زووم..
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، زیانی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و پەکەکە دوو ترلیۆن دۆلار بووە.
لە میانی پێشکەشکردنی گوتارێک لە ئیستەنبوڵ ئەردۆغان گوتی، بەهۆی شەڕکردن لەگەڵ پەکەکە دەیان هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، زیانێکی زۆری ئابووری و داراییان بەرکەوتووە و “هەوڵەکانمان بۆ بنیاتنانی ئاشتی لە نێوخۆی تورکیا چڕکردەوەتەوە.”
گوتیشی، کەسانێک هەن چەندین ساڵە لە هەبوونی تیرۆر سودمەندبوون، بۆیە لە چەکدانانی پەکەکە نیگەرانن.
ئەم قسانەی سەرۆککۆماری تورکیا لەکاتێکدایە، دووشەممەی رابردوو پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی دوانزەهەمینی راگەیاند کە تێیدا بڕیاردرا بە کۆتایهێننا بە خەباتی چەکداری لەژێر ناوی پارتی کرێکارانی کوردستان و هەڵوەشاندنەوەی پارتەکە.
بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی گروپی قەیرانی نیودەوڵەتی، لە شەڕ و ململانێی 40 ساڵەی نێوان تورکیا و پەکەکە زیاتر لە 30 بۆ 40 هەزار کەس کوژراون.
لەدوای راگەیاندراوەکەی پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە، سوپای تورکیا بەردەوامە لە هێرشەکانی لە هەرێمی کوردستان. ئەمڕۆ هەینی سوپای تورکیا جارێکی دیکە سنووری ئامێدی بۆردومان کرد و بە گوێرەی زانیارییەکانی زووم، بۆردومانەکە چەند کیلۆمەترێک لە سەنتەری ناحیەی دێرەلوکەوە دوور بووە.
بەگوێرەی ئاماری تیمەکانی ئاشتی دروستکەرانی کۆمەڵگە (سی پی تی)، لە سەرەتای ئەمساڵەوە لەلایەن سوپای تورکیاوە زیاتر لە 616 بۆردومان و هێرش بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە و کە بوونەتە هۆی شەهیدبوونی سێ هاووڵاتی و برینداربوونی شەشی دیکەش.
رێکخراوەکە دەڵێت، لە مانگی رابردووشدا سوپای تورکیا زیاتر لە 210 بۆردومان و هێرشی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان و بەراورد بە مانگی ئازار 78% بۆردومانەکان زیادیکردووە.
لە بەڵگەفیلمێکی کەناڵی بی بی سی ئاشکراکرا کە سوپای تورکیا لە چەند ساڵی براردوودا زیاتر لە 130 بنکەی سەربازیی لە هەرێمی کوردستان دروستکردووە و زیاتر لە 120 دانەیان لە 2018ـەوە بنایتنراون.