە پرۆژە تەواونەکراوەکان کرد وەک رێگای خێرا بۆ تاران، هێڵی ئاسن بۆ خوسرەوی و پاڵاوگەی ئاناهیتا کە 17 ساڵە تەواو نەبووە، داواشیکرد سەرۆککۆمار رێگەچارەیەک بۆ ئەم کێشانە بدۆزێتەوە. ئەو هەروەها رەخنەی لە ئابووری دەوڵەتی گرت و داوایکرد کەرتی تایبەت پشتگیری بکرێت.
ئەبرار
فڕۆکەخانەی مۆدێرنی سنە تەنها دوو گەشتی لە هەفتەیەکدا هەیە
سەرەڕای هەبوونی دوو فڕۆکەخانەی مۆدێرن لە پارێزگای سنە و سەقز لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام ژمارەی گەشتەکانیان زۆر کەمە.
فڕۆکەخانەی سنە کە ناوەندی پارێزگاکەیە، تەنها دوو گەشتی لە هەفتەیەکدا هەیە، لەکاتێکدا پارێزگاکانی دراوسێ وەک کرماشان 70 گەشتی هەفتانەیان هەیە. ئەم دۆخە کاریگەریی نەرێنی لەسەر گەشەی ئابووری و گەشتیاری پارێزگاکە هەیە.
خەڵک رەخنە لەم بارودۆخە دەگرن و دەڵێن، بەرپرسان وەڵامێکی روون یان پلانێکی دیاریکراویان نییە بۆ چارەسەری کێشەکە و هۆکارەکەشی دەگەڕێنەوە بۆ لاوازیی بەڕێوەبردن. سەرەڕای ئەوەی ئەم کێشەیە وەک یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی پارێزگاکە دیاریکراوە، بەڵام هێشتا چارەسەرنەکراوە و داوای زیادکردنی گەشتەکان دەکرێت.
ئیقتسادی مەردوم
لە ورمێ ئۆتۆمبێلی گشتی بەبێ بەرامبەر بۆ دوو سووتەمەنی دەگۆڕدرێت
بەڕێوەبەری دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە پارێزگای ورمێ رایگەیاند، گۆڕینی ئۆتۆمبێلی گشتی بۆ بەکارهێنانی دوو سووتەمەنیی بەنزین و گاز بەبێ بەرامبەر ئەنجامدەدرێت.
ئەم پرۆژەیە ئۆتۆمبێلی تەکسی، ڤان و بارهەڵگری بچووک دەگرێتەوە و ئامانجی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی بەنزین و پیسبوونی هەوایە. لەئێستادا 13 شوێن لە پارێزگای ورمێ چالاکن بۆ ئەم کارە و تائێستاش زیاتر لە 23 هەزار ئۆتۆمبێلی گشتی گۆڕدراون و 316 ئۆتۆمبێلی دیکەش لە چاوەڕوانیدان.
خاوەن ئۆتۆمبێلە گشتییەکان دەتوانن لەڕێی ماڵپەڕی تایبەتەوە ناوی خۆیان بۆ سوودمەندبوون لەم پرۆژەیە تۆماربکەن، هەروەها گۆڕینی تانکیی کۆن و بەسەرچووی ئۆتۆمبێلی تەکسییە تۆمارکراوەکانیش بەبێ بەرامبەرە.

ئەسکەناس
کرێی خوێندن لە قوتابخانە ناحکومییەکانی ئێران بەرزدەکرێتەوە
سەرەڕای ئەوەی ساڵی نوێی خوێندن دەستیپێنەکردووە، بەڵام کرێی قوتابخانە ناحکومییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.
کرێی خوێندنگەکان بەڕێژەی 50 تا 70 لەسەد زیادیکردووە و لە هەندێک قوتابخانەش دەگاتە 700 دۆلار لە ساڵێکدا، بەبێ روونکردنەوەیەکی روون.
دایک و باوکان گلەیی دەکەن کە سەرەڕای کرێی زۆر، کوالێتی خزمەتگوزارییەکان نزمە و زۆرێک لە پرۆگرامە زیادەکان یان ئەنجام نادرێن یان کوالێتیان باش نییە، هەندێک مامۆستاش دەڵێن، فشار دەخرێتە سەریان بۆ ئەوەی نمرەی دەرچوون بە قوتابییە ناشایستەکان بدەن، تەنها لەبەرئەوەی خێزانەکانیان پارەیان داوە.
دایک و باوکان هەست دەکەن ناچارن منداڵەکانیان بنێرنە ئەم قوتابخانانە بەهۆی نەبوونی شوێن لە قوتابخانە حکومییەکان.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
پێدەچێت بۆ یەکەمجار ژنێکی پەنابەری ئێرانی ببێت بە مەتران لە بەریتانیا
دەشێت ژنێکی بە رەچەڵەک ئێرانی کە بە کۆچبەری گەیشتووەتە بەریتانیا ببێت بە مەترانی کڵێسای کانتەربری کە باڵاترین پۆستی ئاینیی ناو کڵێسای کاسۆلیکیی بەریتانیایە.
ئەم ژنە ناوی گوڵیل فرانسیس دەهقانییە و لەئێستادا قەشەی کڵێسای چەڵمسفۆردە، بەڵام کە جاستن وێلبیی قەشەی کانتەربری لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا بە فەرمی دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە، تائێستا لە دەستەی کەسە کاندیدکراوەکاندا بۆ پڕکردنەوەی ئەو پۆستە کەس نییە لە پێشی دەهقانییەوە بێتت.
ژمارەیەکی زۆر لە کەسانی ناودار لەم بوارەدا پێشنیازیانکردووە ئەم ژنە ئەو پۆستە وەربگرێت و ببێت بە 106ـهەمین قەشەی باڵای کڵێسای بەریتانی، 1428 ساڵە ئەم پۆستە لە بەریتانیادا بوونی هەیە و یەکەمجاریشە ئەگەری ئەوە دروستببێت، کە ژنێک بەڕێوەی ببات.
تایمز
ستامەر پێداچوونەوە بە هەلومەرجەکانی برێکزێتدا دەکاتەوە
کێیەر ستامەر سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەڵێ، کردنەوەی رێگای هاتوچۆ بۆ گەنجانی ئەوروپا مانای ئەوەنییە بەریتانیا گەڕابێتەوە بۆ ناوچەی هاتوچۆی ئازاد.
ستامەر دەڵێ، ئەو رێکخستنەوەیەی لە هەلومەرجەکانی برێکزێتدا ئەنجامیان دەدات، بۆ باشترکردنیانە و رێگە دەدات گەنجانی وڵاتانی سەر بە یەکێتیی ئەوروپا بتوانن باشتر لەناو بەریتانیادا کاربکەن و بژین.
لە دیدارێکدا کە تایمز لەگەڵ ستامەردا ئەنجامیداوە، سەرۆکوەزیران دەڵێ، تێزێکی داناوە بۆ ئەوەی هەر گەنجێکی ئەوروپی بیەوێت بچێت لە بەریتانیادا بژی، ئەو مافەی هەبێت کە بتوانێت دوو ساڵ بمێنێتەوە، ئەمەش پێچەوانە نییە لەگەڵ یاساکانی برێکزێتدا.
یوئێس ئەی توودەی ویکئەند
ترەمپ دەڵێ فڕۆکە قەتەرییەکە لە فڕۆکەکانی ئەوان باشترە و زۆر پێشکەوتوو ترە
دۆناڵد ترەمپ دەڵێ، دەبوو ئەمریکا خۆی فڕۆکەی زۆر لەوە باشتری هەبووایە، بەڵام هێزی ئاسمانیی ئەمریکا کە بە یەکەمین هێزی ئاسمانی ناسراوە، توانای رکابەریکردنی نییە.
ترەمپ لە گەشتەکەیدا فڕۆکەی میر و سەرۆکەکانی وڵاتانی سعودیە و قەتەر و ئیماراتی بینیووە، بەڵام لە گەڕانەوەیدا، هەر لەناو فڕۆکەکەی خۆیدا شوون هانیتی پەیامنێری کەناڵی فۆکس نیوز دیدارێکی لەگەڵیدا ئەنجامداوە و ترەمپ گوتویەتی، ئەم فڕۆکەیەی ئێمە لەگەڵ ئەوانەی ئەواندا بەراورد ناکرێت، هیی ئەوان زۆر پێشکەوتوو ترە.
ترەمپ کەوتووەتە ئامادەسازیی بۆ ئەوەی فڕۆکەیەکی تایبەت بە دیاری لە وڵاتی قەتەر وەربگرێت، ئەم فڕۆکەیە لە جۆری 747-8ـە و بە ناوی (کۆشکێک بە ئاسمانەوە) ناسراوە. نرخەکەی دەگاتە 400 ملیۆن دۆلار و دیاریی خێزانی پادشایی قەتەرییە، ئەم فڕۆکەیە ئەگەر وەربگیردرێت دەبێت بە گەورەترین دیاری کە لەسەرەتای مێژووی سەرۆکایەتیی ئەمریکاوە تا ئەم بەروارەی ئێستا پێشکەشی سەرۆکێکی ئەم وڵاتە بکرێت.
ئیندیپێندەنت
کارمەندانی تەندروستی ئەو مافەیان پێدەدرێت داواکاری کوشتنی خۆویستانەی نەخۆشەکان جێبەجێنەکەن
هێشتا لەناو کایە یاسایی و دەستوورییەکانی بەریتانیادا قسەوباس لەبارەی مردنی یارمەتیدراوەوە گەرمە.
بەریتانیا دەیەوێت ئەو مافە بە نەخۆشەکان بدات کە ئەگەر خۆیان داوابکەن، مردنیان بۆ ئاسانبکرێت، بەڵام پەرلەمانتارەکان دەنگیان بە بڕگەیەکیش داوە کە دەڵێ، کارمەندانی تەندروستی دەتوانن خۆیان لە ئەو داوایەی نەخۆشەکان لابدەن، بۆ ئەوەی دەستیان لە مردنیاندا نەبێت، پرۆسەی پێداچوونەوەش بە پرۆژەیاساکەدا تائێستا درێژەی هەیە.
ئیستەر رانزن کەسایەتییەکی تەلەڤزیۆنیی ناسراوە، رەخنەی توندی لە یاسای مەرگی ئاسانکراوەکەی بەریتانیا گرت و دەڵێ، قێزەونیان کردووە.
وێزڵی ستریتینگی وەزیری تەندروستییش ناچاربوو وەڵامی بداتەوە و دەڵێ، ئیستەر خۆی نەخۆشیی شێرپەنجەی پلە چواری هەیە و دەیەوێت بزانێت ئەو پرۆژەیاسایە بەکوێ دەگات.